ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری پەیمانی کۆمەڵایەتی پەسەند کرد

مەجلیسی گشتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پەیمانی کۆمەڵایەتی پەسەند کرد.

مەجلیسی گشتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئەمڕۆ ٩٠ هەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەست، ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییەی پەسەند کرد کە دوێنێ لەلایەن کۆمیتەی بەرفراوانی دەستەی داڕێژەری پەیمانەوە پێشکەش کرابوو.

کۆبوونەوەکە لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی بینای ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕەقە بەڕێوەچوو. دەستەی سەرۆکایەتی مەجلیسی گشتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، نوێنەرانی مەجلیسەکانی یاسادانانی ٧ هەرێم ئامادە بوون.

جێگری هاوسەرۆکایەتی مەجلیسی گشتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری یاسر ئەل‌سلێمان ١٣٤ بەندی پەیمانەکەی خوێندەوە و لەلایەن بەشداربووانەوە نرخاندنی بۆ کرا.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، مەجلیسی گشتی پەیمانەکەی پەسەند کرد. لە بەرواری دەرچوونییەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.