ئیبراهیم شێخۆ: لە عەفرین شتێک بە ناوی کوردبوون نەهێڵراوەتەوە، بە زۆرەملێ تورکبوون دەسەپێندرێت

چالاکوان و یاساناس ئیبراهیم شێخۆ، ئاشکرایکرد کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بە زۆرە ملێ، تورکاندن بەسەر عەفرین دەسەپێنێت و لە کاتی داگیرکردنی عەفرینەوە زیاتر لە ٩٠٠٠ کەس ڕفێندراون.

ئیبراهیم شێخۆ ئاماژەی بەوەدا، تورکیا ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیایە وهەوڵدەدات عەفرین بکات بە هەرێمێکی تورکیا، ئەو هێرشانەشی لە ٢٠ کانوونی دووەمی ٢٠١٨ەوە دەستپێکردووە. شێخۆ ئەوەی دەستنیشانکرد گەر ئەم دۆخەی سەر عەفرین بەم جۆرە بەردەوامبێت، هەرێمێکی کوردی بە ناوی عەفرینەوە بۆ کوردان نامێنێتەوە.

ئیبراهیم شێخۆ لە دەستپێکی قسەکانیدا ئەوەی بیرهێنایەوە کە ئازاری ٢٠١٨دا عەفرین لە لایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە داگیرکرا و وتی: " پێش ئەم داگیرکارییە عەفرین شارێکی ئارام بوو، بۆ یەکەم جار لە سەر ئاستی ڕۆژئاوای کوردستان پەرەوەردە بە زمانی کوردی بوو، هەروەها ڕێژەیەکی زۆری ئاوارەی لە خۆیی گرتبوو ئەم دەستکەوت و پێشکەوتنانە بە دڵی تورکیا نەبوو. عەفرین هەرێمی کوردانە و  ڕێژەی کورد لەو هەرێمەدا ٩٧ لەسەدایە".

'لە ماوەی ٦ ساڵدا ٩٠٠٠ کەس ڕفێندراون و گۆڕینی دیمۆگرافی لە ئاستێکی ترسناکدایە'

لە درێژەی قسەکانیدا ئیبراهیم شێخۆ باسی لەو کارەکانی سەر عەفرین کۆچبەرکردنی خەڵکە ڕەسەنەکەی کرد و وتی: "پێش داگیرکردنی عەفرین سەرۆک کۆماری تورک، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد کە ڕێژەی کورد لە عەفرین ٣٥ لەسەدایە. لەوکاتەوە لە نیازی بە تورکانددی عەفرین تێگەشتم  لەلایەن تورکیاوە. ئەردۆغان بەم مەرامەوە ئەوەی دەخواست دیمۆگرافیایی عەفرین بگۆڕێت. چونکە لە سەر ئاستی ڕۆژئاوای کوردستان عەفرین زۆرترین کوردی تێدایە و دانیشتوانەکەی کوردی ڕەسەنن.  پاش داگیرکردنی عەفرین لە ماوەی ٦ ساڵدا زیاتر لە ٩٠٠٠ کەس لە عەفرین ڕفێندراون، لە ناو ئەم ژمارەیەدا زیاتر لە ٢٠٠٠ یان ژنە و چارەنووسی ٣٠٠٠ کەسیش دیار نیە. هەروەها چەتاکانی سەر بە دەوڵەتی تورک هەوڵدەدەن کچانی خوێندنگاکان ناچار بکەن  شێوازی جلوبەرگیان بگۆڕن و ئەو جلانە لە خوێندنگاکاندا لە بپۆشن کە ئەوان بەدڵیانە".

'ڕێژەی عەرەب زیادیکردوە'

چالاکوان ئیبراهیم شێخۆ لە بەردەوامی قسەکانیدا باسی لە گۆڕینی دانیشتوانی عەفرین کرد و وتی: "وەک ڕوونە یەکێک لە ئامانجەکانی تورکیا، گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرینە. لەکاتی بەڕێوەبەری خۆسەردا ٩٧ لە سەدا دانیشتوانی عەفرین کورد بوو، هەروەها نزیکەی ٢ لەسەدا عەرەب بوو، وە هەندێک نەتەوەکانی مەسیحی و ئەرمەنی تێدابوو. بۆیە دەوڵەتی تورک پاش داگیرکرنی عەفرین دەستیکرد بە گۆڕینی  دیمۆگرافیایی هەرێمەکە، لە ڕێگەیی دەرکردنی کوردان و هێنانی عەرەب و تورکمان بۆ ئەو شارە. لە ئێستا ڕێژەی عەرەب لەو شارەدا بووە ٧٧ لەسەدا و لە جێگەیی کوردان جێگیر دەکرێن. لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٦٤٧ هەزار عەرەب و تورکمان جێگیرکراون. ئەمەش دیمۆگرافیایی هەرێمەکەی گۆڕیوە و ڕێژەی کورد دابەزیوە بۆ ٢٣ لەسەدا".

