مریەم ئیبراهیم: هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەبێتە هۆی بەهێزبوونەوەی داعش

هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری کۆمەڵگایی بەڕێوەبەری خۆسەر مریەم ئیبراهیم، ئاماژەی بەوەکرد هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەبێتە هۆکاری ئەوەی داعش زیندوبێتەوە بەتایبەت لە کامپ هۆڵێ، ئەمەش بۆ تەواوی مرۆڤایەتی شتێکی ترسناکە.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەرێمەکانی نزیک کامپەکان بە ئامانج دەگرێت، ئەو کامپانەش وەک ترسناکترین کامپەکانی جیهان دەبینرێن. چونکە لە کامپانەدا هەزاران بنەماڵەی داعشەکانی تێدایە. بە هۆکاری هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە هەزاران کەس لە کامپانەدا خۆیان بۆ هەڵهاتن ئامادەکردوە. ئەمەش بەو واتایە دێت ترس لەسەر تەواوی جیهان دروستبێت.

سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری کۆمەڵگایی بەڕێوەبەری خۆسەر مەریەم ئیبراهیم وتی: "لە ئەنجامی هێرشەکاندا زۆرینەی ژنان و منداڵان دەبنە قوربانی. ناوەندەکانی خزمەتگوزاری پەرەوەردە و تەندروستی دەکرێنە ئامانج، ئەمەش ڕێگە لەبەردەم کارەساتێکی گەورەی کۆمەڵگا دەکاتەوە. مافی مرۆڤ و ئاسایش پێشێل دەکرێت".

'بە ئامانج گرتنی کامپەکان، مەترسیەکی گەورە دروست دەکات'

مەریەم ئیبراهیم لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: " هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک مەترسیەکی گەورە لەسەر کامپەکان دروستەکات، بەتایبەتی کامپی هۆڵی. چونکە ئەم هێرشانە مۆراڵ و ورە دەدات بە بنەماڵە داعشەکانی کامپی هۆڵێ کە بیر لە هەڵهاتن بکەنەوە. کامپی هۆڵێ نەک لەسەر ئاستی سوریا بەڵکو لەسەر ئاستی جیهان هەڕەشەیە. بنەماڵە داعشەکانی ناو کامپی هۆڵی ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورک وەک ڕێگەیەکی دەربازبوون دەبینین، ئەمەش بۆ تەواوی مرۆڤایەتی هەڕەشەیەکی گەورەیە".