ئەلعەبد: پەیمانی کۆمەڵایەتی و کۆنفرانسی مەسەدە گورزێک بوون لە دەوڵەتی تورک دران

حەمدان ئەلعەبد لە دژی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکە ناڕەزایەتی نیشاندا و وتی:"پەیمانی کۆمەڵایەتی و کۆنفرانسی مەسەدە بە دڵی دەوڵەتی تورک نەبووە، بۆیە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمەکە چڕ کردەوە".

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەردنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا قسەی لەگەڵ ئاژانسی فورات کرد.

حەمدان ئەلعەبد ڕایگەیاند، کە لە سەرەتای قەیرانەکانی سوریاوە بە دەستێوەردانی تورکیا لە کاروباری سوریادا، هەم سەربازی، سیاسی هەم پاڵپشتی لە گروپە تیرۆریستییەکان دەستی پێکردووە و وتی:"دەوڵەتی تورک ڕێگایەکی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدۆزێتەوە و بەوەش مافی بڕیار و نێوەندگیری جیهانی عەرەبی و ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زەوت بکات.

دەوڵەتی تورک لەسەر دوژمنایەتییەکانی بەرامبەر گەلی سوریا و بەتایبەت کورد و عەرەب ماوە و دەژیت. هەموو لایەک بەرەو شۆڕش یان بەرەو دیموکراتیک بوون دەڕوات، بەڵام دەوڵەتی تورک شەڕیان لەگەڵ دەکات، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە تاکڕەوییەکانی، سیستمی حکومەتی لە پەرلەمانییەوە گۆڕیووە بۆ سەرۆکایەتی.

'داعش کەڵکی نەماوە، بۆیە خۆی هێرش دەکات'

ئەلعەبد باسی لە بەرفراوانی ئاستی هێرشەکان کرد لەم ماوانەی دواییدا و وتی:" ئێمە لە هێرشە دڕندەکانی دەوڵەتی تورک سەرمان سوڕنابێت بەتایبەتی دوای ئەوەی داعش و جەبهەت نوسرە و گروپە چەتەکانی دیکە شکستیان هێنا و بوونە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی  جیهانی، بەڵام سەرەڕای ئەوە تورکیا شێوازی تری بەکارهێنا بە چالاککردنی شانە تیرۆریستەکانی داعش و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بۆ لەناوبەدنی شێخی هۆزەکان، کەسایەتی، ڕۆشنبیران و چالاکوانانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر وێستی کۆمەڵگەی سوریا لەناوببات. هەروەها دۆسیەی پەنابەرانی سوریای بەرامبەر یەکێتی ئەوروپا بەکار هێنا، چەتەکانی بۆ ناوچەکانی تری جیهان وەک لیبیا و ئازەربایجان ڕەوانەکرد، دوای داگیرکردنی عەفرین، سەرێکانی، و گرێ سپی دەستی بە گۆڕینی دیمۆگرافی لەو هەرێمانە کرد. بۆ شکستپێهێنانی گەلانی سوریا هەموو ڕێبازێکی تاقی کردووتەوە لە بەر ئەوەی ئانجامی وەرنەگرت، هێرش دەکاتە سەر باکوور و ڕؤژهەڵاتی سوریا و ژیانی گەل بە ئامانج دەگرێت. ناوچە مەدەنییەکان وەک نەخۆشخانە، قوتابخانە، کارەبا و وێستگەی نەوت، ئەو شوێنانەی کە هەزاران کەس تێیدا دەژین و ملیۆنان کەس سوودی لێ وەردەگرن دەکاتە ئامانج و ئەمەش بە تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی دادەنرێت و لە ئەنجامدا کۆچێکی زۆرەملێ لێدەکەوێتەوە.

'تورکیا هەموو یاساکانی بنپێ کردووە'

حەمدان ئەلعەبد ڕایگەیاند، تورکیا هەموو یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و وتی:"دوای ئەوەی ئیسرائیل ژێرخانی غەززەی کردە ئامانج لە شەڕەکانی نێوان ئەوان و حەماسدا، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هیچ کاردانەوەیەکی جددی لە دژی ئیسرائیل نیشان نەدا، ئەردۆغان سوودی لەو دەرفەتە وەرگرت و بەردەوام بە فڕۆکەی شەڕ هێرشەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام دەدات و گەلانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج."

ئەلعەبد بێدەنگی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی شەرمەزار کرد و وتی:"هەموومان دەزانین کە ئەردۆغان هەموو یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات و لە پێناو داگیرکردنی ناوچەکە و چۆڵکردنی لە دانیشتوانی ڕەسەنی هەرێمەکە و گەلانی دیکە بەردەوام هەوڵی تێکدانی ئارامی ناوچەکە دەدات و بە هێنانی فەلەستینیەکانی غەززە و نیشتەجێکردنیان لەهەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەیەوێت جێگەیان پڕ بکاتەوە."

'پێشکەوتنەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە دڵی دوڵەتی تورک نەبوون'

ئەلعەبد ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک دەیەوێت بەم هێرشانە داعش زیندوو بکاتەوە و وتی:"دەوڵەتی تورک دوو گورزی لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری وەرگرتووە؛ ئەویش دامەزراندنی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی نوێ و پەسەند کردنی زۆرینەی سورییە چالاکەکانە. ئەوی دیکەیان ئەنجامدانی چوارەمین کۆنفرانسی مەسەدە یە."

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، حەمدان ئەلعەبد، بێدەنگی حکومەتی دیمەشق و ڕوسیا و ئەمریکای شەرمەزار کرد و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا:"پێویست بوو، حکومەتی سوریا پەیوەست بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دادگایەکی نێودەوڵەتی بانگهێشت بکردایە بە هاوکاری هێزەکانی سوریای دیموکرات  ناوچەی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریای بپاراستایە، بەڵام بەداخەوە لە بری ئەوە گەمارۆی دوو گەڕەکی حەلەب (شێخ مەقسود و ئەشرەفیە) و شەهبا دەدات".