دیسانەوە دەوڵەتی تورک زەوییە کشتوکاڵییەکانی ڕۆژئاوا دەسووتێنێت

دەوڵەتی داگیرکەری تورک گوندەکانی ئوم حوش و مینغ و ڕادار و دەوروبەری گوندی حەلیسەی شەهبای تۆپباران کرد. لە ئەنجامدا زەوییەک سووتا.

دوێنێ شەو دەوڵەتی داگیرکەری تورک گوندەکانی ئوم حوش و مینغ و ڕادار و دەوروبەری گوندی حەلیسەی سەر بە شەهبای تۆپباران کرد. گولەتۆپێک لەنێو گوندی ئوم حوش کەوتۆتە خوارەوە و هێشتا نەتەقیوەتەوە. لە ئەنجامی تۆپبارانەکەدا زەوی کشتوکاڵی هاوڵاتیەک سووتا.

لەم بارەیەوە گوندنشینانی ئوم حوش بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار (ئانها) دوان.

هاوڵاتییەک بە ناوی زەکەریا جەمۆ ڕایگەیاند دوێنێ شەو تەواوی گوندەواری شەهبا تۆپباران کراون.

محەمەد محەمد ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک و چەتەکانی گوندی ئوم حوشیان تۆپباران کردووە و ئەم هێرشەش ترس و دڵەڕواکێی لای گوندنشینان دروست کردووە.

زەکەریا جەمۆ دووپاتی کردەوە، گولەتۆپێک لەبەردەم ماڵەکەیدا کەوتۆتەخوار و نەتەقیوەتەوە. هەروەها لە تۆپبارانەکەی دوێنێدا لەسەر هێڵی سنوور، زەوییەک سووتاوە.

هەروەها مناڵێک بە ناوی محەمەد عوسمان گوتی، لە تۆپبارانەکەی دوێنێ شەو مناڵان زۆر ترساون، داوای کرد هێرشەکان بوەستێنرێن.

هەروەها گوندنشینێک بە ناوی یوسف حەداد گوتی: "ئێمە لێرە جۆ و گەنممان چاندووە، بەڵام تۆپبارانەکانی ڕۆژانەی دەوڵەتی تورک بۆتە مایەی مەترسی لەسەرمان. هەروەها بەهۆی تۆپبارانی دەوڵەتی تورکەوە زەویەکانمان سووتاوە، چوونە سەر زەوییەکانمان مەترسیدارە".