چەکی سەرەکیی داگیرکەران لە دژی کوردان؛ گازی کیمیایی

گازی کیمیایی لە دێرسیم تاوەکو هەڵەبجە چەکی سەرەکیی هێزە داگیرکەرەکان بوو. ئەمجارە لە گارەش بەکاریان هێنا. سەرباری ئەوەى سەلمێنراوە، کە سوپای تورک چەکی کیمیایی و قەدەغەکراوی هەیە، بەڵام دامەزراوە و رێکخراوە نێونەتەوەییەکان بێدەنگن.

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەریی پەکەکە لەبارەی هێرشی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گارە لە رۆژانی ١٠-١٤ی شوباتی ٢٠٢١دا لە کەناڵی ئاسمانیی ستێرک تیڤی لەبارەی ئامار و زانیارییەکانی شەڕەکەوە زانیاریی سەرنجڕاکێشی خستەڕوو. قەرەیلان رایگەیاند، دەوڵەتی تورک لە گارە چەکی کیمیایی بەکارهێناو و بەوەش کۆمەڵکوژیی ئەنجامداوە، بۆیە داوای لە شاند و لیژنەیەکی سەربەخۆ کرد، کە بڕۆنە ناوچەکە و لێکۆڵینەوە لەو تاوانەى سوپای تورکی داگیرکەر بکەن.

زۆر جاری تریش بە وێنە و ڤیدیۆ و بەڵگەوە سەلمێنراوە، کە سوپای تورک گازی کیمیایی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە، بەڵام سەرباری ئەوەش دامەزاروە و رێکخراوە نێونەتەوەییەکان و دەوڵەتە رۆژئاواییەکان بە پێویستی نازانن لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتە بکەن.

لە ساڵی ١٩٨٦دا فەرمانی "گازی ژەهراوی بەکاربهێنن" بە سەربازان درا

دوای ئەوەى لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤دا بە پێشەنگایەتیی پەکەکە تێکۆشانی چەکداری دەستیپێکرد، سوپای تورک هەم توانا و قەبارەی گازە کیمیاوییەکانی خۆی زیاد کرد و هەم فەرمانی بە سەربازەکانی کرد، کە گازی ژەهراوی بەکار بهێنن. بەڵگە سەرەتاییەکان لەوبارەیەوە لە ساڵانی ١٩٨٠دا ئاشکرا بوون. فەرماندەیی هێزە وشکانییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی فەرماندەیی گشتیی تورک لە ٢٥ی شوباتی ١٩٨٦دا فەرمانی دا "ئەگەر پێویست بوو بۆمبێک بەکار بهێنن، کە دەبێتە هۆی سوتاندنەوەى چاوی مرۆڤەکان و رشاندنەوەیان" و تونێل  ئەشکەوتەکانیش پڕ بکەن لە  "گازی ژەهراوی".

ئەو بەڵگەیە لە ژمارەی ٢٣ی تەممووزی ١٩٨٩ لە گۆڤاری " ئیکیبینە دۆگرۆ - Îkîbîne Dogrû " بڵاوکرایەوە، کە ئیمزای گەورە جەراڵ نەجدەت ئۆزتۆسونی لەسەر بوو. هێزە چەکدارەکانی دەوڵەت تورک ساڵەهای ساڵ لەبارەی ئەو بەڵگەیەوە بێدەنگ بوون. دوای چەندین ساڵ و لە ساڵی ٢٠١٠دا بابەتەکە بووە رۆژەڤی حکومەتی ئەڵمانیا، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە کانوونی یەکەمی ٢٠١١دا رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن، کە ئاخۆ فەرمانێکی لەو شێوەیە هەیە یان نا، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان لە لێکۆڵینەوەکەیان بە دەست نەهێنا، یان بڵاویان نەکردەوە.