'زیاتر لە ٣٥ کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە عەفرین دروستکراون'

شێخۆ باسی لە  دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبون و خانوە داگیراوەکان لە عەفرین کرد و وتی: "لە گەڵ داگیردنی عەفرین، خەڵكێکی زۆری سەر بە چەتەکانی تورکیا ڕویان لە عەفرین کرد. ئەمەش وایکردوە بە سەدان کامپی نا ڕێکخراو لەو شارەدا دروستبکرێت، بە شێوەیەک دارستانی گەڕەکی مەحمودبڕدرایەوە و لە جێگەیی ئەوە کامپ و خێمە دانراون. ئەم کامپی نیشتەجێبوونانە بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی دەوڵەتی کەنداوی عەرەبی وەک قەتەر و کۆیت، هەرەوەها ڕێکخراوە فەلەستینیەکانی سەر ئیخوان موسلمین، کە لە لایەن تورکیاوە پشگیری دەکرێن، دروست دەکرێن. لە ماوەی ٦ ساڵدا نزیکەیی ٣٥ کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون دروستکراون. گەر کێشەکانی سوریا چارەسەر نەکرێن وخەڵکی تورکمان و عەرەب نەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، ئەوە شێک نامێنێتەوە بە ناوی کوردبوونی عەفرین".

'لە داوی ٢٠١٨ەوە تورکیا بووە بە بەرهەمهێنەری زەیتی زەیتوون'

چالاکوان شێخۆ سەرنجی خستە سەر دزین و تاڵانکردنی  زیتوون و وتی: "وەک دەزانین پێش داگیرکردنی عەفرین نزیکەیی ١٨ ملیۆن داری زەیتوون، ملیۆنێک داری هەنار و بە سەدان هێکتار دارستان لە عەفرین هەبوون. بەڵام دوای داگیرکارییەکان، سروشتی عەفرین بە ئامانج گیرا و زیاتر لە ٥٠٠ هەزار دار زەیتوونی بڕانەوە و تاڵانکران، کە تەمەنی ئەو دارانە زیاتر لە ١٠٠ ساڵ دەبوون. ئەو دارانە لە ئێستادا لە ئیدلیب و تورکیا و دەڤەری تر بە ١٥٠ دۆلاری ئەمریکی دەفرۆشرێنەوە. هەروەها بە دەیان دارستان لە ‌عەفرین سوتێنراون. لە دوای ساڵی ٢٠١٨ ەوە بەرهەمی زیتی زەیتوون لە تورکیا زیادکی کردوە، ئەمەش بە بەڵگە سەلمێنراوە کە تورکیا لە ڕێگەیی دزینی زەیتونی عەفرینەوە چەندە بەرهەمی زەیتی زەیتوونی خۆی زیادکردەوە".

لە کۆتایی قسەکانیدا چالاکوان ئیبراهیم شێخۆ داوایی لە هەموو مافناسان و چالاکوانانکرد بە زوترین کات بە ئەرکی خۆیان هەستن و کار بۆ عەفرین بکەن و وتی: "گۆڕینی دیمۆگرافی لە سەردەمی ڕژێمی سوریادا لە دەوری ٢٥ لە سەدا بوو، بەڵام داویی دوای ئەوەی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی هەرێمی عەفرینیان داگیرکرد، ڕێژەی گۆڕینی دیمۆگرافی  لەسەر عەفرین گەیشتووە بە ٨٠ لە سەد، ئەمە دۆخێکی ترسناکە لەسەر عەفرین. گەر بەم شێوە بەردەوام بێت ئەوە شتێک نامێنێتەوە بەناوی کوردبوونی عەفرین و عەفرینێکی وەک ئەفغانستان دەبینین. هیوادارم چالاکوانان، یاساناسان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و سیاسەتمەداران هەنگاوی بەپەلە بنێن و کۆتای بەم داگیرکارییە بهێنرێت".