١ی ئایار لە باکووری کوردستان بە جۆشەوە پیرۆز کرا

لە گردبوونەوەکانی ١ی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاران لە دێرسیم، ئێلح، ئەرزینجان، خارپێت، چەولیگ و سێرت لە دژی نادادپەروەریی، چەوسانەوە و مافخۆری پەیامی بەهێز درا.

له پیرۆزباییەکانی ١ی ئایاردا، داوای چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد و خوێندن به زمانی دایکی کرا. چالاکییەکانی ١ی ئایار بە پێشەنگایەتی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی جەماوەری کرێکاران (KESK)، کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی شۆڕشگێڕ (DİSK)، سەندیکای پزیشکانی تورکیا (TTB) و یەکێتی ژووری ئەندازیاران و بیناسازانی تورکیا (TMMOB) ئامادە کرابوو.

دێرسیم

جەماوەرە لە شەقامی هونەرەوە هەتا گۆڕەپانی سەید ڕەزا ڕێپێوانیان کرد و سەرنجیان خستەسەر کۆمەڵکوژی کرێکاران و تاڵانکردنی سروشت. هەروەها لە وتارەکاندا ئاماژە بە تێکۆشانی ڕێکخراوەکان لە دژی سیاسەتی قەیوم، گوشارەکانی سەر سەندیکاکان و لەناوبردنی سروشت کرا.

ئێلح

هەروەها لە ئێلح لە پارکی یڵماز گونای ڕێپێوانێک بەڕێوەچوو. لە میانەی ڕێپێوانەکەدا داواکارییەکانی "کار، ئاشتی و دیموکراسی" بەرزکرایەوە. لە ڕێپێوانەکەدا جیهان توزون هاوسەرۆکی لقی( SES ) وتاری پێشکەشکرد و ڕایگەیاند؛ "بە ڕێکخستن سوودمەند دەبین". چالاکییەکە بە سەما و جۆشەوە کۆتایی هات.

ئەرزینجان و خارپێت

هەروەها لە گردبوونەوەکانی جمهوریەتی ئەرزینجان و بازاڕی پێنجشەمی خارپێت بەڕێوەچوو، داواکاری کار، ئاشتی و ئازادی بەرز کرایەوە و سەمایان کرد.

چەولیگ

لە میانی چالاکییەکەی چەولیگدا سەرۆکی لقی عەگیتیم سەن، موراد کۆرلائەلچی، سەرنجی خستەسەر سیاسەتەکانی دژە پەنابەران، لەناوبردنی سروشت و هێرشکردنە سەر ڕەنجی ژنان. چالاکییەکە بە سەما و وتنەوەی دروشمەکان کۆتایی هات.

سێرت

لە میانەی چالاکییەکانی گۆڕەپانی دیموکراسیدا، بانگەوازی "گەورەکردنی بەرخۆدان بۆ سەرکەوتنی کار"  کرا. هاوکات جەماوەر، کاسبکاران لە ڕێپێوانەکەدا بە نیشانەی سەرکەوتن و پشتگیری هەلهەلە و چەپڵەیان لێدا.