بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی: بڕیاری داخستنی حزبەکەمان قبووڵ ناکەین
حزبی بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی ڕایگەیاند بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق بۆ داخستنی حزبەکەیان و دەستبەسەراگرتنی ئۆفیس و ماڵ و موڵکیان ڕەت دەکەنەوە.
حزبی بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی ڕایگەیاند بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق بۆ داخستنی حزبەکەیان و دەستبەسەراگرتنی ئۆفیس و ماڵ و موڵکیان ڕەت دەکەنەوە.
حزبی بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی لە بەغدا دژی بڕیاری داخستنی حزبەکەیان و داخستنی بارەگا و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە داراییەکانیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان سازکرد و تیایدا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن ئەندامی دەستەی سەرکردایەتی حزبی بەرەی تێکۆشانی دیموکراسییەوە خوێنرایەوە، تێیدا گوترا: "بڕیارەکەی ئەنجومەنى دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی حزبەکەمان ڕەتدەکەینەوە. ئەم بڕیارە ناڕەوایە و سیاسییە و ئامانجی شێواندنی ناوبانگی و لاوازکردنی ڕۆڵی حزبەکەمانە لە گۆڕەپانی سیاسیدا".
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:
"ئەی ڕۆڵەکانی گەلی سەربەرزی عێراقمان، ئێوە کە هەمیشە قەڵغانێکی پارێزەر بوون بۆ نیشتمان لەبەرامبەر نادادپەروەری و ستەم و ستەمکاریدا، ئێوەن کە بەدەست سیستەمی پشکی تائیفی و گەندەڵی بەربڵاوەوە دەناڵێنن کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی سامانی میللەتەکەمان و هەوڵەکانی گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی شێواندووە.
ئەمڕۆ بانگەوازتان لێ دەکەین بۆ ئەوەی ڕاستی تەواو لەسەر هێرشی ناڕەوا و بڕیاری ناڕەوای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەدژی بەرەی تێکۆشان و دیموکراسی بزانن.
بە پشتبەستن بە بڕیاری دەسەڵاتی هەڵبژاردنی قەزایی کە لە ٨/١/٢٠٢٤ دەرچووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حزبەکەمان، بەرەی تێکۆشان و دیموکراسی و داخستنی بارەگاکانمان و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە داراییەکانمان، بە ڕای گشتی ڕادەگەیەنین کە بەرەکەمان ئاگادار نەکرایەوە لە بڕیاری دەسەڵاتی دادوەری بەڕێز، بەڵکو لە ڕێگەی میدیاوە ئاگاداری بوو و هیچ پەیوەندییەک بە حزبەکەمانەوە نەکراوە سەبارەت بەم بڕیارە.
ئامانجی کەمپەینەکە شێواندنی ناوبانگمان و زیانگەیاندن بە خەباتمانە. ئێمە لە بەرەی تێکۆشان و دیموکراسی، ڕێز لە دەستووری عێراق دەگرین و لە هەموو کارەکانماندا پابەندین پێیەوە ئێمە بە پێی یاسا کار دەکەین و بارەگاکانمان لای هەمووان ناسراون، و بنکەیەکی جەماوەرییە.
هەروەها بەرەی تێکۆشان و دیموکراسی پەیڕەو و بەرنامەی سیاسی خۆی بە پێی یاسای لایەنە سیاسییەکانی عێراق دامەزراندووە و لەسەر ئەو بنەمایە چالاکییەکانی ئەنجام دەدات و پابەندە بە چوارچێوەی یاساکانی عێراقەوە.
ئێمە هیچ کارێکمان ئەنجام نەداوە کە پێشێلی دەستوور بێت و شەفافانە بە پێی دینامیکی کۆمەڵایەتی کار دەکەین، ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە بەرەکەمان هیچ پەیوەندییەکی ڕێکخراوەیی و دارایی لەگەڵ هیچ لایەنێکی دەرەکیدا نییە، هەروەها پەیوەندی بە هیچ ڕەگەز و ئایین و مەزهەبییەکی دیاریکراوەوە نییە بەڵکوو بە یەکسانی لە هەموو کۆمەڵگای عێراق نزیک دەبینەوە.
ئەو تۆمەتانەی دەسەڵاتی دادوەری هەڵبژاردن پشتی پێ بەستووە بەپێی مادەی ٢٥ (١/٣)ی یاسای لایەنە سیاسییەکانی ژمارە ٣٦ی ساڵی ٢٠١٥، درۆ و بێ بنەمان، ئێمە حزبێکی سەربەخۆی عێراقین و هیچ پەیوەندییەکی ڕێکخراوەیی و داراییمان بە هیچ لایەنێکی دەرەکییەوە نییە، بە ئاشکرا بە پێی یاسا و دەستووری عێراق کار دەکەین.
