قەسەدە ناسنامەی ٢ شەڕڤانی ئاشکرا کرد کە لە هێرشی داعشدا شەهیدبوون

قەسەدە ناسنامەی ٢ شەڕڤانی ئاشکرا کرد کە لە هێرشی داعش لە ڕەقە شەهیدبوون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) پەیوەست بە شەهیدبوونی ٢ شەڕڤان ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە:

"هێزەکانمان پێش زیاتر لە ٥ ساڵ ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشی لە شاری باغۆز لەناوبرد کە دوایین بنکەی ژێردەستی ئەو ڕێکخراوە بوو. شانە تیرۆریستییەکانی داعش بە ئامانجی زیندووکردنەوەی خۆیان چالاکییەکانیان زیاتر کردووە. ئاشکرایە چەندین دەوڵەت و لایەن هاوکاری زیندووبوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە دەکەن. هاوکات هەوڵی بەکارهێنانی دەدەن.

تێکۆشانمان دژی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە لە هەموو ئاستێکدا بەردەوامە. هێزەکانمان شانەکانی ڕێکخراوەکە هەڵدەوەشێننەوە و ئەندام و بەرپرسەکانیان دەستگیردەکەن.

چوارشەممەی ڕابردوو، ئەو دەمەی شانەیەکی تیرۆریستی داعش هەوڵیدا لەنێو شاری ڕەقە جموجوڵ بکات، هێرشی کردە سەر خاڵێکی سەربازی هێزەکانمان، هێزەکانمان بەبو‌ێرییەوە وەڵامیان دانەوە و شەڕ ڕوویدا. لە شەڕەکەدا تیرۆریستێک بە برینداری دەستگیرکرا. هەروەها شەڕڤانەکانمان باسل ڕەقاوی (محەمەد ئەلتەعمە) و سوڵتان ڕەقە (عیماد محەمەد ئەلعەریف) شەهیدبوون.

سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەردوو شەهید و تەواوی بنەماڵەی شەهیدان دەکەین. بەڵێن دەدەین تۆڵەی خوێنی پاکیان لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە بکەینەوە و لە هەرێمەکە وەدەریان بنێین، هەموو ئەو لایەنانە ڕیشەکێش دەکەین هەوڵی تێکدانی ئارامی هەرێمەکە دەدەن".

ناسنامەی شەهیدان:

ناسناو: ڕەقاوی

ناو و پاشناو: باسل ئەلتەعمە

ناوی دایک: وەردە ئەلئەحمەد

ناوی باوک: محمەد

شوێن و کاتی لەدایکبوون: شەمسەدین، ١٩٩٥

شوێن و کاتی شەهیدبوون: ڕەقە، ٢٧ ی ئاداری ٢٠٢٤.

ناسناو: سوڵتان ڕەقە

ناو و پاشناو: عیماد ئەلعەریف

ناوی دایک: وەزحە

ناوی باوک: محمەد

شوێن و کاتی لەدایکبوون: ڕەقە، ١٩٨٦

شوێن و کاتی شەهیدبوون: ڕەقە، ٢٧ ی ئاداری ٢٠٢٤.