لە قامیشلۆ بەبۆنەی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە ئاهەنگێک سازدرا

بەبۆنەی ١٢٦ هەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە، یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد ئاهەنگێک سازدا.

بەبۆنەی ١٢٦ هەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە، یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد ئاهەنگێک سازدا. ڕۆژنامەوانانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەشداری ئاهەنگەکە بوون و وێنەی شەهیدانی خەباتی چاپەمەنی ئازاد لە هۆڵەکەدا هەڵواسرا.

پاش ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان، لەسەر ناوی یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد، دلیار جزیر تیشکی خستەسەر ڕەنج و بەرخۆدانی شەهیدانی چاپەمەنی ئازاد و هەموو شەهیدانی ئازادی بیرهێنایەوە و گوتی: "لەسایەی تێکۆشانی شەهیدان گەیشتینە سەرکەوتن. بە قوربانیدان و ڕەنجێکی مەزن چاپەمەنی ئازاد گەیشتە ئەم ئاستە. ئەم ڕۆژە لە هەموو خەباتکارانی چاپەمەنی ئازاد پیرۆز دەکەین".

هاوسەرۆکی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا جوان مەلا ئیبراهیم قسەی کرد و شەهیدانی چاپەمەنی ئازادی بیرهێنایەوە.

پاشان گرووپی یەکپار و هونەرمەند بێریڤان بۆتان چوونە سەر شانۆ و گۆرانیان پێشکەش کرد.

پاشان خەڵات بەخشرا بە کارمەندی ڕۆژنیوز سلێمان ئەحمەد کە ١٨١ ڕۆژە لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە ڕفێنراوە، هەروەها کارمەندی ڕوناهی تیڤی جوانە جومعە، کارمەندی ڕۆژئاڤا تیڤی شەریف محەمەد، کارمەندی ڕادیۆی سیتار ئێف ئێم هەیام عەبدوڵا، کارمەندی ڕۆژنامەی ڕوناهی بێریڤان خەلیل، کارمەندی ژن تیڤی دەلیلە عەگید، کارمەندی ڕۆژنامەی ئەهرامی عەرەبی ئیلهامی بیرێجی.

ئاهەنگەکە بە گۆرانییەکانی گرووپی جودی کۆتاییهات.