بە دیمەن

باقرخان: دەبێت پەرە بە ئاشتی بدەین

تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی دەم پارتی لە گردبوونەوەی ١ی ئایاری ئامەد دا قسەی کرد و ڕایگەیاند؛ ڕێبەر ئاپۆ وتی: "سەرمایەداری هیواکانمان دەدزێت" و لەبەردەوامیدا وتی: "مەزنکردنی هیوا، ئیرادە و ئاشتی لە ئەستۆی ئێمەدایە."

لە شاری ئامەد، گردبوونەوەی ١ی ئایار بە پێشەنگایەتی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی گشتی (KESK)، کۆنفیدڕاسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی شۆڕشگێڕ (DÎSK)، یەکێتی ژوورەکانی ئەندازیاران و بیناسازانی تورکیا (TMMOB) و سەندیکای پزیشکانی تورکیا (TTB)، لە گۆڕەپانی وێستگە بە دروشمی "ئێمە بۆ ئازادی ڕەنجەکانمان و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، لە گۆڕەپانەکانداین" لە گردبوونەوەکەدا تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی دەم پارتی قسەی کرد.

تونجەر باقرخان وێڕای بەبیرهێنانەوەی ئەو کەسە ڕەنجدەر و تێکۆشەرانەی کە لە تێکۆشانی ئاشتی، ئازادی و دیموکراسیدا گیانیان لەدەستداوە، ڕایگەیاند کە ڕەنجدەران و زەحمەتکێشان شایانی ژیانێکی مرۆڤین و وتی: "لەبەرئەوەی سەرچاوەکان بۆ سیاسەتی شەڕ تەرخان دەکرێن، لە نان و سفرەکانتان دزی و تاڵانی دەکرێت. ئاشتی بەبێ کار و کرێکار مەحاڵە. "دەبێت ١ی ئایار ببێتە بۆنەیەک بۆ تێکۆشانێکی بەهێزتر."

'ڕێبەر ئاپۆ وتی، سەرمایەداری هیواکانمان دەدزێت'

باقرخان لە میانەی قسەکانیدا سەرنجی بۆ بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ ڕاکێشا و وتی: "بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بانگەوازێکە کە هاوکات لە گەڵ ئاشتیدا ماف و ڕەنجی کرێکاران دەپارێزێت، ئەگەر ئێمە کرێکاران، ستەملێکراوان، خانەنشینان، کورد و عەلەوییەکان خاوەنداری لەم بانگەوازە بکەین، داهاتویەکی خۆش چاوەڕێمان دەکات. ئەگەر ئەم بانگەوازە جێبەجێ بکرێت، ئەوا ئەو سەرچاوانەی کە بۆ شەڕ بەکار دەهێنرێن، دەگەڕێتەوە بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان بۆیە خاوەنداری کردن لەم بانگەوازە گەورەترین ئەرکی ئێوەی کرێکارانە."

سیستەم، مافی ڕەنجدەران و کرێکاران پێشکەش بە سەرمایەدارەکان دەکات. بۆیە پێویستە یەکبگرین و بەهێز بین. چوار سەعات لە دوورگەی ئیمرالی لەگەڵ بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان ماینەوە. زۆرترین قسەی لەسەر ڕەنجدەران و کرێکاران، گەنجان و ژنان کرد. بەڕێز ئۆجالان ڕایگەیاند: "سەرمایەداری هیواکانمان دەدزێت". بۆیە ئەرکی ئێمە هەموومانە پەرە بە هیواکانمان بدەین. وەرن خاوەنداری لەم بانگەوازەوە بکەین و ئاشتی کۆمەڵایەتی بەرقەرار بکەین و پرسی مافی کرێکاران بخەینە پێشی هەموو شتێکەوە.

دەم پارتی هەمیشە پشتیوانی کرێکاران بووە. ئازادیمان بەیەکەوە گرێدراوە. لە تورکیایەک کە کێشەی کرێکاران نەمێنێ و مافی کرێکاران بدرێت، بە دڵنیاییەوە پرسی کوردیش چارەسەر دەبێت. بۆیە ئەگەر ئێمە لەم سیستەمە ناڕازین، پێویستە پێکەوە دەست بە تێکۆشانی هاوبەش بکەین.

دوای وتارەکان هونەرمەند حەلیم عومەری هاتە سەر شانۆ و گردبوونەوەکە بە سەماکردن و وتنەوەی دروشمەکان کۆتایی هات.