مانۆڕ و راهێنانی گازی کیمیایی لە کەناڵی تی ئاڕ تی (TRT)ی دەوڵەتی تورک بڵاوکرایەوە

دەوڵەتی تورک بە پێویستی نەدەزانی گازی کیمیای لە عەمبارە سەربازییەکانیدا بشارێتەوە. ساڵی ٢٠٠٤ لە کەناڵی فەرمیی دەوڵەتی تورک (تی ئاڕ تی - TRT) دیکۆمێنتارییەک بە ناوی "یەکەى دژە تیرۆر" بڵاوکرایەوە و تیایدا ئەوە نیشاندرا، کە سەربازانی تورک تاقیکردنەوە لەسەر بۆمبێک دەکەن، کە چاوی مرۆڤ دەسوتێنێتەوە. لە دیمەنەکاندا ئەوە دەبینرا، ک دوای ئەوەى بۆمبی تێکدانیان هەڵدەدایە ئەشکەوتەکانەوە، بۆمبێک کە چاو دەسوتێنێتەوە هەڵدەدەنە ناو ئەشکەوتەکانەوە و دوکەڵێکی زۆر بە ناوچەکەدا بڵاو دەکاتەوە.

پسپۆڕان رایانگەیاند، ئەو دوکەڵە زۆرە دوکەڵی بۆمبی کیمیاییە و ئەوەش گومان و نیگەرانیی بۆ دروستکردوون. رێکخراوی رێگریکردن و قەدەغەکردنی چەکە کیمیاییەکان (ئۆ پی سی دەبیلو - OPCW) رێگا دەدات بەوەى پۆلیس گازی سوتاندنەوەى چاو لە دژی خۆپیشاندەران بەکار بهێنێت، بەڵام  ئەو گازە لە شوێنی داخراودا بە چڕی بەکار بهێنرێت دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی مرۆڤ، بۆیە بە تەواوی بەکارهێنانی لە شوێنە داخراوەکاندا قەدەغە کردووە و نابێت ئەو گازە لە هیچ دۆخێکی سەربازیشیدا بەکار بهێنرێت، بەڵام سەرباری ئەوانەش ئەو گازە زۆر جار لە چیاکانی کوردستان و لە دژی ئەشکەوت و تونێلی هێزەکانی گەریلا بەکارهێنراوە.

زانکۆی برادفۆرد لە بەریتانیا لە ساڵی ٢٠١٠دا راپۆرتێکی ئامادە کرد و رایگەیاند، دەزگای پیشەسازی و کیمیایی (MKEK)ی دەوڵەتی تورک بۆمبی (سی ئێس - CS)ی ١٢٠ ملیم دروست دەکات و لە بازاڕە جیهانییەکاندا دەیانفرۆشێت. بۆمبی سی ئێسی ١٢٠ ملیم، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دروستکراوە، لە ساڵی ٢٠١٠ لە پێشانگای چەکی ئەی ئەی دی (AAD)ی لە شاری کیپ تاون لە ئەفریقای باشوور نمایشکرا. ئەوە لە کاتێکدایە ئەو چەکە لەلایەن رێکخراوی رێگریکردن و قەدەغەکردنی چەکە کیمیاییەکان (ئۆ پی سی دەبلیو - OPCW) قەدەغەیە. سەرباری هەموو ئەو بەڵگە و زانیارییانەش لە ساڵی ١٩٩٧دا لەلایەن ئۆ پی سی دەبلیو هیچ لێکۆڵینەوەیەک ئەنجامنەدراوە، کە ئەوانە بۆمبی تێکدان و خاپورکردنن یان نا.

کۆمەڵکوژی بالیکایا لەلایەن جەنەڕاڵ نەجدەت ئۆزێلەوە بەرێوەچوو

ڤیدیۆکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکەوە لە دژی هێزەکانی گەریلا لە ساڵی ١٩٩٩دا ئاشکرا بوون. رۆژی ١١ی ئایاری ١٩٩٩ لە ناوچەى بالیکایای شرنەخ لە ئەشکەوتێکدا ٢٠ گەریلای ئارتەشی رزگاریی گەلی کوردستان (ئارگەکە - ARGK) کۆمەڵکوژکران. لەو ڤیدیۆیانەدا، کە دوای شەڕ لەلایەن سوپای تورکەوە تۆمارکرابوون و ساڵی ٢٠١١ لە رۆژ تیڤی دا بڵاوکرانەوە فەرماندەکانی سوپای تورک دەڵێن، "سەربازەکانمان مەترسیی ئەوەیان لەسەرە، کە ژەهراوی ببن، بەڵام سەرباری ئەوەش وەک جانەوەر و وەک قارەمان دەچنە ژوورەوە.... سەرباری ئەوەى ئێمە رۆژێک نێوانمان داوە، بەڵام کاریگەریی گازەکە هێشتا بەردەوامە".

