شۆڕش ئەدەبیاتی خۆی دەئافرێنێت

وتەبێژی دیوانی ئەدەبی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نەریمان ئەڤدک ئاماژەی بەوەدا شۆڕشی ڕۆژئاوا هێشتا گەنجە و وتی: "ئەدەبیاتی ڕاستەقینەی ئەم شۆڕشە دەردەکەوێت."

وێژە و ئەدەب لە ڕۆژئاوا

وتەبێژی دیوانی ئەدەبی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نەریمان ئەڤدک دەربارەی کاری  ئەدەبی، زۆری و زەحمەتییەکان و ئافراندنی ئەدەبی کوردی شۆڕش بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و باسی لەوەکرد کاتێک باس لە ئەدەبی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکرێت نابێت لە قۆناغەکانی ئەدەبیاتی پێشوو دایببڕین، چوونکە بەرهەمەکانی ئەدەبی کوردی تەنها لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوادا دەستیپێنەکردووە، پێشتریش نوسەر و شاعیرمان هەبووە کاری گەورەیان لەو بوارەدا کردووە و زەمینەیەکی گرنگیان بۆ ڕەخساندووین.

دیوانی ئەدەبی هەڵگری بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە

نەریمان ئەڤدک باسی لەوەکرد شۆڕشی ڕۆژئاوا بارودۆخەکەی گۆڕی، دەرفەتی نوێ هاتە ئاراوە، چەندین دەستکەوت بەدەستخران لە بواری ئەدەبیاتدا و وتی: "پێشتریش نوسەر و شاعیرمان هەبووە و کاری نایابییان کردووە، بۆیە دەڵێم بنەڕەتێک هەیە و لەپێش شۆڕشەوە میراتێکی ئەدەبی هەیە. لەدوای شۆڕشەوە نەوەیەکی نوێ دەرکەوتن و ئەم نەوەیەش خاوەنی هونەر و دانایین. بۆیە گرنگە لێکترکۆببینەوە بەرهەمی نوێ بئافرێنین. لە ڕاستیدا ئەدەبی کوردی لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەدایە. چاپخانەمان هەیە، گۆڤارمان هەیە و فیستیڤاڵی ئەدەبی ئەنجام دەدرێت و بەرهەمە کوردییەکان زۆر بەئاسانی دەتوانرێت چاپ و بڵاوبکرێتەوە. بێگوومان هەموو ئەمانەش بۆ ئێمە گرنگ و سەنگینەی زۆری هەیە. هەرچەندە ناکۆکی نێوانی نەوەی نوێ و ئەوانەی پێشوودا هەیە. هەم لە ڕووی ناوەڕۆک و هەم لەڕووی جۆری بەرهەمەکەوە گۆڕانی زۆر دروستبووە. بۆیە بە کاریگەری شۆڕش گۆڕانیش بەسەر ئەدەبی کوردیدا دێت و هاتووە. بۆیە ناتوانین بڵێین لە ڕۆژئاوادا ئەدەبیاتی شۆڕش بوونی نیە، هەیە بەڵام بەداخەوە هێشتا کەموکوڕی تێدایە. بەرهەمێکی ئەدەبی ئەوتۆمان نیە کە مێژووی ئەم شۆڕشەی لەخۆ گرتبێت و بەتەواوی وەک کارێکی ئەدەبی ئافراندنی کردبێت. لێرە و لەوێ بەرهەمانێک هەن بەڵام هێشتا لە ئاست گەورەیی ئەم شۆڕشەدا نیە."

کێشەی بنەڕەتی نەبوونی ڕەخنەگرانە

نەریمان ئەڤدک ئەوەیی دیاریکرد یەكێک لە کێشە بنەڕەتییەکان لە ڕۆژئاوادا نەبوونی ڕەخنەگرانی بەهێزی ئەدەبییە کە توانیبێتان ڕەخنەسازی بەرهەمە کوردییەکان بکەن و هەڵیانسەنگێن و وتی: "بۆ ئەو بەرهەمانەی کە ئافرێندراون تا ئێستا هەڵسەنگاندێک نیە. ڕۆڵ  و نزیکایەتییەکی ئەوتۆ نیە کە ڕەخنەدانی بەرهەمە کوردییەکان بکات و هەڵیانسەنگێنێت. بۆیە کێشەی بنەڕەتییمان نەبوونی ڕەخنەگری ئەدەبییە."