بە دیمەن

'بەردەوام خاوەنداری لە ڕەنجی شەهیدانمان دەکەین'

حەیفا محەمەد، دایکی دەلیل جودی یەکەم شەهیدی یەپەگە لە شاری حەسەکە، وتی: "دەلیل شەهیدی برایەتی گەلان بوو، لە بنەمالەکەماندا ٤ شەهید هەیە. بەردەوام خاوەنداری لە شەهیدەکانمان دەکەین''.

شەهید دەلیل جودی

ساڵی ٢٠١١ هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا، هێرشی چەتە جیاوازەکان بۆ سەر هەموو گوند و شارۆچکە و شارەکان دەستی پێکرد. گەلی ڕۆژئاوا لە پێناو پاراستنی خاکەکەیان تێکۆشانی گەورەیان کرد. بەدەیان هەزار گەنجی ڕۆژئاوا بۆ پاراستنی وڵاتەکەیان گیانیان بەخشی. یەکێک لەوانە دەلیل جودی یەکەم شەهیدی یەپەگەیە لەحەسەکە.

دەلیل جودی، لە تەمەنی منداڵیدا زۆر حەزی لە مۆسیقا بووە و لە ناو دامەزراوە کەلتووری و هونەرییەکانی حەسەکەدا بووە. لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشدا دەچێتە ڕیزی (یەخەکە)وە. دایکی دەلیل جودی، حەیفا محەمەد، سەبارەت بە دەلیل جودی کوڕەکەی، لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد و ڕاگەیاند، دەلیل جودی لە ٩ی نیسانی ٢٠١٣ لە شاری حەسەکە لە شەڕی چەتەکاندا شەهیدا دەبێت و دەچێتە کاروانی نەمرانەوە.

تەنانەت لە منداڵیدا خاوەن هەڵوێست بوو

"ئێمە وەک بنەماڵەیش لە ساڵی ١٩٨٨ــەوە بەشدارین لە تەڤگەری ئازادیی کوردستاندا. شێوازی ژیان، کولتوور و ئەخلاقی بنەماڵە، وەک چۆن منداڵانی ئەو بنەماڵە لە چوارچێوەی هەمان ئەخلاقدا گەورە دەبن گرنگی هەیە. دەلیل هەمیشە لە منداڵانی تر جیاواز بوو. هەمیشە لە قوتابخانە و گەڕەک و لە نێو هاوڕێکانیدا جیاوازییەکەی دەبینرا. شەڕکەر نەبوو، بەڵام قەد ناحەقی قبوڵ نەدەکرد. سەرەڕای ئەوەی گەنج بوو، قەد ناحەقی قبوڵ نەدەکرد. ئەم تایبەتمەندیی و هەڵوێستەی لەگەڵ گەورەبوونیدا زیاتر گەشەی دەکرد. لە پۆلی حەوتەم وازی لە خوێندن هێناوە. سەرەڕای هەموو پێداگرییەکانمان، نەچووەو قوتابخانە. زۆر حەزی لە چالاکی کولتووری و هونەری بوو و بەشداری لە چالاکییە کولتوورییەکان دەکرد. کاتێک شتێکی خۆشدەویست، تا بەدەستی نەهێنایە دەست هەڵگریی نەدەبوو. هەمیشە ئامانجەکانی زۆر گەورە بوون. ساڵانێکی زۆر لە چالاکییە کولتوورییەکان بەشداری کردووە. لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش(یەخەکە)لە ساڵی٢٠١١دامەزرا. دەلیل بەشداری YXK دەبێت. پێی دەگوتین کە خەریکی هەندێک کارم دەبێت و هەندێک جار درەنگ دێمەوە ماڵەوە. هەمیشە پێم دەگوت کە ئێمە ڕێگریت لێناکەین بەڵام پێویستە ئاگاداری خۆت بیت.

