ڕەشید: لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا ئازادی گەلی کورد بە ئامانج گیراوە

حەیدەر ڕەشید ئەندامی پەیەدە ڕایگەیاند کە لە کەسایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دا ئازادی گەلی کورد کراوەتە ئامانج و ڕایگەیاند، بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ و تێکۆشانی ئەمڕۆی پەکەکە لە بەرامبەر پڕۆژەکانی هێزە هەژموونخوازەکان بۆتە بەربەستێک.

لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان بە دەستی پیلانگێڕانی نێودەوڵەتی بەدیل گیرا. ئەندامی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) حەیدەر ڕەشید باسی لە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی کرد.

لە سەرەتای قسەکانیدا، حەیدەر ڕەشید تیشکی خستە سەر هۆکارەکانی پیلانگێڕییەکە و وتی: "ئەو هۆشیارییەی کە ئێستا لە جیهاندا بەڕێوەدەچێت و ئەو پڕۆژەیەی کە هێزە هەژموونخوازەکان هێنایانە کارەوە ئامانجیان ڕێبەر ئاپۆ بوو". ئەمەش پێگە و گرنگی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕووی فەلسەفە و پراکتیکەوە نیشان دەدات. زۆر کەسی زانا هێزی لێکدانەوەیان هەیە، بەڵام لە جێبەجێکردنی قسەکانیاندا وەها نین، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ ئەوەی لە بواری فەلسەفیەوە دەیڵێت، یەکەمجار لە کەسایەتی خۆیدا جێبەجێی دەکات، وەک لە یەکێک لە قسەکانیدا دەڵێت؛ 'ئەوەی بۆ خۆم بە باشی دەزانم، بۆ هەڤاڵانم و کۆمەڵگاش بە باشی دەزانم'. لەسەر ئەم بنەمایە ڕێبەر ئاپۆ بینی کە ئازادی شەخسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا بوونی نییە. ڕێبەر ئاپۆ لە هەڵسەنگاندنەکانیدا ئەم بابەتە بە زیندانێکی کراوە بەراورد دەکات و دەڵێت: "ئەگەر گەلی کورد بڵێن من کۆمەڵگایەکی ئازادم هەیە، ئەوا خۆیان فریو دەکەن، چونکە زیندانێکی کراوەیە لە زیندانێکی داخراو مەترسیدارترە. ڕێبەر ئاپۆ بە وتنی ئەم قسەیە دەیەوێت ئەوە ڕوون بکاتەوە کە ئەگەر مرۆڤ ئازاد نەبێت، ئیرادەشی نییە، ئەگەر وا دەزانن ئازادن وخاوەن ئیرادەن، خۆیان و کۆمەڵگاکەیان فریو دەدەن.

'سیاسەتێکی گەورە لەسەر کورد بەڕێوەدەبەن'.

لە درێژەی قسەکانیدا حەیدەر ڕەشید ئاماژەی بەوەدا کە ئەو سیاسەتەی لەسەر کوردستان بەڕێوەدەچێت بڕیارێکی هەژمونخوازانەیە و وتی: "لە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆدا دەرکەوت کە ئەو زوڵمەی بەسەر گەلی کورد و کوردستان دەکرێت سیاسەتێکی زۆر گەورە و بڕیارێکی هەژموونخوازانەیە. بەهۆی ئەوەوە ڕێبەر ئاپۆ لێکۆڵینەوەکانی لەسەر کوردستان پەرە پێدا و لە ساڵی١٩٧٩ کە پەکەکە دامەزرا، دوای ئەوە لە ساڵی ١٩٧٩ لە واشنتۆن کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا و لە کۆبوونەوەکەدا پەکەکە وەک هەڕەشە بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسی لێکرا. لەو سەردەمەدا چەندین حیزب و کۆمەڵە لە کوردستان دامەزران، بەڵام ئەمریکا هیچ کاردانەوەیەکی بەرامبەر بە دامەزراندنی حزب و کۆمەڵەی دیکە جگە لە پەکەکە نیشان نەدا. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە بیرۆکەکانی پەکەکە و ڕێبەر ئاپۆ دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە چ لە کوردستان و چ لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەسەر بنەمای ئەمەش لە ساڵی ١٩٨٨ بڕیاری لەناوبردنی سەرهەڵدانی پەکەکە درا. ئەوان دەیانەوێت لە ڕێگەی پەیوەندی نێوان سوپای ئەمریکا و سوپای تورکەوە ئەم داخوازیانە پێک بهێنن.

"هێزە هەژمونیەکان لە ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە دەترسن"

حەیدەر ڕەشید لە قسەکانیدا ڕۆڵی ئەڵمانیای لە پیلانگێڕیدا هەڵسەنگاند و وتی: "لەو کاتەدا سەرۆکی ئەڵمانیا، سەرکردایەتی پلانی پیلانگێڕییەکەی دەکرد. ئامانجیان تەنها کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆ نەبوو، ئامانج بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بوو، لە سایەی ڕێبەر ئاپۆ، گەلی کورد هوشیار ببووەوە. ئەمەش دژی بەرژەوەندی هێزی هەژموونخوازەکان بوو لە کوردستان. بۆیە دامەزراندنی پەکەکەیان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆیان دەبینی. ئەمریکا لە ڕێگای تورکیاوە دەستی پێکرد و ڕاکێشا بۆ لای خۆی. بەهۆی ئامانجەکەیانەوە تورکیا ویستی بەم ئامانجە بگات. لە پلانەکانیاندا ڕێگا و ئامراز بۆ دەرهێنانی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکار هێنراز، هەر بۆیە ڕێبەر ئاپۆیان بە دەوڵەتانێ کە لەبن کاریگەری ئەمریکا و ناتۆ دا هەن سپارد. ئەڵمانیا یەکەم دەوڵەت بوو کە پەکەکەی خستە لیستی تیرۆرەوە".

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا حەیدەر باسی لە ڕۆڵی یۆنان کرد لە پیلانگێڕییەکەدا و وتی: "لەم پیلانەدا حکومەتی یۆنان بۆ ئەوەی ئەمریکا پاڵپشتی ئابووری زیاتری پێبدات، بەشداری پیلانگێڕییەکە دەبێت هەر بۆیە خیانەتەکە بە دەستی یۆنان دەستی پێکردووە و مرۆڤ دەتوانێ ئەمە بە خیانەتێکی گەورە ناوی ببات. لە مێژووی یۆناندا قەد کاری لەو شێوە نەکراوە".

"لە بەرامبەر فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بوون بە یەک"

هەروەها حەیدەر ڕەشید ئاماژەی بەوەشدا، فکرەکانی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر بنەما کۆمەڵایەتییەکان، دیموکراسی، یەکسانی گەلان دامەزراوە و هەموو جیهان لەژێر کاریگەریی سەرمایەداریی تاڵانچی دژی فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان بوون بەیەک. لە ئەنجامدا ڕێبەر ئاپۆ لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ ڕادەستی تورکیا کرا. شێخ سەعید و هەڤاڵانی لە ڕۆژێکی وەک ئەوڕۆژەدا لە ساڵی ١٩٢٥ دەستبەسەر کران. دەیانەوێت بە کورد بڵێن ئەگەر شۆڕش بکەن لەم ڕۆژەدا دەتانکوژین". ڕەشید باسی ڕەوشی ئیمرالی کرد و وتی، ژیان لە ئیمرالی ئاسایی نییە.