بە بەشداری ١٠٠کەسایەتی کۆنگرەی دیالۆگی عەرەبی-کوردی دەستیپێکرد

لە بەغدادی پایتەختی عێراق، بەبەشداری زیاتر لە ١٠٠کەسایەتی جیاواز لە سەرانسەری عێراقەوە، کۆنگرەی "بەرەو دیالۆگێکی عەرەبی-کوردیی سەرکەوتوو" دەستیپێکرد، لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی گەلان و کۆمەڵگای دیموکراتیک.

بەدەستپێشخەریی ئەکادیمیای سیاسەت و هزری دیموکراتی و هاوکاریی هەریەک لە کۆمەڵەی ئازادیی بۆ کوردانی فەیلی عێراق، دەزگای ستاندار، ڕێکخراوی مرۆیی ڕۆڵەکانی شەنگال و کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا، لە شاری بەغدادی پایتەختی عێراق، کۆنگرەی "بەرەو دیالۆگێکی عەرەبی-کوردیی سەرکەوتوو" دەستیپێکرد.

لە کۆنگرەەکەدا زیاتر لە ١٠٠میوان لە کەسانی ئەکادیمیسیان، ڕۆشنبیر، نوسەر، کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، لە هەردوو نەتەوەی کورد و عەرەب و سەرجەم  پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەکانی عێراقەوە، بەشدارییان کردووە.

کۆنگرەکە یەک ڕۆژ دەخایەنێت و تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوامدەبێت،  وابڕیارە لەدرێژەی کۆنگرەەکەدا وتاری دەستپێکردن لەلایەن ئەندامێکی لیژنەی ئامادەکارەوە پێشکەش بکرێت، دواتر وتاری هەریەک لەو لایەنانەی کە دەستپێشخەری ئەنجامدانی کۆنگرەەکەبوون پێشکەش دەکرێت.

کار و بەرنامەی کۆنگرە:-

کۆنگرەەکە لە دوو پانێڵی سەرەکی پێكدێت، هەر پانێڵێکیان چوار تەوەر لە خۆدەگرێت

تەوەرەکانی پانێڵی یەکەم "خەباتی هاوبەشی عەرەب و کورد بەدرێژایی مێژوو" کە لەلایەن د.سەیف عەدنان کازمەوە پێشکەشدەکرێت، تەوەری دووەم " کاریگەری دەوڵەت-نەتەوە لەسەر پەیوەندی عەرەب و کورد" کە لەلایەن د. عەلی مەهدییەوە پێشکەشدەکرێت، تەوەری سێییەم " کاریگەریی سیاسەتی داگیرکاریی نێودەوڵەتی و مەترسییەکانی پرۆژەی عوسمانی نوێ لەسەر عێراق" کە لەلایەن حەسەن جودییەوە پێشکەشدەکرێت، تەوەری چوارەمیش " ڕۆڵی ژنانی عەرەب و کورد، لە گۆڕینی هزری کۆمەڵگەی عێراق" کە لەلایەن نەجیبە قەرەداغییەوە پێشکەشدەکرێت.

تەوەرەکانی پانێڵی دووەم " چەمکی جەنگ و ئاشتی" کە لەلایەن شۆڕش عەباچییەوە پێشکەشدەکرێت" تەوەری دووەم "ململانێی هاوبەشی نێوان عەرەب و کورد لە ئێستادا" کە لەلایەن پرۆفیسۆر حیکمەت حەبیبەوە پێشکەشدەکرێت، تەوەری سێیەم"گرنگی شۆڕشی هزری دیموکراسی لە عێراق، ناسیۆنالیزم، ئاین، نەتەوە " کە لەلایەن شێخ ئازاد عەبدالەوە پێشکەشدەکرێت، تەوەری چوارەمیش " دەوڵەتی هاوڵاتییبوون و نەتەوەی دیموکراتیک، پرۆژە چارەسەرییە پێشنیارکراوەکان بۆ ستراتیژی ناوچەکە" کە لەلایەن د.کامیران بەروارییەوە پێشکەشدەکرێت.

لە کۆتاییشدا ئەنجامنامەی کۆنگرەەکە لە بەیاننامەیەکدا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا بۆ ڕایگشتی دەخرێتەڕوو.

جێگای ئاماژەیە، جاری یەکەمە لە سەر ئاستی عێراق، کۆنگرەێكی بەم شێوەیە کە زەمینەسازی بۆ دیالۆگێکی دیموکراتی و پێکەوەیی و ئاشتییانە بکاتەوە لە نێوان هەردوو نەتەوەی کورد و عەرەب لەسەر بنەمای پێکەوە ژیان و کۆمەڵگای دیموکراتیک، بەو شێوە فراوانە بەڕێوەبچێت.

ژ.ت