چالاکیی زیندانیان گەیشتە ١٢هەمین ڕۆژ: کەمپەینەکە سەردەخەین
زیندانیانی پەکەکە لە زیندانی تیپی (H)ـی ئەسکیشەهیر ١٢ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە، داوا دەکەن هەمووان کەمپەینی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" سەربخەن.
زیندانیانی پەکەکە لە زیندانی تیپی (H)ـی ئەسکیشەهیر ١٢ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە، داوا دەکەن هەمووان کەمپەینی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" سەربخەن.
زیندانیان لە زیندانەکانی تورکیا و کوردستان بە داخوازی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد"، ١٢ ڕۆژە بەردوامن لە مانگرتن لە خواردنی بەنۆرە.
چالاکییەکان لە ٢٧ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ـەوە لە چوارچێوەی کەمپەینی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" دەستی پێ کردووە. زیندانیانی پەکەکە لە زیندانی تیپی (H)ـی ئەسکیشەهیر داوا لە هەمووان دەکەن هەرچیەکیان لەدەست دێت ئەنجامی بدەن بۆ سەرخستنی کەمپەینەکە.
ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە:
"ڕێبەری گەلی کورد بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، ٢٥ ساڵە لە زیندانی ئیمراڵی لەنێو سیستەمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەدا دەهێڵرێتەوە، ئەم سیستەمە لە هیچ شوێنێکدا نموونەی نییە. ناتوانێت سود لە هیچ مافێکی یاسایی وەربگرێت، ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەران ئاستەنگ دەکرێت و نزیکەی ٣ ساڵە، هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نییە، ئەم ڕەوشە گەیشتۆتە ئاستێک، هەڕەشە لە تەندروستی و ژیانی دەکات.
ڕژێمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەدان لە زیندانی ئیمراڵی پێشێلکارییەکی ئاشکرای پێوەرە یاساییە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکانە، کەچی تادێت ئەم سەختتر دەکرێت. ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی وەک (سی. پی. تی.) کە بەرپرسیارە لە ڕێگرتن لە ئەشکەنجە، لە بەرامبەر ئەمەدا کپ بوون و هاوبەشن لەم کارەدا.
لەگەڵ سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری لە زیندانی ئیمراڵی و هەروەها تێگەی شەڕ بۆ سەرکوتکردنی تێکۆشانی دیموکراسی و یەکسانی و ئازادیی گەلی کورد لە ماوەی ٨ ساڵی ڕابردوودا، سیستەمی دەوڵەت و بونیادی جڤاکی بەشێوەیەکی سەراپاگیر کەوتۆتە قەیرانێکی بنەڕەتییەوە. بەردەوامیی شەڕ قەیرانەکە سەختتر دەکات. ڕێگای ڕزگاربوون لەو قەیرانە، کۆتاییهێنانە بە سیستمی گۆشەگیریی ئیمراڵی، مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کوردە.
سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی قبووڵ ناکەین
وەک زیندانیانی پەکەکە لە زیندانی تیپی (H)ـی ئەسکیشەهیر، ئەم سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیرییەی ئیمراڵی قبووڵ ناکەین، کە لە کەسێتی ڕێبەرماندا لەسەر ئێمە و گەلەکەمان و گەلاندا دەسەپێنرێت لە دەرەوەی هەموو پێوەرە یاسایی و ئەخلاقی و ویژدانییەکان. ڕێبەرمان بۆ ئێمە پاساوی ژیانە. ئازادی ڕێبەرمان وەک ئازادی گەلی کورد، ئازادی گەلانی بندەست و ئازادی جڤاکی دیموکراتیک دەبینین. بۆ ئەوەی ببینە بەشێک لە کەمپەینی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد"، لە ٢٧ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ دەستمان کرد بە مانگرتن لە خواردنی بەنۆرە و بەردەوام دەبین.
کەمپەینەکە سەردەخەین
بانگەواز لە گەلەکەمان و گەلەکانمان، لە ژنان و گەنجان، کرێکاران و هێزە دیموکراتیک و شۆڕشگێڕەکان و هەموو مرۆڤدۆستێک دەکەین، بەشداری کەمپەینەکە بکەن و هەر چیان پێ دەکرێت بۆ سەرخستنی کەمپەینەکە ئەنجامی بدەن. لەسەر بناغەی ئەو باوەڕەی هەموومان پێکەوە سەردەکەوین، سڵاو و ڕێزی خۆمان ئاراستەی هەمووان دەکەین".