هێرشە داگیرکارییەکان گەل ناچار بە کۆچکردن دەکات

دوای ئەوەی عەفرین، گرێ سپی و سەریکانی لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە داگیرکرا، زیاتر لە ٧٠٠ هەزار کەس ناچاربوون کۆچبکەن.

لەم ساڵانەی دوایدا لە سوریا و بە تایبەت لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆچکردن زۆربووە، ئەمە کاریگەری خراپی لە سەر دانیشتوان دروستکردوە و بووە بە هۆکاری گۆڕانی دیمۆگرافیا.

بە گوێرەی ڕێکخراوی کۆچبەرانی نێونەتەوەیی، لە حوزەیرانی ٢٠١٩ەوە نزیکەی ٢٧٢ ملیۆن کەس بە خۆویستانە کۆچیانکردوە. نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆچی کرێکاران بوو.

بە گوێرەیی ئامارەکانی یوئێن ئێچ ئاڕ لە جیهاندا ژمارەیی هەرە زۆری کۆچبەران لە گەلانی سوریادایە، کە ٦ ملیۆن و نیو سوری بوون بە پەنابەر. گەلی ئەڤغانستان و ئۆکرانیاش نزیکەیی ٥ لیۆن و ٧٠٠ هەزار، لە پلەیی دووەمدایە.

باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا

بە هۆکاری شەڕی سوریا کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە بەردەوامە، شەپۆلی کۆچبەران کاریگەی لە گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کردوە. قەیرانەکانی سوریا بووەتە هۆکاری گۆڕینی دیمۆگرافیا و مەترسی دروستکردوە. بۆیە ئەوەی بە ملیۆنان مرۆڤ بوون بە کۆچبەر و پەنابەر. ڕێکخراوی کۆچبەرانی نێونەتەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی ئاشکراکرد لە ساڵی ٢٠٢١دا ٥ ملیۆن و ٥٠٠هەزار کەس بە هۆیی ترس، نا ئومێدی، هۆکاری سیاسی و ئابووریەوە کۆچیان کردووە. هەروەها بە هۆیی جەنگ و دەرکەوتنی ڕێکخراوی تیرۆرستی 'داعش' و داگیرکارییەکانی دەوەڵەتی تورکی داگیرکەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس کۆچیان کردووە. جگە لەم هۆکارانەش هێزە نێونەتەوەیەکان و ناوخۆییەکان لە سەر بنەمایی بەرژەوەندی خۆیان، یارمەتیدەر و هۆکاریی کۆچکردن بوون.

هێرش و گەمارۆ

پشکی داعش، تورکیا و چەتاکانی لە هۆکارەکانی کۆچکردن زۆرە. داعش، تورکیا و چەتەکانی بوون بە هۆکاریی قوڵبوونەوەی زیاتری قەیرانەکانی سوریا و توندڕەوەی ئاینی و نەتەوەپەرستی و نادادپەروەرییان زیاتر بڵاوکردۆتەوە، ئەمەش کۆچکردنی زیاترکردوە. هەروەها وشکە ساڵی ئەم چەندساڵەیی دوایی، هۆکارێکی تری زیادبوونی کۆچکردنە. تورکیا ڕێژەی ئاویی ڕوباری فوراتی کەمکردۆتەوە، ئەمەش وایکردوە وێستگەیی ئەلۆکی لە کارکردن بوەستێت.  بە گوێرەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، زیاتر لە ٤٦٠ هەزار کەس بێ ئاویی خواردنەوە بوون. هەروەها بەپێی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ڕۆژئاوا (NRLS) لە ساڵی ٢٠١٦دا کێشەکانی ئاسایش و ئابووری هۆکارێکی سەرەکی بوون لە زیاتر بوونی کۆچکردندا. بەپێی ئامارەکانی بەرنامەیی خۆراکی جیهانی (WFP) لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە سەدا ٩٠ی لە سنوری برسی بووندان و لە ئاسایشی خۆراک بێ بەشن. هەروەها بە پێی ڕاپرسیەکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ڕۆژئاوا (NRLS) لە وەڵامی 'ئایە پشتگیری لە کۆچکردن بەرەو دەرەوەی وڵات دەکەیت؟' ٨٦ لە سەدایی وەڵامەکان بە 'نەخێر'بوون.

بە کەوانەی عەرەبی دەستیپێکرد و بەردەوامە

ڕژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٦٠دا دەستی بە جێبەجێکردنی پلانی کۆچبەریکرد. زیاتر لە ٤ هەزار عەرەبی لە ڕەقە و دەوربەری، لە ناوچە کوردنشینەکان جێگیرکرد و زیاتر لە ٧٠٠ هەزار دۆنم زەوی کوردانی پێبەخشین. لە ٥ی کانوونی دووەمی ١٩٦٢دا لە دۆخی نائاساییدا، ١٥٠ هەزار کورد بەبێ ناسنامەی سوری کران. بەم شێوەیە ١٥٠ هەزار کورد لە سوریا، بێبەشکران لە سودی دام و دەزگان و بەشداریکردن لە هەڵبژاردن. وە نەیاندەتوانی خاوەنداری زەوی و زار بکەن و بە زمانی خۆیان بدوێن. بەشێکی زۆر لە مافەکانینان لێوەرگیرایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان و خاچی سوور زیاتر لە ٨٠٠ هەزار کەس سەرچاوەی بژێویی ژیانیان لەدەست داوە، بۆیە ژمارەیەکی زۆری کوردان ناچاربوون کۆچی شارەکانی تری سوریا و دەروەی وڵات بکەن.

لەوکاتەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ساڵی ٢٠١٨دا عەفرینی داگیرکرد، زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس کۆچیانکرد. هەروەها لەو کاتەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە ساڵی ٢٠١٩دا سەریکانی و گرێ سپی داگیرکرد، بە پێی کۆمیسۆنی باڵایی کاروباری کۆچبەری نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە ١٨٠ هەزار کەس کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون کۆچیانکردوە. دوای داگیرکردنی ئەو ناوچانە بە هۆکاریی گوشارکردنی زۆر، ئەم ژمارەیە زیادیکردوە بۆ نزیکەیی ٤٠٠ هەزارکەس.

سبەی: د. ئەبیر حەساف، هەڵسەنگاندی بۆ دۆخی کۆچبەری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد.