بە دیمەن

بەڵێنی تێکۆشان و پەیامی کۆتایی عەگید ڕۆژ

عەگید ڕۆژ ڕۆژنامەنووسی شۆڕشگێڕی عەفرین، بە کامێرای خۆی، تێکۆشان و هیوای گەلەکەی لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەگواستەوە. لە بەرەکانی پێشەوە بوو و فیداکارییەکانی شەهیدانی تۆمار دەکرد و بۆ گەلەکەی دەگواستەوە.

عەگید ڕۆژ

لە دنیایەکی زۆر تاریکیدا، ڕۆژنامەنووس عەگید ڕۆژ، ڕۆڵەی چیای عەفرین، بوو بە چرای هیوا، دڵی بۆ ڕاستی و دادپەروەری لێدەدا. نەک هەر کامێرای هەڵگرتبوو، بەڵکوو خەم و هیوای گەلەکەیشی لە دڵدا هەڵگرتبوو و بە سایەی شەڕ و داگیرکارییەوە باری ئازار و ئێشەکانیشی هەڵگرتبوو.

لە ناوەندی هەر شەڕێکدا، عەگید بەرەکانی پێشەوەی شەڕەکانی هەڵدەبژارد و ڕاستییەکانی تۆمار دەکرد و بۆ گەلەکەی دەگواستەوە. ڕێگە سەختەکانی تێپەڕاند و بەسەر شاخە بەرزەکانی عەفرین دا کە شاهیدی ئەم خاکە دێرین و هاواری بێکۆتاییە بۆ ئازادی بوو سەرکەوت. لەو کاتانەدا کە خوێن بەسەر ئەو خاکەدا دەڕژا کە لە ژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکدا بوو، نەک هەر بۆ گواستنەوەی هەواڵەکان، بەڵکو لە گەیاندنی ڕاستییەکان، لە نزیکەوە شاهیدی فیداکاری شەهیدان و ئازاری بریندارانی تێکۆشان بوو. عەگید لە مێژووی بەرخۆداندا هێلێکی نوێی دەنووسیەوە.

ڕۆڵی ئەو تەنها ڕۆژنامەوانی و تۆمارکردنی ڕووداوەکان نەبوو. بەڵکوو ڕۆڵێکی گەورەی لە بنیاتنانی هۆشیاری کۆمەڵایەتی بوو لە ڕێگەی ڕۆحی بەرخۆدان و تێکۆشانەوە. عەگید زیاتر لە شایەتحاڵێکی رووداوەکان، لە تۆمارکردنی ڕژاندنی خوێنی بێتاوانی ئەو گەلەدا ئامێرێکی زیندوو بوو. ئێش و ئازارەکانی گەلی بە هەموو ڕاستگۆییەکەوە دەگواستەوە. سەرەڕای ئەو هەموو مەترسیانەی کە لە دەوری بوون، بەڵام بە ورەیەکی بەرزەوە درێژەی بە کاری ڕۆژنامەوانییەکەی دەدا و لە گواستنەوەی ڕاستییەکان پاشەکشەی نەکرد.

لە عەفرینەوە دەستی پێکرد

عەگید ڕۆژ لە عەفرین لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز کە چەندین شەهید و تێکۆشەری قارەمانی بەرخۆدانی بەرهەمهێناوە لەدایک بووە. هەر لە سەرەتای شۆڕشی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە بەشداری تێکۆشانی شۆڕشگێڕانە و پاراستنی ڕەوا بوو. پاشان ڕۆژنامەوانی هەڵبژارد و بەساڵان لە ڕاگەیاندنی ئازاددا ماندوو نەناسانە تێکۆشانی دەکرد.

بەرخۆدانی عەفرین، شەهبا و حەڵەبی تۆمار کرد

لەو ساڵانەدا ڕووماڵی بەرخۆدانی عەفرین و ناوچەی شەهبا و حەڵەبی دەکرد و ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگاریی ئەو ناوچانەی لە نزیکەوە تۆمار دەکرد. لە ساڵی ٢٠١٨دا، عەگید ڕۆژ لە گواستنەوەی ڕاستیەکانی بەرخۆدانی عەفرین کە زیاتر لە ٢ مانگ لەگەڵ شەڕڤانان دەبێت بەردەوام بوو لە کارەکانی. هەروەها دۆخی ئاوارەکانی لە ناوچەکانی شەهبای وەک خۆی تومار و گواستەوە.

