یەپەژە ناسنامەی شەهیدێکی ئاشکرا کرد

فەرماندەیی گشتیی یەپەژە رایگەیاند، کە نودەم وان (سەکینە کایا) لە ١٧ی کانونی دووەمدا لە نەخۆشخانە شەهیدبووە و ئەوەشی خستەڕوو، "هاوڕێکەمان بە هەڵوێست و لەخۆبوردەیی خۆی خۆشەویستییەکی زۆری لەناو خەڵکی رۆژئاوادا هەبوو".

ناوەندی هەواڵ

فەرماندەیی یەپەژە لەبارەوە بە راگەیەندراوێک ناسنامەی شەهید نودەم وانی ئاشکرا کردووە و تیایدا هاتووە:

"هاورێمان نودەم ساڵی ١٩٩١ لە شاری وانی باکوری کوردستان لە بنەماڵەیەکی وڵاتپاڕێزدا چاوی بە جیهان پشکووتووە. بنەماڵەی هاورێمان نودەم یەک لەو بنەماڵە بەنرخانەیە کە لەپێناو تێکۆشانی ئازادی کوردستاندا قوربانی زۆری بەخشیوە و سەرباری ئەوەش بەردەوام خاوەندارییان لە شکۆی نەتەوەیی کردووە.

هاوڕێمان نودەم لە ساڵی ٢٠١١ دا بەشداری لە ریزەکانی بزوتنەوەی ئازادیی کوردستاندا کرد و لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی رۆژئاوا، رووی کردە رۆژئاوای کوردستان و لە ساڵی ٢٠١٢ دا لە سەرێکانی لە دژی گروپە چەتەکانی وەک بەرەی نوسرە شەڕی کرد و لە بەرەکانی پێشی پێشەوە بەشداربوو، سەرباری ئەوەی برینداربوو، بەڵام هەرگیز لە بەرەکانی شەڕ دوورنەکەوتەوە. لە ساڵی ٢٠١٤ و دوابەدوای دەستپێکردنی هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ، بووە بەشێک لە بەرخودانی مێژوویی لەو شارە و لە هەڵمەتی تل حەمیشدا لە بەرامبەر چەتە دڕندەکانی داعش شەری کرد. ساڵی ٢٠١٨ لە عەفرین ئەمجارەیان بەرامبەر بە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک شەڕی کرد. نودەم هەم شەری کرد و هەم بۆ ئەوەی ئەو ساتانەی لە ناو بەرخوداندا ژیاوە بە هەموو جیهان نیشان بدرێت، رۆڵی گەورەی لە بەرهەمهێنانی فیلمی کۆبانێدا گێڕا. هەرگیز نەسرەوت و لە هەموو ئاستێکدا ئەرک و بەرپرسیارێتی کە شۆڕش خستبوویە ئەستۆی بەجێی گەیاند".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا هاتووە: "هەڤاڵ نودەم کە ماوەیەکی زۆربوو بەهۆی نەخۆشیەوە چارەسەری وەردەگرت، لە رێکەوتی ١٧ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤دا لە نەخۆشخانەیەک کە تیایدا چارەسەری وەردەگرت، تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوو. سەرەخۆشی لە گەلە وڵاتپارێزەکەمان و بە تایبەتی بنەماڵەی بەنرخی هاوڕێ نودەم دەکەین. وەک هاوڕێیانی هەڤاڵ نودەم چەندە خەمباریش بین، بەڵام ئێمە بەڵێن دەدەین کە ئەو جۆش و خرۆش و جوڵەیەی هاوڕێ نودەم بۆ ئێمە ببێتە پاڵنەڕی بەرزکردنەوە و گوڕدان بە رێپێوانی ئازادی.

ناسنامەی شەهید:

ناسناو: نودەم وان

ناو و پاشناو: سەکینە کایا

ناوی دایک: حەلیمە

ناوی باوک: خالید

کاتی شەهیدبوون: ١٧-١-٢٠٢٤

هـ . ب