حاتەم ئۆزدەمیر جارێکی دیکە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرایەوە

حاتەم ئۆزدەمیر زیندانی سیاسی کوردی خەڵکی باکووری کوردستان کە پێشتر سزای لەسێدارەدانەکەی لە دیوانی باڵای دادوەری ئێران رەتکرابووەوە، جارێکی دیکە لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامی لە ورمێ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرایەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لە ٢٣ی نیسانی ئەمساڵدا جارێکی دیکە حاتەم ئۆزدەمیر لە لقی سێی دادگای شۆڕشی ئیسلامی لە ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر قازی زادە دادگایی کرابوو، رۆژی یەکشەممە ١٩ی ئایار پێی راگەیەندرا کە دادوەر بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووەتەوە.

حاتەم ئۆزدەمیر لە 2ی تەمووزی ٢٠١٩ لە ناوچەیەکی سنووری چاڵدیران لە پارێزگای ورمێ بەهۆی هاوەنبارانی سوپای پاسدارانەوە بریندار و  بە بێهۆشی دەستگیرکرابوو. پاش نزیکەی ٥٠ رۆژ ئەشکەنجە و لێپرسینەوە لە ١٩ی ئابدا گواسترابووە بۆ زیندانی ورمێ.

ئەو زیندانیە دوای ٣٣ مانگ دەستبەسەری و بێبەشبوون لە مافی هەبوونی پارێزەر لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی بە تۆمەتی "هەڵگرتنی چەک و شەڕ لە دژی خودا" و "ئەندامبوون لە پارتێکی بەرهەڵستکار" سزای لەسێدارەدان و پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو، بەڵام دوای ئەوەی تانەی لەو بریارەدابوو، دۆسیەکە رەوانەی دیوانی باڵای دادوەری ئێران کرابوو.

لە ئاداری ٢٠٢٢دا لقی نۆیەمی دیوانی باڵای دادوەری سزای لەسێدارەدانی ئەو زیندانیە سیاسیە کوردەی رەتکردبووە و سەرلەنوێ دۆسیەکە رەوانەی لقی سێی دادگای شۆڕشی ئیسلامی لە ورمێ کردبووەوە.

حاتەم ئۆزدەمیر نەخۆشی بەردی گورچیلەی هەیە و سەرباری راپۆرتی پزیشکەکان رێگەی پێنادرێت نەشتەرگەری بکات و لە خزمەتگوزاری و چارەسەری پزیشکی بێبەشکراوە.

هـ . ب