ئاوارەکانی عەفرین لە دژی داگیرکەران رژانە سەر شەقام

ئاوارەکانی عەفرین کە لە ناوچەی ئەحرەزی سەر بە ناوچەی شەهبا جێگیر بوون، لە دووهەمین ساڵیادی هێرشی داگیرکردنی عەفریندا، رژانە سەر شەقام و رێپێوانێکیان ساز کرد.

ئاوارەکانی عەفرین لە بەردەم باڵەخانەی خوێندنگای ناوچەی ئەحرەز گردبوونەوەو دواتر بەرەو گۆڕستانی شەهیدانی سەردەم بە رێپێوانێک بەڕێکەوتن.

لە رێپێوانەکەدا دروشمی "بە رۆحی پاکڕەوانەکانی ئازادی، پلانگێری تێکدەبەین، ژیان بکەن بە خۆڕاگری" وترانەوە.

لە گۆڕستانەکە سەرەتا بۆ بەبیرهێنانەوەی شەهیدانی سەردەم، خولەکێک وەستان و بە زمانی عەرەبی و کوردی لێدوان خوێنرانەوە. لێدوانی بە زمانی کوردی لە لایەن ئەڤدار علۆ ئەندامی کۆمیتەی پەروەردەی کۆمەڵایەتی و بە زمانی عەرەبیش لە لایەن زەکییە ئیسماعیلەوە خوێنرایەوە.

لێدوانەکە بەم شێوەیەیە:

"لە ٢٠ی کانونی دووهەمی ٢٠١٨ دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دەستیان بە هێرشێکی دڕندانە کرد بۆ سەر عەفرین. هێرش کرایە سەر گشت ناوچەکەو گوندەکانی عەفرین. ٧٤ فڕۆکە لەسەر ئاسمانی عەفرین بوون. دوو مانگ شەڕ بەردەوام بوو. گەلی عەفرین و هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە خۆڕاگرییان کرد و تێکۆشانیاندا. دەوڵەتی فاشیست هەموو چەکێکی لە دژی گەلەکەمان بەکار هێنا و کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا. لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا ١٥٠٠ کەس شەهید بوون، کە ژن و منداڵ و کەسانی بەتەمەنیشی تێدابوون، بەڵام بەداخەوە جیهان هەمیشە بێدەنگ بوو، گوێی کەڕ کرد.

ئێمە وەکو ئەنجومەنی کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی عەفرین تیشک دەخەینە سەر مەترسییەکانی داگیرکەران بۆ سەر عەفرین و بارودۆخی شەهبا کە کەمپی ئاوارەکانی لێیە. لەبەر چاوی جیهان هەرێمی عەفرین کە ناوچەیەکی ئارام بوو، داگیر کرا. عەفرین بە سیستمێک کە مافی گشت پێکهاتە و ئایین و مەزهەبەکانی تێدا پاریزراو بوو، بەڕێوە دەچوو.

لەم چوارچێوەیەدا ئێمە وەکو خانەوادەی شەهیدان و ئەو خێزانانەی بە هۆی جەنگەوە زیانیان بەرکەوتووە، بانگەوازییەک ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەین کە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و بە پەلە بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بجوڵێنەوەو داگیرکەریی تورک لە سەرتاسەری سوریا (عەزاز، باب، جەرابلوس و عەفرین) بوەستێنن و کۆتایی پێ بهێنن.

ئێمە جارێکی دیکە جەخت دەکەینەوە کە ئەو کردەوانەی دەوڵەتی تورک ئەنجامی دەدات، ئیدی جێی قبوڵکردن و ئارامگرتن نین. نابێت ئیدی گەلی عەفرین لەژێر زوڵمدا بمێنێتەوە. ئێمە گەلێکی خۆڕاگر و رەسەن و خاوەن مافین و ئیدی داگیرکەری سەر خاکەکەمان و بنپێکردنی ماف و کوشتنی منداڵان قبوڵ ناکەین. لامان ئاشکرایە کە بێدەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرامبەر ئەم بارودۆخە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە دەوڵەتی تورک بەردەوامی دەدات بە زیادەڕەوییەکانی خۆی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگوڕتر دەکات. ئەمەش هۆکارە بۆ گواستنەوەی تیرۆر بۆ وڵاتانی رۆژئاوایی."

ز.ش