لە هەموو لایەک گروپی ٥ کەسی بوو

چەتەکانی جەبهەت ئەلنەسرە هێرشیان دەکردە سەر حەسەکە. شەڕ لە نێوان (یەخەکە) وچەتەکاندا ڕوویدا. لەو کاتەدا تازە بەرە بەرە یەپەگە دادەمەزرا. گروپێکی ٥ کەسیان هەبوو، هاوتەمەن بوون. لە هەموو لایەک گرووپێکیان هەبوون. دەلیل بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە لە پرۆسەی دامەزراندنی یەپەگەدا خەباتی دەکرد. چەک و ڕەختی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژەی دەهێنایەوە ماڵەوە و ئێمەش بە دەستی خۆمان دەماندوورین.

لە بەرامبەر شەڕی نادیار و عەرەبەکاندا، زۆر بەرخۆدانی کرد

لەو هەرێمەی کە ئێستا بە 'شەهید دەلیل' ناسراوە، زۆر شوێن لەلایەن چەتەکانەوە داگیرکرابوو. لەگەڵ هەڤاڵانیدا لەو هەرێمانە تیکۆشانی دەکرد. ڕۆژێک هەڤاڵێکی بە ناوی ڕوستەم بە دەستی چەتەکان بریندار بوو. هێزەکانی ڕژێمی سوریا و چەتەکانی جەبهەت ئەلنەسرە لەو سەردەمەدا دەیانویست لە نێوان کورد و عەرەبدا شەڕ دروست بکەن. هەڵگیرسانی شەڕێکی لەو شێوەیە مەترسییەکی گەورەی لە سەر داهاتووی شۆڕش دەبوو. بەوهۆیەوە ڕێکخستن نەیدەویست شەڕێکی لەو شێوەیە سەر هەڵبدات بەڵکوو هەوڵی دروستکردنی یەکێتی نێوان کورد و عەرەبی دەدا، هەتا یەکەیەکی دروست بکات کە کورد و عەرەب پێکەوە ناوچەکە بپارێزن. هەوڵ دەدرا بە هەموو گەلانی هەرێمەکە بڵێت کە تێکۆشان بۆ هەمووان دەکرێت. بەڵام کەسانێک هەبوون بەردەوام پێچەوانە کاریان دەکرد. هەندێ گرووپی سەربە ڕژیم و چەتەکانی وەک جەبهەت ئەلنەسرە، بەردەوام دەیانویست لە نێوان گەلانی هەرێمەکە ئاژاوەگێڕی دروست بکەن.

لە کاتی کۆبوونەوەکاندا هێرش دەکرێتە سەریان

بۆ ڕاگرتنی ئەو یارییە گڵاوانە کۆبوونەوە ئەنجام دەدرا. دەلیل لە گروپی کۆبوونەوەکەدا بوو. لەکاتی کۆبوونەوەکەدا بەشێک لە چەتەکان ڕێگاکە دەگرن و بەشێکیشیان لە شوێنی جیاواز خۆیان حەشاردا بوو و دەیانویست ململانێ دروست ببێت. لە کاتی کۆبوونەوەکەدا ئۆتۆمبێلێک ڕادەگرن و تەقەیان لێدەکەن و دەلیل لەو ئۆتۆمبێلەدا بوو و شەڕەکە بەم شێوەیە دەستی پێدەکات. لەو شەڕەدا دەلیلی کوڕم شەهید بوو و کوڕە گەورەکەشم بە بارمتە گیرا. من نەمدەزانی دەلیل شەهید بووە، کوڕە گەورەکەم تەلەفۆنی بۆ کردم و وتی کە بە بارمتە گیراوە و بۆ ئەوەی ئازاد بکرێت دەبێت شەڕ ڕابگیردرێت. شەڕەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت، لەبەر ئەوەی دەلیل شەهید بوو و هەڤاڵانی نەیاندەویست شەڕ ڕابگرن. هەڤاڵان هەوڵیان دەدا شەڕەکە ڕابگرن بەڵام شەڕڤانان قەناعەتیان پێنەدەکرا. دوای وەستانی شەڕ، کوڕە گەورەکەم ئازاد کرا. کاتێک هێنایانەوە ماڵەوە، ئەوکات زانیم دەلیلی کوڕم شەهید بووە.