ئێمە بە یەکجاری ئەم بڕیارە ڕەتدەکەینەوە و ئەو بڕیارە لە دژی ئێمە دەرچووە بە بڕیارێکی سیاسی دەزانین کە ئامانجی دوورخستنەوەی ئێمەیە لە گۆڕەپانی سیاسی بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی کۆنکرێتیمان پێشکەش بکات کە هیچ پێشێلکارییەکی یاساییمان ئەنجامداوە، بڕیارەکەی دەزگای دادوەری واینیشانداوە کە بەرەکەمان یاسایی پێشێل کردبێت، کاریگەرییەکی چەواشەکارانەی دروستکرد، لەکاتێکدا ڕاستییەکە ئەوەیە کە بڕیارەکە هیچ نییە جگە لە هەوڵێک بۆ نەهێشتنی حزبەکەی ئێمە لەڕووی سیاسییەوە و شێواندنی وێنەمانە لەبەردەم بینەری دڵسۆزماندا، و ئەوەش مەترسی لەسەر ژیان و سەلامەتی ئەندامانی دەستە و سەرکردایەتییەکەمان دروست دەکات.
ئێمە دڵنیاین کە هێزی سیاسی هەیە هەوڵی گوشار و ڕەشبگیری دەدات بە ئامانجی پەردەپۆشکردنی پرسە بنەڕەتییەکانی پەیوەست بە سەروەری و سەربەخۆیی عێراق.
بەرەی تێکۆشان و دیموکراسی حیزبێکی ڕەسەنی عێراقییە کە لە لانکەی ئەم وڵاتەدا سەریهەڵداوە و شانازی بە پەیوەستبوونی بەم خاکەوە دەکات، ئێمە لە دڵ و مێشکماندا هەڵگری پڕۆژەیەکی نیشتمانی گەورەین کە ئامانجی بەدیهێنانی گەشەپێدان و خۆشگوزەرانییە بۆ هەموو گەلی عێراق، هەروەها کاردەکەین بۆ چەسپاندنی بنەماکانی یەکڕیزی نیشتمانی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو پڕۆژانەی کە هەوڵی دابەشکردنی پەیکەری کۆمەڵایەتیمان دەدەن.
ئێمە باوەڕێکی پتەومان بە پێکەوەژیان و ئاشتی مەدەنی هەیە، هەروەها باوەڕمان بە ئازادیی ژنان هەیە، چونکە ئازادی ژن بە واتای ئازادی بۆ هەموو کۆمەڵگایە، هەروەها کاردەکەین بۆ بڵاوکردنەوەی کولتوورێکی دیموکراسی ڕاستەقینە و ڕۆحی بەشداریکردن لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلەکەماندا، هیوادارین دەسەڵاتی دادوەری بەدواداچوون بۆ پاڵنەرە ڕاستەقینەکانی پشت ئەم بڕیارە بکات، کە لە ئەنجامی هەڵوێستە تائیفەگەرییەکانەوە هات و هەڵاواردنی نەتەوەیی ڕەتدەکەینەوە و داوای دادپەروەری و یەکسانی دەکەن.
هەڵمەتی چەواشەکاری کە لە ڕێگەی میدیاوە بەرەی ئێمە دەکاتە ئامانج، ئەو هەڵمەتەش هیچ نییە جگە لە هەوڵێکی نەزانانە بۆ تێکدانی ئیرادەمان بۆ خزمەتکردنی گەلەکەمان و وڵاتەکەمان.
لە کۆتاییدا دووپاتی دەکەینەوە کە بە هەموو ئامرازە یاساییە بەردەستەکان ڕووبەڕووی ئەو بڕیارە ناڕەوایە دەبینەوە، پابەند دەبین بە پرەنسیپ و ئامانجە بەرزەکانمان لە خزمەتکردنی عێراق و گەلەکەیدا و بە هەموو هێز و خۆڕاگرییەکەوە، بە پشتبەستن بە خەبات بەردەوام دەبین پشتیوانی گەلی بە پەرۆشی عێراق. لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و یاساکانی کارپێکراودا، بەرەکەمان بەردەوام دەبێت لە بەهێزکردنی پڕۆژەی دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی خۆی، پابەندە بە پرەنسیپە دیموکراسییەکانەوە، ئێمە سەرەڕای هەموو ئەو فشارانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوە بەردەوام دەبین لە پابەندبوون بەم ڕێبازە و بەردەوام دەبین لە کارەکانمان دژی ئەم بڕیارە و خەباتمان بۆ شکستپێهێنانی، بە یارمەتی خودا".