بەپێی ڤیدیۆکان ئەو فەرماندەییە، کە سەرۆکایەتیی ئۆپراسیۆنی سەربازانی تورکی دەکرد و دواتر راپۆرتی خۆی بە نەجەدەت ئۆزێل دەدا،  دواتر بووە سەرۆک ئەرکانی گشتیی سوپای تورک. سوپای تورک دوای بڵاوکردنەوەى ئەو ڤیدیۆیانە دانی بەوەدا نا، کە ئەو فەرماندەیە نەجدەت ئۆزێلە، بەڵام لەبارەی چەکی کیمیاییەوە هیچیان نەوت و بەکارهێنانی چەکی کیمیاییان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ قبوڵکرد.

حیزبی سۆسیال دیموکرات (پی ئێس دی - PSD)ی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٩٩ و حیزبی چەپ لە ساڵی ٢٠١١ دا کۆمەڵکوژیی بالیکایایان خستە رۆژەڤی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیاوە، چونکە ئەڵمانیاش بەرپرسیاریی لەو کۆمەڵکوژییەدا هەبوو. پارچەکانی بۆمبەکان لە گۆڕەپانی شەڕدا لەلایەن مانگی سوورەوە کۆکرانەوە و رادەستی پەیامنێری تەلەفزیۆنی ئەڵمانیا کران. لە پزیشکیی دادی زانکۆی مونیخ دا ئەوە پشتڕاستکرایەوە، کە پارچەکانی ئەو بۆمبانە، پارچەی بۆمبە گازییە قەدەغەکراوەکانی (سی ئێس - CS)ن. لە کەناڵی " Kennzeichen D- کەنزایشن دی "ی و لە کەناڵی (زد دی ئێف - ZDF)ی دەوڵەتی ئەڵمانیادا بڵاوکرانەوە و رایانگەیاند، ئەو بۆمبانە بە ژمارە و کۆدی (RP707) لەلایەن کۆمپانیای ئەڵمانیی (بوک ئاند دیپیفاگ / Bûck&Depyfag)ەوە و لە ساڵی ١٩٩٥ەوە بە تورکیا دەفرۆشرێن.

کۆمەڵکوژکردنی ٨ گەریلا لە ساڵی ٢٠٠٩

لە ئەیلولی ٢٠٠٩دا لە نزیک ناوچەى چەلێی جۆلەمێرگ و لە شەڕی نێوان سوپای تورک و گەریلاکانی هێزی پاراستنی گەل (هەپەگە)دا ٨ گەریلا لە ناو ئەشکەوتێکدا شەهید کران. شایەتحاڵەکانی رووداوەکە رایانگەیاند، سەربازانی تورک لە شەڕەکەدا گازیان بەکارهێناوە و شاندێکی مافی مرۆڤ لە ئەڵمانیا رۆیشتن بۆ ناوچەکە و وێنەى تەرمەکانیان بەدەستهێنا. شاندەکە بۆ لێکۆڵینەوە وێنەکانیان بۆ ناوەند و شوێنە پسپۆڕییەکان نارد.

دوای ئەوەى پسپۆڕەکان رایانگەیاند، وێنەکان هیچ دەستکارییەک نەکراون وێنەکان نێردران بۆ شیکاری و شیکارەکانی نەخۆشخانەى زانکۆی ئیندرۆف لە هامبورگ دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەسەر وێنەکان کرد و پزیشکە شیکارەکان لە وێنەکاندا کاریگەری و سەرەداوی ماددەیی کیمیاییان دۆزییەوە و لە راپۆرتەکەیاندا لە ٢٠ی تەممووزی ٢٠١٠دا رایانگەیاند، "لە بەشی سەرەوەی جەستەکاندا، مل و دەموچاو وەک پەڕەی کاغەز رەق و وشکبوونەتەوە. ئەوەش بەهۆی کاریگەریی کیمیاییەوە دروستبووە. موی دەموچاو و سەر سینگیان وەک ئەوە وایە سوتابن. بۆیە  دەبێت کاریگەریی ماددەی کیمیایی بووبێتە هۆی ئەوە". لە کاردانەوەدا بەرپرسانی تورک توێکارییان لەسەر تەرمەکان کرد، بەڵام سەرباری تێپەڕبوونی چەندین ساڵ هێشتا ئەنجامی راپۆرتی توێکارییەکەیان بڵاونەکردوەتەوە.