لە عەفرینەوە تا شەهبا هەنگاوەکانی عەگید لە چوارچێوەی ڕێپێوانی ئازادی و شایەتی ئیرادە و بەرخۆدانی گەل بوو. لە ناخی هەر هەنگاوێکیدا بیرۆکەیەکی شۆڕشگێڕیی پڕ لە هیوا و ئیرادە بوو. عەگید لە چیاکانی عەفرین، ئەو چیایانەی کە بوونەتە سیمبولی بەرخۆدانی گەلی کورد، دەڕۆیشت و بە هەنگاوی متمانە بەخۆبوون، بە پێوەر و بەهاکانی ئازادی لە ناخیدا کە قبووڵی کردبوو، ڕێگاکەی بەردەوام دەکرد. لە هەر هەنگاوێکدا بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆی بە بنەما وەردەگرت و لەو باوەڕەدا بوو کە؛ ئازادی نابەخشرێت، بەدەست دەهێنرێت. لەسەر ئەم بیرۆکە شۆڕشگێڕییە باشتر ڕێگاکانی بۆ ڕوون دەبووەوە.

عەگید تەنها لە شەڕدا شەڕڤانێک نەبوو، ئەرکی گەیاندنی ڕاستیەکان بوو بە جیهانی دەرەوە. دۆزی ڕەوای گەلەکەی بە هەموو  لایەک دناساند کە دەیانەوێت بە ئازادی بژین و کۆتایی بە شەر و داگیرکاریی بهێنن. ئەو بوو بە ڕاگەیاندکارێکی دڵسۆزی مێژووی گەلەکەی و خەونی ئازادی. هەنگاوەکانی عەگید بە گواستنەوەی ڕاستییەکان نەک هەر بە مانای بەرخۆدان بوو، بەڵکو بوونە جەوهەری شەڕ دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورک. عەگید هەمیشە لە ماوەی تێکۆشانیدا سەلماندوویەتی کە تەنیا شەڕڤان نییە، بەڵکو شایەتحاڵی کۆمەڵکوژیی هاوڵاتیانی مەدەنیە و لە تومار کردنی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانیدا رەۆڵێکی کارای هەبوو لە گەیاندنی ڕاستیەکان بە جیهانی دەرەوە. هەمیشە دەیویست دەنگی گەلی عەفرین بگەیەنێتە جیهانی دەرەوە.

تێکۆشانی عەگید لە بیر و بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆەوە سەرچاوە دەگرێت کە بە فەلسەفەی ئازادی کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆی دژی ستەم و نادادپەروەری وەستاوەتەوە و هەوڵی بەدەست هێنانەوەی ئازادی و کەرامەتی گەلی کورد دەدات. بۆیە قەد تەسلیمیەتی قبووڵ نەدەکرد و وەک شۆڕشگێڕێکی فیدایی بەردەوامی بە تێکۆشان داوە.

بەڵێنی تێکۆشان و پەیامی دووایی عەگید

لە دوایین قسەکانماندا، عەگید ڕۆژ باسی بەرخۆدانی ماندوونەناسانەی گەل و شەڕڤانانی بەرەکانی پێشەوەی شەڕ و ئەو هیوایەی کە هیچ ڕادەست بوونێک ناناسێت بۆ باسکردم. خەونێکی لە دڵدا بوو: 'دەمانەوێت عەفرینی ئازاد بەچاو ببینین'. قسەکانی وەک ئاگرێک کە لە قووڵایی زەویدا هەڵدەدا، هێز و مۆڕاڵێکی باوەڕپێنەکراوی پێبەخشیم. نامەی دوواییەکەی کە بە دەستی خۆم نووسیبووم، بەڵێنێک بوو کە بە خۆمم دابوو کە ببمە دەنگی ئەو و لە هەموو نامە و وشەیەکدا تێکۆشانی بەرجەستە بکەم. ئەو نامەیە دیارییەک بوو کە بۆی بە بەجێی هێشتم، وەک هێزێکی هەمێشە زیندوو.