ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین: بە هەزاران کەس داگیرکارییان شەرمەزار کرد

بە بۆنەی ساڵیادی دەستپێکردنی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر عەفرین، خۆپیشاندانێکی شەرمەزاری بە بەشداری هەزاران کەس لە شارەکانی حەسەکە، تل تەمر، شەدادێ، تل براک، هۆڵ، دربەسیە، قامیشلۆ، گرکێ لگێ، چلاخا و تربەسپیێ ، بەڕێوەچوو.

لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی، عەفرین لە مانگی ئازاری ٢٠١٨ داگیرکرا و ڕژێمێکی تیرۆری دامەزرا. هەموو ڕۆژێک تاوانێکی نوێی کوشتن لە ناوچە داگیرکراوەکانی کورددا ئەنجام دەدرێت. وەک تاوانی ڕفاندن، لەسێدارەدان، ئەشکەنجەدان، تاڵانکردن، کۆچی زۆرەملێ و سووکایەتیکردن. لە یادی شەشەمین ساڵیادی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بۆ سەر عەفرین، چالاکیی شەرمەزاری لە زۆربەی شارەکانی؛ حەسەکە، تل تەمر، شەدادێ، تل براک، هۆڵ، دربەسیە، قامیشلۆ، گرکێ لگێ، چلاخا و تربەسپیێ ڕۆژئاوا بەڕێوەچوو.

لە بەیاننامە هاوبەشەکاندا هاتووە: "لە سەرەتای شۆڕشەوە دەولەتی تورک هەوڵی لەناوبردنی گەلانی سوریا و ژیانیان دەدات، لە مانگی کانوونی دووەمەوە ژێرخانەکانی هەرێمەکان بۆردومان دەکات".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە بە داگیرکردنی عەفرین سەرەتای شەڕ و پێکدادانەکانی سوریا دەست پێکردووە.

لە بەیاننامەکاندا بەڵێن دراوە تا هەموو پلانەکانی دوژمن تێک دەشکێنرێت و ناوچە داگیرکراوەکان ئازاد ئەکرێن، بەرخۆدان بە یەکڕیزیی گەلانی ناوچەکە بەردەوام دەبێت وبە بەشداریکردنیان لە هێزە سەربازییەکاندا، سەرکەوتن بەدەست دەهێنن.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکاندا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە کۆتایی بە داگیرکارییەکانی عەفرین و هەرێمەکانی دیکە بهێنن. هەروەها داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و یاساییەکان وەک هیومان ڕایتس وۆچ و نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە کە لە بەرامبەر تاوانە دڕندەکانی دەوڵەتی تورک بێدەنگ نەبن و بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن.

شەهبا

پارتی یەکێتی دیموکراتی پەیەدە، لە کەمپی بەرخۆدانی شەهبا بە بەیاننامەیەک، داگیرکاریی عەفرین و بێدەنگی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دژی هەڕێمەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەرمەزار کرد.

هەروەها پەیەدەش داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان، هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد کە لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا بەرپرسیارێتی خۆیان پێک بهێنن.