بۆمبی کیمیایان بەردایە ناو دۆڵی قازان

لە رۆژانی ٢٢ – ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١دا لە گەلیی قازان لە ناوچەى چەلێی جۆلەمێرگ لە شەڕدا ٣٦ گەریلای هەپەگە شەهید بوون. تەرمی سوتاوی گەریلاکان چەندین رۆژ لە پزیشکیی داد راگیران. بەڵگە و زانیاریی گرنگ و جدی لە ناو رای گشتیدا بڵاوبوونەوە، کە نیشانی دەدا سوپای تورک چەکی کیمیایی بەکارهێناوە. گەریلایەک بە ساخی لە شەڕەکە رزگار بوو بوو و دەیوت، دوای تەقینەوەى بۆمبەکان دوکەڵێک بە بۆنی میوە بە دەورووبەرەکەدا بڵاوبوویەوە.

بەپێی وتەى ئەو گەریلایە سەرنجەکان چوونە سەر گازی کیمیایی. د. جان ڤان ئاکن پەرلمانتاری ئەڵمانیا، کە چاودێری پێشووی چەکە بایۆلۆژییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بوو، یەکەم چاودێری نێونەتەوەیی بوو چووە ناوچەکە و لە ناوچەى شەڕەکە لە سەر ٢ کۆپتەری سوپای تورک لێکۆڵینەوەى کرد و بەڵگەى کۆکردەوە. د. ئاکن دواتر لە چاوپێکەوتنەکانیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)دا باسی لە بینین و چاودێرییەکانی کرد و وتی، "ئەو شوێنە، کە بۆردومانکرابوو بەڵگەمان دۆزییەوە. ئێمە شوێنەواری بۆمبی یەک تۆنیمان دۆزییەوە. ئێمە لە پسپۆڕانی کیمیایمان پرسی  ئەوان وتیان، دوای ٤ هەفتە لە رووداوەکە ئەستەمە شوێنەواری کیمیایی بدۆزرێتەوە. لەبەر ئەوە دەبێت بە خێرایی لێکۆڵینەوە بکرێت، کە ماددەی کیمیایی بەکارهێنراوە یان نا".

لە دێرسیم تاوەکو هەڵەبجە کورد بە گازی کیمیایی کۆمەڵکوژ کرا

لە کوردستان سوپای تورک و داگیرکەرەکانی تر لە کات و شوێنی جیاجیادا و کەی بە پێویستیان زانیبێت چەکی کیمیاییان بەکارهێناوە. یەکەم تاوانی بەکارهێنانی گازی کیمیایی لە دژی گەلی کورد لە نێوان ساڵانی ١٩٢٠دا بوو. بەریتانییەکان لە باشووری کوردستان لە دژی شێخ مەحمودی بەرزنجی بە فڕۆکە بۆمبی گازیان بەکارهێنا و ٥ تاوەکو ١٠ هەزار کوردیان بە بۆمبە گازییەکان کوشت. بەپێی سەرچاوەکانی بەڕێوەبەریی ئەو سەردەمەی دەوڵەتی بەریتانیا، وینستۆن چەرچڵ لە چوارچێوەی "فەرمانی بەکارهێنانی گاز لە دژی خێڵە دواکەوتوو و نا پێشکەوتووەکان" لە دژی کوردان گازی بەکارهێناوە.

نەک تەنها بۆ سەرکوتکردنی راپەڕینەکەى شیخ مەحمود، بەڵکو بۆ پاکتاوکردن و سڕینەوەى دێرسیمش یەکێک لە قورسترین هێرشەکانی سەر گەلی کورد بە گازی کیمیایی ئەنجامدرا و گازی کیمیایی بووە سەرەکیترین چەکی سوپای تورک. لە کۆمەڵکوژیی دێرسیمدا لە ساڵی ١٩٣٧ تاوەکو ١٩٣٨ هەم بە وتەی قوربانییەکان و هەم بە وتەى بەرپرسانی تورکی بەشداربوو لە کۆمەڵکوژییەکەدا، گازی ژەهراوی بۆ کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی دێرسیم بەکارهێنراوە.