بوو بە هێمای خوشک و برایەتی گەلان

لە کاتی پرسەی دەلیلدا خێمەیەکی سەرخۆشی زۆر گەورە دانرا. هەموو ئەندامانی حەسەکە سەردانی پرسەی دەلیل-یان کرد. ڕایانگەیاند، بە شەهیدبوونی دەلیل، خوشک و برایەتی گەلان لە هەرێمەکەدا ڕادەگەیەنن. دوای ئەوە ناوی دەلیل لەگەڵ خوشک و برایەتی گەلان بەردەوان بەبیر هێنرایەوە. بە شەهیدبوونی دەلیل، یەکێتی بەهێز لە نێوان گەلانی هەرێمەکە دامەزرا و خوشک و برایەتی گەلان پەرەی سەند. دوای ئەو شەڕە ئیتر شەڕ لە نێوان کورد و عەرەبدا نەما. یەکەم و کۆتا شەڕ بوو. دواتر گەنجانی عەرەبیش چوونە ناو تیکۆشان و لە شۆڕشدا بەشدار بوون و ئێستا بەدەیان شەهیدیان هەیە. دەلیل جودی ئەمڕۆ لەو ناوچەیە بە شەهیدی خوشک و برایەتی گەلان دەناسرێت.

ئەمە خاکی پیرۆزی ئێمەیە

هەڤاڵانی دەلیل دەیانویست لە چالاکییە کولتووریەکاندا بمێنێتەوە، بەڵام ئەو پێداگری لەسەر تیکۆشانی سەربازی بوو، دەیگوت ئێستا بواری سەربازت پێویستە. دەلیل لە ڕۆژی لەدایک بوونی رێبەر ئاپۆدا گۆرانی و سازی دەژەند. هەموو ساڵێک لە ٤ی نیسان یادی لەدایکبوونی سەرۆکمان دەکردەوە و ئێستا هەموو ساڵێ لە ٩ی نیسان یادی شەهید دەلیل دەکەینەوە. ئێمە ئەم بوێری و مۆڕاڵە لە ڕێبەر ئاپۆ وەردەگرین.بەسایەی ڕێبەرایەتییەوە فێربووین کە بە بەدیلی گرانەوە خاکەکەمان بپارێزین. ئەمە خاکی پیرۆزی ئێمەیە. ڕێبەرایەتیمان دەڵێت؛ "پێویستە بۆ پاراستنی خاک و ئازادی خۆتان ڕەنجی بەرفراوان بدرێت" ڕەنج چییە؟ ئەو منداڵانەن کە بۆ تێکۆشانی ئازادی خۆمان بە خاکمان سپارد. گەریلا چیا ئازادەکانی کوردستانن.

دەبێت ببینە لایەقی شەهیدان و ڕێبەرایەتیمان

ئێمە بەر لەم شۆڕشە لە خوێن و گیانمان سوپایەکمان بنیات ناوە. ئەم شۆڕش و تێکۆشانە وەها بە ئاسانی لە ماوەی چەند ساڵێکدا ڕووی نەداوە. بە ڕەنج و تێکۆشانی گەورە و پیرۆز دامەزراوە. هەروەها ئەم ڕەنج و تێکۆشانە تەنیا بۆ گەلێک نەبوو، بۆ مرۆڤایەتی بۆ هەموو گەلانی بندەست دروستکراوە. هیوادارم لە چوارچێوەی بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەرایەتیدا بژین و درێژە بە تێکۆشانی خۆمان بدەین. لە بنەماڵەکەمدا ٤ شەهیدمان هەیە. بەردەوام خاوەنداری لە شەهیدەکانمانەوە دەکەین. ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام هێز و باوەڕی بە ژنان بەخشی. هیوادارم ببینە لایەقی باوەڕی ڕێبەر ئاپۆ و لەسەر هێڵی شەهیدانمان بین. چونکوو ئێمە خاوەن میراتێکی گەورە و پیرۆزین."