لە عەفرین سێ کەسی دیکە رفێندران

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین رایگەیاند کە لە ناوچەکانی عەفرین سێ کەسی دیکە کە یەکێکیان خاوەنپێداویستی تایبەتە رفێندراون.

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین رایگەیاند، کە دەوڵەتی تورک کە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە عەفرینی داگیرکردووە، بەردەوامە لە رفاندنی کەسانی مەدەنی.

رێکخراوەکە ئاشکرای کرد کە هێزی میلیشیایی بەناو 'پۆلیسی سەربازی' کە سەر بە هەواڵگریی تورک (میت)ە لە ١٧ی کانونی دووەمدا  لە گوندی مەتینای ناوچەی شەرای عەفرین لامان رەشید سەیدۆی تەمەن ٣٥ ساڵی رفاندووە.

لە راگەیەندراوەکە هەروەها هاتووە کە ٢٤ی کانوونی دووەم لە گوندی خەڵاتی ناوچەی جندرێسیش کەمئەندامێک بە ناوی شێخ مەنان گرۆ تەمەن ٣٤ ساڵ لەگەڵ هاوسەرەکەی رفێندراوە.

ناوەندی تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانیش رایگەیاندبوو کە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە مانگی کانونی دووەمدا لە کانتۆنی عەفرین ٣٢ کەسیان رفاندووە. لەگەڵ ئەم سێ کەسە ژمارەی رفێندراوەکان بۆ ٣٥ کەس بەرزبووەتەوە.

هـ . ب