بە تێپەڕبوونی کاتیش لەم ساڵانەدا بەڵگەی نوێ ئاشکرا بوون، کە دەیسەلمێنێت حکومەتی تورک لەو کاتەدا نزیکەى ١٠ تۆن کلۆراسیتۆفینۆن (Chloracetophenon) و گازی ئیپیرت (iperit)ی لە ئەڵمانیا کڕیوە. هەروەها کەرەستە و پێداویستیی پیشەسازی و کارگەی دروستکردنی ئەو بۆمبانە، کە پڕدەکرێن لەو ماددە کیمیایی و ژەهراوییانە لە ئەڵمانیا کڕیوە. هەروەها بەپێی بەڵگەنامەکە، لە ٧ی ئابی ١٩٣٧دا و بە ئیمزای مستەفا کەمال ئەتاتورک و وەزیرەکانی تری دەوڵەتەکەى، دەوڵەتی تورک بۆ بەکارهێنانی ئەو گازە و بۆمبە گازییەکان لە ساڵی ١٩٣٧دا فڕۆکەى جەنگیی جۆری مارتین (Marten)ی لە ئەمریکا کڕیوە.

ئەو گازەی هەڵەبجەى سوتاند لە ئەڵمانیاوە رۆیشتبوو

دەوڵەتی عێراق لە سەرەتای ساڵانی ١٩٦٠ دا بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی باشووری کوردستان چەک و گازی کیمیایی بەکارهێنا، بەڵام لە بەرامبەر ئەو تاوانانەى دژ بە مرۆڤایەتیی رژێمی عێراق نەک تەنها وڵاتانی رۆژئاوایی بێدەنگبوون، بەڵکو لە هەمان کاتدا چەکی کیمیاییان بە سوپای عێراق دەدا. یەکەم کەسایەتی، کە بیستی عێراق لە دژی گەلی کورد گازی ژەهراویی بەکارهێناوە جەلال تاڵەبانی بوو. لەو سەردەمەدا وەک نوێنەری بزووتنەوەى کورد بە سەرۆکایەتیی مستەفا بارزانی، لە ئایاری ١٩٦٥ لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیی رێکخست و رایگەیاند، رژێمی بەغدا لە دژی کوردان گازی ژەهراویی بەکارهێناوە، بەڵام نە بەڕێوەبەریی ئەو کاتی بەریتانیا و نە کۆمەڵگەى نێونەتەوەیی، بەرامبەر بە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتیی لە دژی گەلی کورد دەنگیان لێوە نەهادت و بێدەنگ بوون.

ئەو بێدەنگییەی دەوڵەتە رۆژئاواییەکان بووە هۆی روودانی یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکانی سەدەی ٢٠ و لە ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ و لە کاتژمێر ١١:٠٠ دا رژێمی سەدام گازی کیمیایی جۆراوجۆری بەسەر شاری هەڵەبجە و دەورووبەریدا لە باشووری کوردستاندا باراند. ئەوەش بەلانیکەمەوە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٥ هەزار کورد. ئەو گاز کیمیاییە، کە سروشتی وێرانکرد و تا ئێستاش مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ سەر مرۆڤەکانی ئەو ناوچەیە هەیە، لە کارگەکانی شاری سامەڕا لەلایەن رژێمی سەدام حوسێن و بە تەکنەلۆژیای وڵاتانی رۆژئاوایی دروستکرابوو. بێگومان بە رێککەوت نەبوو، کە رژێمی سەدام حوسێن ببێتە خاوەنی چەکی کیمیایی. ٤ ساڵ پێش کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە و لە ساڵی ١٩٨٤دا رۆژنامەى نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، بەغدا بە هاوکاریی فەرمیی ئەڵمانیا دەستی بە بەرهەمهێنانی چەکی کیمیایی کردووە.

