'ئەرکەکانتان بەرامبەر بە عەفرین جێبەجێ بکەن'

خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی فرات لە دژی تاوانەکانی شەڕ، گۆڕینی دیموگرافیا کە لەسەر دەستی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە عەفرین ئەنجام دەدرێت، بانگەوازێکی راگەیاند.

سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە ٢٠ی کانونی دووەمدا هێرشیان کردەسەر عەفرین و دوای بەرخودانی ٥٨ رۆژەی دانیشتوانەکەی، شارەکە داگیرکرا. سەبارەت بەو بابەتە خۆبەڕێوەبەری هەرێمی فرات راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە:

"داگیرکەریی تورک و چەتەکانی بەردەوام هێرش دەکەنە سەر ئەو کوردانەی لە عەفرین ماونەتەوە و ئامانجی سەرەکییان گۆڕینی دیموگرافیایە. سەرباری ئەوەی دەسەڵاتی ئەمنی و بەڕێوەبەری خۆیان بەسەر عەفریندا دەسەپێنن، بەڵام تا ئێستا ئەو گەلەی لەسەر خاکی خۆیان ماونەتەوە و دەستبەرداری نەبوون، بەردەوام رووبەڕووی پێشێلکاری و تاوانی شەڕ دەبن. ئەو هەڵسوکەوتانەش هەر هەموویان بە مۆڵەت/ سەرپەرشتی دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە داگیرکەری تورک دەکرێن. هەر بۆیە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەرپرسیارێتی یاسایی/دادوەری و ئەنجامەکانی لەبەردەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئەستۆیە. هەروەها دەوڵەتی تورک وەک هێزێکی داگیرکەر ئەرکەکانی بە گوێرەی پەیڕەوی پەیوەست بە یاسا و رێساکانی شەڕی زەمینی لە پەیماننامەی چوارەمی لاهای کە لە ساڵی ١٩٠٧ واژۆکرابوو، پێشێل دەکات. بە گوێرەی ئەوە نابێت کە دەوڵەتی تورک زەوی و بیناکان دەستبەسەردا بگرێت یان بیانڕوخێنێت و وێرانیان بکات.

لەبارەی دۆخی عەفرینەوە جەخت دەکەینەوە کە ئەو شتانەی دەوڵەتی تورک  و گروپەکانی سەر بەو دەیانکەن بڕیارە نێونەتەوەییەکان و بڕیاری ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایش پێشێل دەکەن. ئێمە وەک بەڕێوەبەری خەبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی فرات داوا لە هەموو هێزە خۆجێیی و هەرێمی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین کە ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن، لەپێناو راگرتنی تاوانەکانی شەڕ، گۆڕینی دیموگرافیا کە لە عەفرین لە ئارادایە، دەستوەران بکەن و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن".

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا ئەم بانگەوازەکرا: "هاوکات داوا لە هەموو پێکهاتەکانی سوریا دەکەین، کە یەک بگرن و پێکەوە تێبکۆشن تا کۆتایی بە داگیرکەری دەوڵەتی تورک بهێنن. خەباتی کۆتاییهێنان بە قەیرانی سوریا لە رێگەی دیالۆگ لە نێوان هەموو لایەنە سورییەکان ئەنجام بدەن. بۆ ئەوەی پێکەوە سوریایەکی دیموکراتیک، فرەلایەن، ناناوەندی کە مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت و کۆتایی بە ئازارەکانی سورییەکان بهێنێت".

هـ . ب