لە چالاکییەکانی منبج و تل تەمر: ١٤ سەربازی تورک و چەتەکانی کوژران

هێزەکانی قەسەدە ڕایگەیاند کە لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک چالاکییان ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا ١٤ سەربازی تورک و چەتەکانی کوژراون و ١٠ سەربازیش بریندار بوون.

ناوەندی ڕاگەیاندنەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ماڵپەری فەرمی خۆی بڵاویکردەوە، هێزەکانیان لە دژی سەنگەرەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە ناوچە داگیرکراوەکان چالاکییان ئەنجامداوە.

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا، دەڵێت:"لە چوارچێوەی مافی پاراستنی ڕەوادا و وەڵامدانەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هێزەکانمان چەندین چالاکییان دژی داگیرکەران ئەنجامداوە. لە چالاکییەکاندا، ناوەند و بنکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی و چەتەکانی لە زۆر شوێنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کراونەتە ئامانج.

ڕۆژی ٢٧ی کانوونی یەکەم سەعات ١١:٠٠ی بەیانی هێزەکانمان لە گوندی عەزیزیە لە شارۆچکەی تل تەمر دژی بنکەیەکی دەوڵەتی داگیرکەری تورک چالاکییان ئەنجامدا. بەپێی ئەو زانیارییانەی هێزەکانمان پشتڕاستیان کردۆتەوە، لە ئەنجامی چالاکییەکەدا 8 سەربازی سوپای تورک کوژراون و 4 سەربازیش برینداربوون.

لەهەمان ڕۆژەدا ئەنجومەنی سەربازی منبج بنکەیەکی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری لە گوندی چەتەل لە نزیک گوندی سەیادە لە باکووری منبج بۆردومان کرد. لە ئەنجامدا ٤ چەتەی دەوڵەتی تورک کوژران و ٤ سەربازیش بریندار بوون و له گوندی مەحسەنلی له باکوری شاری منبج بنکەیەکی چەتەکانی تورکی داگیرکەریان کرده ئامانج و لە ئەنجامدا ٢ چەتە کوژران و ٢ کەسیش بریندار بوون".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ناوەندەکە، لە سەرجەم ئەو چالاکییانەدا ١٤ سەربازی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی کوژراون و ١٠ سەربازیش برینداربوون.