کارگەی "وەیتەر ئینجینیرینگ ترەیدینگ (W.E.T) / water engineering trading / بازرگانیی ئەندازیاریی ئاو" لە شاری هامبورگ تەکنەلۆژیای "کۆکردنەوە و لێکدانی" بۆ سامەڕا ناردبوو. لەو رێگەیەوە کڵاوەی ٢٠ بۆمب، کە مەرگیان بەسەر هەڵەبجەدا باراند بەبێ هیچ هەڵەیەک دەمەکانیان زۆر بە باشی لێکدران، کە بە هیچ شێوەیک گازیان لێنەچێت تاوەکو دەگەیشتنە ئەو شارە بچووکەى کوردستان. هاوکات کارگەى (W.E.T) لە بایرنی ئەڵمانیا پارچە و بەشەکانی ئۆتۆمبێلی دروست دەکرد، بە بەهای ٧ ملیۆن مارک قوفڵ و سیستمی تەقاندنی بە رژێمی سەدام فرۆشت. بۆ بەدەستهێنانی گازیش پێداویستی و کەرەستەی تاقیگەیەک و ماددە کیمیاییەکان لەلایەن کارگەى کارڵ کۆڵب (Karl Kolb) لە ویلایەتی هسن لە ئەڵمانیا دابینکرا.

رێکخراوە سەربەخۆ نێونەتەوەییەکان لە راپۆرتەکانی خۆیاندا رایانگەیاندووە، لە دروستکردنی ئەو بۆمبانەدا، کە لە هەڵەبجە بەکارهێنراون، بەلانیکەمەوەی بە رێژەى سەدا ٥٢ یان پشکی کۆمپانیاکانی ئەڵمانیایان تیادایە، بەڵام دوای دوو ساڵ لە کۆمەلکوژیی هەڵەبجە و لە ساڵی ١٩٩٠دا بابەتی هاوکاریکردن و هاوبەشیکردنی ئەڵمانیا لە تاوان بووە رۆژەڤ. داواکرا پەرلەمانی فیدراڵ کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوە دروست بکات، بەڵام حکومەتی ئەو کاتی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی هیلمۆت کۆهل پشتی بازرگانیی چەکی گرت و ئەو ئابڕوووچوونەوەى کرد بە ژێرەوە و شاردییەوە. لە دوایدا لە ئابی ١٩٩٠دا داواکارانی گشتیی ئەڵمانیا دەستبەکاربوون و لەبارەی ٧ بەڕێوەبەری کارگەکانى کارڵ کۆڵب و (W.E.T.) بڕیاری گرنگیان دا. ئەوە سەلمێندرا، کە ئەو کارگانە پێداویستی و کەرەستەى چەکی کیمیاییان بە سەدام فرۆشتووە، بەڵام لەبەر ئەوەى ئەو کەرەستە و پێداویستییانە لە ریگەى نایاساییەوە بە سەدام و رژێمەکەى فرۆشرابوون، دۆسیەکە داخرا.

سەرچاوەکان:

- کتێبی "لە شەڕەوە بەرەو ئاشتی، لە شەڕەوە بەرەو چارەسەری"، ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن ئەنجوومەنی هاینریش بێل (Heinrich Böll)ەوە بڵاوکرایەوە.

- کتێبی "سیاسەتی بەریتانیا بەرامبەر بە کورد: ١٩١٨ – ١٩٣٢ " ، نیهاد کارادەمیر ، لە ساڵی ٢٠١٩ بڵاوکرایەوە.

- کتێبی "فرۆشتنی مەرگ – ئابڕوچوونی چەکە ئەڵمانییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" رۆژنامەنووسانی ئەڵمانی هانس لایەندێکەر (Hans Leyendecker) و ریچارد ریکیلمان (Richard Rickelmann).

- راپۆرتی د. جان ڤان ئاکن (D. Jan van Aken) پەلەمانتاری چەپی ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠١١ لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکەوە.

- پرۆژە پرسیار لەسەر بەکارهێنانی گازی ئەڵمانیا لە دێرسیم، کە پێشکەشی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا کرا. لێکۆڵینەوەى رۆژنامەکانى یەنی ئۆزگیور پۆلیتیکا (Y. Ozgur Polîtîka) و یۆنگ ڤێڵت (Junge Welt)، کە لە دوو رۆژنامەیەدا بڵاوکرایەوە.

ژ.ت