'پێویستە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆڵی خۆی بگێڕێت'

بە بۆنەی ٧ی نیسان، رۆژی تەندوستی جیهانیەوە، محمەد مسلمی پزیشک داوای لە WHO و ڕێکخراوە تەندروستیەکان کرد بۆ پاراستنی سروشت و مرۆڤایەتی بە ئەرکی خۆیان هەستن.

لە ساڵی ١٩٤٨ەوە ٧ی نیسان وەک ڕۆژی تەندورستی جیهانی دەستنیشانکراوە. ئامانج لە دەستنیشانکردنی ئەم ڕۆژە بۆ پاراستنی ئیکۆلۆژی، ئاو، مرۆڤ و ڕووەکە.

بە بۆنەی ڕۆژی تەندروستی جیهانی محمەد مسلمی پزیشک، پەوەست بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە دژی گەریلا و قڕکردنی سروشت، دۆخی گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دورگەی ئیمراڵی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد.

لە سەرەتای قسەکانیدا د. مسلم ئاماژەی بەوەکرد ڕێکخراوی تەندرستی جیهانی ئەم ڕۆژەی وەک ڕۆژی تەندروستی جیهانی دەستنیشانکردوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە ڕۆڵی شایستەی خۆی هەڵنەستاوە و وتی: "ڕیبەری گەلی کورد لە بارودۆخێکی سەختی گۆشەگیری ئیمراڵیدا، بەرخۆدان بەڕێوەدەبات. هەموو کەسێک دەزانێت ڕێبەری گەلی کورد، ئیلتهاب و هەوکردنێکی زۆری لە سنگدا هەیە. لەبەر ناتەندروستی دۆخی دورگەکە، ئەو کەسانەی هەناسەتەنگیان هەیە دۆخیان خراپتردەبێت. لەبەر ئەم هۆکارە بە گومانین لە سەر دۆخی تەندوستی ڕێبەرمان. لەگەڵ گۆڕینی وەرزدا دۆخی هەوکردنی سنگی ڕێبەرمان خراپتردەبێت. لە بەرامبەر ئەم دۆخە خراپەی گۆشەگیریدا، ئەو ڕێکخراوانەی کە پێویستە بەڕۆڵی خۆیان هەستن هەتا ئێستا بێدەنگییان هەڵبژاردوە."

هەروەها مسلم باسی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کرد بەوەی لە چیاکانی کوردستاندا چەکی قەدەغەکراو لە بەرامبەر گەریلاکانی ئازادی کوردستان بەکاردەهێنرێت و وتی: "چەکی قەدەغەکراو هەم لە ڕووی تەندروستیەوە جێکەوتە و زیانێکی زۆری تەندروستی لەسەر مرۆڤ جێدەهێڵێت و هەم زیانێکی زۆر دەگەیەنێت بە سروشت. چەکی کیمیاوی لە هەر جێگەیەک بەکاربهێنرێت، جێکەوتەکانی لەسەر ئەو هەرێمە بەساڵان دەمێنێتەوە و هەرچیش لەو ناوچەیە بژیت دەیکوژێت. وە ئەو ڕوەکەشی لەو جێگەیەدا سەوزدەبێت، هەرکەسێک بۆ خواردن بەکاریبهێنێت دەبێتە هۆی ئەوەی توشی شێرپەنجە ببێت، بەم شێوەیەش نەخۆشی لەناو کۆمەڵدا بڵاودەبێتەوە. بۆیە دەوڵەتی تورک بەم هێرشانەی ئەوە دەسەلمێنێت دوژمنی سروشت و مرۆڤایەتییە."

مسلم لە کۆتایدا داوای لە ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانکرد، بە ڕۆڵی خۆیان هەستن و بۆ کۆتایهێنان بە قڕکارییەکانی سروشت، مرۆڤ و سەوزای هەنگاوبنێن.