بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فرات: پێویستە سی پی تی بە ئەرکی خۆی هەستێت

بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فرات پەیوەست بە گۆشەگیرکردنی ڕیبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەیاننامەیەکییان خوێندەوە و ئەوەیان دیاریکرد پێویستە سی پی تی بە ئەرکی خۆی هەستێت.

پەیوەست بە گۆشەگیری سەختی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فرات ڕاگەیاندراوێکییان دا و پەیامی ئەوەیان دا هەتا کۆتایی خاوەنداری لە ڕێبەرێتی دەکەین.

ڕاگەیاندراوەکە لە پێش ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدای کانتۆنی فرات لە لایەن ئەندامی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فرات دەریا محەمەدەوە خوێندرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن و هاتووە: "گۆشەگیری سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان نایاساییە و ڕیبەر ئۆجالان نمایندەنی ئیرادەی گەلی کوردە. پێویستە گەلانی ئازادی جیهان بۆ ڕزگارکردنی ڕێبەرێتی لە ئیمراڵی، هەڵوێستیان بنوێنن."

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ڕێبەری گەلی کورد کە بە تەنها کەسایەتییەکی سیاسی گەلی کورد نیە، بەڵکو ئەفسانەیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزی و شەڕە لە هەرێمەکەدا. لەبەر ئەمەیە دامەزراوەی سی پی تی ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات و گەلی کوردی فریووداوە و گوێ بە ڕێگرییەکان لە پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان نادات کە ناتوانن سەردانی ڕێبەر بکەن. وێڕای ئەوەی گەلی کورد هیوایی خۆی بەم دامەزراوەیەوە گرێدا، بەڵام سی پی تی لە پێوەرەکانی خۆی شکستی هێناوە."

لە کۆتاییدا بانگەوازییان لە هەموو ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگای نێونەتەوەی کرد و وتییان: "بەشداری ئەم کامپینە ببن تاکو کۆتایی بە گۆشەگیری نامرۆڤایەتی و نایاسایی لەسەر ڕێبەر ئۆجالان بهێنرێت و بۆئەوەش بە ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی خۆیان هەستن."