شەهیدانی پاریس لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا یادکرانەوە

لە چەند شارێکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی پاریس چالاکی ئەنجامدرا.

لە ١١ هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی پاریسدا، لە چەند شارێکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چالاکی جەماوەری ئەنجامدرا.

بەم بۆنەیەوە بە پێشەنگایەتی یەکێتی ژنانی گەنج چالاکییەک لە زانکۆی ڕۆژئاوا لە قامیشلۆ ئەنجامدرا، وێنەی شەهید ساکینە جانسیز و ڕۆژبین و ڕوناهی لە هۆڵەکەدا هەڵواسرا و مۆم لەپێش وێنەکان داگیرسێنرا.

کتێبی شەهید ساکینە و کتێبە شۆڕشگێڕییەکان و وێنەی سێ شەهیدەکە بەسەر خوێندکاران دابەشکرا.

بەشی ئیکۆلۆژی لە فاکەڵتی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی ڕۆژئاوا سیمینارێکیان دەربارەی هەردوو کۆمەڵکوژییەکە ڕێکخست، لە سیمینارەکە تیشکخرایە سەر ئامانجی دەوڵەتی تورک لە بەئامانجگرتنی ژنانی شۆڕشگێڕ و لەناوبردنی شۆڕشی ژنان.

هەروەها لە شام کۆنگرەی ستار کۆبوونەوەیەکی ڕێکخست، لە کۆبوونەوەکەدا، ئەندامی کۆنگرەی ستار، نەورۆز خەلیل ئاماژەی بەوە کرد ئامانجی دەوڵەتی تورک لەم کۆمەڵکوژییە کوژاندنەوەی تروسکەی شۆڕشی ژنان بووە، بەڵام سەرنەکەوتن و شۆڕشی ژنان بەردەوامە.

بۆ هەمان مەبەست لە حەسەکە ڕێپێوانێک بەڕێوەچوو، لەسەر ناوی کۆنگرەی ستار، فاتمە کەلەش قسەی کرد، دووپاتی کردەوە تا بەدیهاتنی ئازادی تەواوی ژنان، درێژە بە تێکۆشان دەدەن.

بەهەمانشێوە لە تەبقە بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی زنانی زنوبیا ڕێپێوانێک ئەنجامدرا. لەوێ ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا، سەمیرە حەبەش قسەی کرد و گوتی: "سیاسەتی تاوانبارانەی دەوڵەتی تورک لە سوریا و دەرەوەش ڕاناوەستێت. کۆمەڵکوژی دژی گەلان و تێکۆشەران ئەنجام دەدار، بەڵام بیریان لەوە نەکردۆتەوە گەلان زیندوون".

سەمیرە بێدەنگی نێونەتەوەیی شەرمەزارکرد، بەڵێنی دووپاتکرددەوە بۆ بەردەوامیدان بە ڕێگەی شەهیدان و پاراستنی دەسکەوتەکان، لەگەڵ درێژەدان بە تێکۆشانی شەڕڤانان بۆ گەیشتنی گەل بە ئازادی و مافە ڕەواکان.

هەروەها بە درووشمی "تۆڵەسەندنەوەی کۆمەڵکوژی پاریس سەرکەوتن و پاراستنی شۆڕشی ژنانە" لە حەلەب ڕێپێوانێک ئەنجامدرا. هەزاران دانیشتووی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بەشداربوون.

لە ڕێپێوانەکەدا، ئەندامی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستاری حەلەب، پەرژین محەمەد، گوتی: "لە کەسێتی شەهید ساکینەدا، بەئامانجگرتنی ژنانی پێشەنگ لەلایەن هێزە فاشیست و داگیرکەرەکانەوە دەرخەری بێچارەیی داگیرکەرانە بەرامبەر ئەو سەرکەوتنانەی لەسەر فیکری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانەوە بەدەست هاتوون".  

ئەندامی مەجلیسی ژنانی بنەماڵەی شەهیدان، ڕەمزیە ساڵەح ڕایگەیاند لەسەر هێڵی هەر سێ پێشەنگەکە بەردەوام دەبن و حکومەتی فەرەنسا لە هەردوو کۆمەڵکوژییەکە بەرپرسیارە.