چالاکییەکان دژی هێرشە داگیرکارییەکان بەردەوامە

لە ڕەقە و تەبقە و دەیرەزۆر و کۆبانێ و مەنبەج و حەلەب هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەرمەزارکران.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ناوەند خزمەتگوزارییەکان و وێستگەی سوتەمەنی دەکاتە ئامانج، بەم بۆنەیەوە، لە ڕەقە و تەبقە و دەیرەزۆر و کۆبانێ و مەنبەج و حەلەب لەڕێگەی چالاکییەکانی ناڕەزایەتییەوە هێرشەکان شەرمەزارکران.

ڕەقە

لە ڕەقە ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، گەلی هەرێمەکە ئامانجەکانی دەوڵەتی تورک و هێرشەکانی دەزانن، ئەویش دژایەتی پرۆژەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک و تێکدانی ئاسایش و لێدانە لە ژنان و گەنجان، هەروەها نانەوەی ئاژاوەی ئیتنیکی و مەزهەبی و زیندووکردنەوەی داعشە.

هەروەها کۆمیتەی ئابووری و کشتوکاڵی کانتۆنی ڕەقە ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە. هێرشەکان بە توندی شەرمەزارکران، ئاماژە بەوە کرا  دەوڵەتی داگیرکەری تورک کۆگای گەنمی لە کۆبانێ و دامەزراوەی هەڵگرتنی تۆو و وێستگەی کارەبا و شوێنی ستراتیژی کردۆتە ئامانج.

دەیرەزۆر

بەهەمانشێوە لە دەیرزۆر ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکرایەوە، پاش شکستی سیاسەتی دوژمنکارانە، ئێستە دەوڵەتی تورک هێرشی قڕکردن دژی هەرێمەکە ئەنجام دەدات. دووپاتکرایەوە، ئامانجی دەوڵەتی تورک برسیکردنی خەڵک و خوڵقاندنی قەیرانی ئابوورییە.

بۆ هەمان مەبەست ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەیرەزۆر ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە.

ئاماژە بەوەکرا، ئامانجی ئەم هێرشانە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمەکە و ئاستەنگکردنی هەوڵەکانی قەسەدەیە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان.

بەهەمانشێوە مەجلیسی هەرێمی ڕۆژئاوای دەیرەزۆر ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە.

تەبقە

لە تەبقە ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە. دووپاتکرایەوە ئەم هێرشانە بەڕوونی پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانە و دەچنە خانەی تاوانی شەڕ و مرۆڤایەتییەوە.

هەروەها هێرشەکان شەرمەزارکران و داوا لە جڤاتی نێونەتەوەیی و ڕێکخراوە نیونەتەوەییەکان کرا کۆتایی بە هێرشەکان بهێنن.

کۆبانێ

هەروەها لە کۆبانێ ڕێپێوانێک ئەنجامدرا.

لەوێ هاوسەرۆکی مەجلیسی شاری کۆبانێ، مستەفا عەتۆ بێدەنگی هێزە نێونەتەوەییەکانی شەرمەزارکرد و گوتی: "ئێمەش بە دەوڵەتی تورک دەڵێین، وەک چۆن چەتەکانمان لەناوبرد، ئێوەش لەناودەبەین".

مەنبەج

لە مەنبەج ڕێپێوانێک ئەنجامدرا.

لەوێ گوترا: "دەوڵەتی تورک دەیەوێت بە گۆشەگیری سەر ڕێبەرێتی فیکری وی لەسەر گەلان سنوردار بکات، بەڵام پێچەوانەکەی دەرکەوت. گەلان لە هەموو لایەک بۆ ئازادی وی تێدەکۆشن".

هەروەها دووپاتکرایەوە ئیرادەی گەل بەرامبەر هێرشەکان ناشکێت.

حەلەب

دەربارەی هەمان پرس لە حەلەب ڕێپێوان ئەنجامدرا.

لەوێ هاوسەرۆکی مەجلیسی ئابووری سەڵاح محەمەد گوتی: "لەبەرئەوەی دەوڵەتی تورک بەرامبەر تەڤگەری ئازادی کوردستان شکستی هێناوە، لەبەرچاوی جیهان کۆمەڵکوژی دژی کوردان ئەنجام دەدات".