بۆ پێکهێنانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی بڕیاری گرنگ درا

مەجلیسی دیموکراتیکی گەلانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە چوارچێوەی پێکهێنانی خاڵەکانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی لە یەکەمین دانیشتندا ٧ بڕیاری گرنگی دا.

مەجلیسی دیموکراتیکی گەلان بە بەشداری دەستەی هاوسەرۆکایەتی مەجلیس و ئەندامانی مەجلیسی گەلانی ٧ کانتۆن و ئەندامانی کۆمیتەی فراوانی دانانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی یەکەمین دانیشتنی ئەنجامدا و گفتوگۆی چڕ لەسەر گرێبەستی کۆمەڵایەتی کرا.

لە دانیشتنەکە ٧ بڕیاری گرنگ دران؛ پێویستە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە ٢٠ کەس پێک بێت و لەماوەی ١٠ ڕۆژدا دابمەزرێت، دامەزراندنی کۆمیتەیەک بۆ دانانی یاسای کاری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لەگەڵ مەجلیسی دیموکراتیکی گەلان، کاراکردنەوەی مەجلیسی گەلان، دامەزراندنی کۆمیتەی دادگای گرێبەستی کۆمەڵایەتی لە ٨ بۆ ١٠ کەس پێکدێت و لەماوەی ١٥ ڕۆژ دابمەزرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، یاسای شارەوانییەکان پێش هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەردەچێت، ڕەشنووسی یاسای پاراستنی دادگای گرێبەستی کۆمەڵایەتی ئامادە دەکرێت و دامەزراوەی گشتی دارایی و ژمێریاری لە ١٤ کەس پێکدێت و لەماوەی ١٥ ڕۆژدا دادەمەزرێت، مەجلیسەکانی بەڕێوەبردنی دەستەکان دادەمەزرێت، کۆمیتەی دانانی یاسای دیاریکردنی دەستووری مەجلیسەکان و میکانیزمی کار دادەمەزرێت.