بەشتاش: دەیانەوێت ئۆپۆزسیۆن دیزاین بکەین

مەڕاڵ دانش بەشتاش سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە رایگەیاند، گفتوگۆ لەبارەی دەستوری بنەرەتی نوێ، گوڕینی یاسای هەڵبژاردنەکانو هەوڵی تەسفیەکردنی هەدەپە، هەوڵێکە بۆ دیزاینکردنی ئۆپۆزسیۆن.

مەڕاڵ دانش بەشتاش سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی بۆ  سەر هەدەپە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

مەڕال دانش بەشتاش ئاماژەی بە قسە و هەوڵەکانی دەسەڵاتداراندا بۆ داخستنی هەدەپە و رایگەیاند، ئەوانەی ناتوانن سیاسەت بکەن، ناتوانن چارەسەر بۆ کێشەکانی گەلانی تورکیا بدۆزنەوە و لە رێگای هێرشەکانیان لەدژی هەدەپە دەیانەوێت هەبوونی خۆیان بپارێزن.

بەشتاش باسی ئەوەی کرد، مەبەستی دەسەڵات لە قسەیەی کە دەڵێت 'داهاتووی تورکیا" واتە داهاتووی خۆیانە و وتی، "تورکیا بێ پەکەکە نابێت. هەدەپە بە تەیکیدی دەبێت. هەدەپەش دابخەن، هەر بەردەوام دەبێت. بە ملیۆنان کەس پشتگیری لە هەدەپە دەکەن و ناتوانن بە جارێک لەناوی ببەن و نابێتە پارتێکی دیکە، پێویستە ئەم راستیە بە باشی ببینرێت."

بەشتاش بەبیریهێنایەوە کە هەدەپە پارتیەکە کە بە پێی یاساکان دامەزراوە، بە شێوەیەکی رەوا و دیموکراتی سیاسەت دەکات و رایگەیاند کە خەباتیان لەم چوارچێوەیەدا بەردەوام دەبێت. ئەوان وەک پارتەکانی دیکە قسەی لەبەرکراو ناڵێن و لە ئێستاشدا سیاسەت چەقیبەستووە.

مەڕاڵ دانش بەشتاش لەبارەی هەوڵەکان بۆ لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتاری لە پەرلەمەنتارانی هەدەپە رایگەیاند، دۆسیەی نوێیان هێناوە و وتی، " ئێستا نزیکەی ٢٠٠ دۆسیە هەیە. پێشتر دەستووری بەڕەتیش گۆڕا، زۆربەی هاوڕێکانمان دەستگیرکران. هەدەپە گەورەتر بوو و بەردەوامی بە کارەکانیدا، بۆیەش ئەو قسانەی لەسەر مافی پارێزبەندی دەکرێن، بە ڕای ئێمە هەوڵێکە بۆ هەڵخەڵەتاندن. لیرەدا ئامانج ئەوەیە بەردەوامی بە هەبوونی خۆیان بدەن، لەبەرئەوەی هەدەپە لە ئاستێکدایە کە دەتوانێت ئەنجام و هاوسەنگیەکان هەمووان بگۆڕێت. بە هەمان شێوە، گفتوگۆ لەبارەی پارتەکەمان و قەدەغەکردنی بۆ ٥ ساڵ بە تەنها گفتوگۆیەکە. لەبەرئەوەی ئاکەپە و مەهەپە ئەو هێزەیان نییە دەستووری بنەڕەتی بگۆڕن. ئەو هەوڵانە بۆ دیزاینکردنی ئۆپۆزسیۆنە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە. مێژووی جیهان و تورکیا دەریخستووە کە ئەگەر دەسەڵاتدارێک یاری بە یاساکانی هەڵبژاردن بکات، شکست دەهێنێت."

ف.ق