چالاکییەکانی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی": گۆشەگیری تاکە ئاستەنگی بەردەم ئاشتییە

لە چالاکییەکانی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی" بە پێشەنگایەتی بنەماڵەی زیندانیان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، دووپاتکرایەوە، گۆشەگیری تاکە ئاستەنگی بەردەم ئازادی و ئاشتییە و داواکرا گۆشەگیری هەڵبگیرێت.

گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی تیپی F ی ئاسایشی بڵندی ئیمراڵی بەردەوامە، چالاکییەکانی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی" بە پێشەنگایەتی بنەماڵەی زیندانیان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" بەردەوامە.

مێرسین

چالاکی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی" بە پێشەنگایەتی بنەماڵەی زیندانیان لە مێرسین بەردەوامە، ئەمڕۆش لەبەردەم زیندانی تاراسوس چالاکی دانیشتن ئەنجامدرا، لە چالاکییەکەدا کە پێی ناوەتە هەفتەی دەیەمین، درووشمی "زیندانیان شکۆی ئێمەن" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" بەرزکرایەوە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی شارەکە، ڕەشاد ئاشان تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: "گۆشەگیری سەر ئۆجالان هەڵبگرن، ڕێگەی دیالۆگ و دانوستان بکەنەوە. سیستەمی گۆشەگیری لە ئیمراڵیەوە دەستی پێکرد و بە هەموو وڵاتدا بڵاوبووەوە. تا گۆشەگیری هەڵدەگیرێت، چالاکییەکانمان بەردەوام دەبێت. ئەو کەسانەی وڵات بەڕێوەدەبەن دەزانن کە گۆشەگیری وڵات بەرەو ئاژاوە دەبات. بۆیە ئەوەی گەورەترین زیان بە وڵات دەگەیەنێت، دەسەڵاتی ئاکەپەیە. ئەگەر دەتانەوێت دیموکراسی و دادپەروەری بچەسپێت، دەستبەجێ سیستەمی گۆشەگیری هەڵبگرن".

ڕاگەیاندراوەکە بە چالاکی دانیشتن و درووشم کۆتایی هات.

ئەزمیر

کۆمەڵەی پشتیوانی و هاوکاری بنەماڵەی زیندانیان و حکومدراوانی ئەگێ لە ئەزمیر لەبەردەم زیندانی کرکلار کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەست. ئامادەبووان یەلەکی "گۆشەگیری تاوانی مرۆڤایەتییە"یان پۆشی و درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان"یان بەرزکردەوە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەزمیر، محەمەد کوروش قوربانیانی ئاگرەکەی کوردستانی بیرهێنایەوە و هۆکاری کارەساتەکەی گەڕاندەوە بۆ کەمتەرخەمی لایەنە پەیوەندیدارەکان.

کوروش گوتی: "ئێمە دەمانەوێت زیندانیان لە ژینگەیەکدا بن تێیدا بتوانن وەک مرۆڤ بژین، هەروەها دەمانەوێت گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەڵبگیرێت. ئەم وڵاتە پێویستی بە ئازادی و دیموکراسی و ئاشتییە. تاکە ئاستەنگی بەردەم ئاشتی، گۆشەگیرییە. بۆیە دەڵێین کە گۆشەگیری تاوانی مرۆڤایەتییە و پێویستە دەمودەست هەڵبگیرێت".

چالاکییەکە، پاش چالاکی دانیشتن و هەلهەلە و درووشم کۆتایی هات.