لە دێرک و مەنبەج بۆ ٢ شەهید پرسە دانرا

لە دێرک بۆ شەهید ئەیاز عەبدوڵا و لە مەنبەج بۆ شەهید جوان کۆبانێ پرسە دانرا.

سەدان دانیشتووی شار و گوندەکانی مەنبەج سەرەخۆشیان لە بنەماڵەی شەهید جوان کۆبانێ (عاکیف ئەل ئەحمەد) کرد.

یەک لە فەرماندەکانی مەجلیسی سەربازی مەنبەج، محەمەد ئەلعەلی، لە مەراسیمەکەدا گوتی، شەهیدان مەشخەڵی ڕووناککردنەوەی ڕێگەی گەلانن.

جێگری هاوسەرۆکایەتی مەجلیسی بەڕێوەبەری ئیدارەی مەدەنی دیموکراتیکی مەنبەج و گوندەوارەکەی، جومعە حەیدەر ڕایگەیاند، شەهیدان لەڕێگەی پاراستنی وڵات و ڕێگەی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک گیانی خۆیان فیدا کردووە.

خەڵکی شاری دێرک و گوندەکانی دەوروبەری، ڕێکخراو و دامەزراوە و کەسێتییەکان، بەشداربوون لە مەراسیمی سەرەخۆشی ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، شەهید ئەیاز عەبدوڵا بوون کە ڕۆژی دوو شەممە لەکاتی ئەرکی ئەمنیدا شەهید بوو.

ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، عەتیە مەحمود، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید و هەڤاڵەکانی کرد، بەڵێنی درێژەدان بە ڕێگەی شەهیدانی دووپات کردەوە.

هاوسەرۆکی دەستەی ناوخۆی هەرێمی جەزیرە، کەنعان بەرەکات، باسی لە پێویستی بەرزکردنەوەی تێکۆشان و بەرخۆدان کرد بەرامبەر هێرش و پیلانەکانی قڕکردن.

لەلایەکی ترەوە، ئەندامی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک، مەعسوم دەرشیوی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید کرد و گوتی شەهید نامرن.

مەراسیمەکە بە درووشمی "شەهید نامرن" کۆتایی هات.