چەتەکانی داعش ٨ سەربازی حکومەتی دیمەشقیان کوشت

ڕاگەیاندرا چەتەکانی داعش لە دەیرەزۆر بۆسەیان بۆ سەربازی حکومەتی دیمەشق داناوە و ٨ سەربازیان کوشتووە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ (سۆهر) ڕایگەیاند چەتەکانی داعش ٨ سەربازی فیرقەی ١١ ی حکومەتی دیمەشقیان کوشتووە و یەکێکیان ئەفسەرە. ئەم سەربازانە لە ٢٦ ی ئادار لە ناوچەی کەباجبەوە بەرەو ناوچەی سوغنەی دەیرەزۆر دەچوون، لەوکاتەوە هەواڵیان نەماوە.

بەگوێرەی سۆهر، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ ـەوە لە ١٠٠ هێرشی چەتەکانی داعش لە دەشتاییەکانی دەیرەزۆر و ڕەقە و حەلەب و حەما و حمس ٢٧٣ کەس کوژراون، لەوانە ٣٧ کەسی مەدەنی و مناڵ، ٢٠٤ سەربازی حکومەتی دیمەشق و گرووپە لایەنگرەکانیان هەن. هەروەها ٢٤ چەتەی داعش بە دەستی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق کوژراون.