پێنج کەس لە پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا پێچ هاووڵاتی و چالاکوانی ئایینی کورد لە شاری پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون.

بە گوێرەی هەواڵێکی تۆری مافەکانی مرۆڤی کوردستان رۆژی دوو شەممە ٦ی ئایار سومەیە قادری خەڵکی گوندی گەزگسک، محەمەد سوڵتانی خەڵکی گوندی خورنج، محەمەد مورادی خەڵکی گوندی بیکوسی پیرانشار بە بێ خستنەڕوو فەرمانی گرتن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون.

هاوکات هاووڵاتیەکی دیکە بە ناوی حسێن بایەزیدیش لەماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە.

لە رۆژانی رابردووشدا ئەندامێکی مەکتەب قورئان بە ناوی هادی یوسفپور لە میانی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر و گواسترایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تائێستا هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی راگرتنی ئەو کەسانە نازانرێت.

هـ . ب