ڕاپۆرتی گرێ‌پسی: ٨٣ کوژراون و ٢٠٣ ڕفێنراون

بەگوێرەی ناوەندی تۆمارکردنی تاوانی چەتەکانی سەر بە تورکیا لە گرێ‌سپی ٨٣ کەس کوژراون و ٢٠٣ کەس ڕفێنراون.

بەگوێرەی ناوەندی تۆمارکردنی تاوانی چەتەکانی سەر بە تورکیا، لە گرێ‌سپی لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ـەوە ٢٠٣ کەس ڕفێنراون. لەوانە ٧ ژن و ١٢ مناڵ هەن و چارەنووسی ٨٩ کەسیان نادیارە و ٢٦ کەسیان ڕەوانەی زیندانەکانی تورکیا کراون.

هەروەها بەگوێرەی ناوەندەکە لە هێرشەکان و پاش هێرشەکاندا ٧٥ کەس کوژراون و زیاتر لە ٢١٩ کەس برینداربوون، ١٧ کەسیان کەمئەندامن. هەروەها ٨ دانیشتوو کە لە زێدی خۆیان دەرنەچوون یان پاش داگیرکاری گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان، لەسێدارەدراون. هەروەها ١٤٪ی دانیشتووانی گرێ‌سپی پاش داگیرکاری گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لەلایەن چەتەکانەوە هەراسانکراون، هەرچەند زۆربەیان کەسانی بەتەمەنن، بەڵام هەندێکیان ڕفێنراون.

داگیرکەران دەستیان گرتووە بەسەر ٥ هەزار و ١٧١ ماڵ و هەزار ١٨٠ دوکان و شوێنکاردا، لە ٦٤ گوند دانیشتووانەکەیان دەرکردووە. دەستیانگرتووە بەسەر زیاتر لە ملیۆن و نیوێک دۆنم زەویدا.

بەپێی زانیارییەکانی ناوەندەکە، هەزار و ٨٤٩ خێزان لە هەرێمەکانی دیکەی سوریاوە لە ماڵی دانیشتووانی ئاوارەبووی گرێ‌سپی نیشتەجێکراون.

چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەستیان بەسەر زیاتر لە ١٢ کارگەدا گرتووە و کەرەستەکانیان بە تورکیا فرۆشتووە.

هەروەها بەپێی ناوەندەکە، سەربازانی تورک لەسەر سنوورەکانی گرێ‌سپی ١٤ سورییان کوشتووە و ٧٧ کەسیان بریندار کردووە. لەنێو کوژراوەکاندا مناڵ هەن و زۆرینەیان جووتیارن و زەوییەکانیان لەسەر سنوورە.