دادگای دادی ئەوروپا بڕیاری خۆی لەسەر پەکەکە ڕاگەیاند

پەکەکە بۆ دەرهێنانی ناوی لە لیستی 'ڕێکخستنە تیرۆریستییەکان' دا لە ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠٢٠ سکاڵای یاسایی تۆمارکردبوو. دادگای دادی ئەوروپا بڕیاری خۆی لەسەر ئەو دۆسیە و سکاڵایە ڕاگەیاند.

پەکەکە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠٢٠دا سکاڵای یاسایی لە دژی دانانی ناوی لە لیستی ڕێکخستنە تیرۆریستییەکانی یەکێتیی ئەوروپادا تۆمار کردبوو، دادگای ئەوروپا بڕیاری خۆی لەسەر ئەو کەیسە ڕاگەیاند.

دادگای دادی ئەوروپا لە بڕیاری پێشوویدا ڕایگەیاندبوو، نابێت پەکەکە لە لیستەکەدا بمێنێتەوە، بەڵام ئەنجومەنی ئەوروپا هەموو جارێک، کە لیستەکە نوێ دەکرێتەوە، ناوی پەکەکەی بە هەمان ئەو ئارگۆمێنت و بەڵگە کۆنە ناڕوونانەوە لە ناو لیستەکەدا دەهێڵێتەوە.

لە بڕیارە نوێکەی دادگای ئەوروپادا ئەو لیستە هەڵوەشێنرایەوە، کە ساڵی ٢٠١٤ دا ئامادەکرابوو و بەپێی ئەو لیستە بڕیاری سنوردارکردنی پەکەکە و دەزگا و رێکخراوەکان درابوو. هەر لەو کاتەدا وەڵامی نەرێنی بە سکاڵاکەى پەکەکە درابوویەوە.

دادگای دادی ئەوروپا لە بواری تێچووەکانی دادگادا بڕیاری دا هەر لایەنێک خەرجییەکانی خۆی بدات. لە هەلومەرجی ئاساییدا ئەو لایەنەی، کە لە کەیسەکەدا دەدۆڕێت، دەبێت خەرجییەکانی دادگا بدات. بە واتایەکی تر دەبێت، ئەنجوومەنی ئەوروپا، کۆماری فەرەنسا و هۆڵەندا خەرجییەکانی خۆیان بدەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتوون، دوای ماوەیەکی کەم پارێزەرانی پەکەکە بۆ هەڵسەنگاندنی بڕیارەکە و دیاریکردنی ئەو هەنگاوانە کۆدەبنەوە، کە دەبێت کاری بۆ بکەن، چونکا دەکرێت بڕیارەکەی دادگای دادی ئەوروپا ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە بکرێت. بڕیارە بەرفراوانەکەی دادگاش لە ٢٦٠ خاڵ پێکهاتووە.

سەربوردەی کەیسەکە

لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ١٩٩٣ دەوڵەتی ئەڵمانیا پەکەکەی خستە "لیستی قەدەغەکراوەکان" و لە ساڵی ٢٠٠١ و لە دوای هێرشی ١١ی سپتەمبەر بۆ سەر دوو تاوەرەکەى ئەمریکا لە نیویۆرک، لە جیهاندا چەمکێکی نوێی ئەمنی و ئاسایشی خرایەکار.

یەکێتیی ئەوروپا لە مانگی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا، لیستێکی لە چوارچێوەی تێڕوانینی "شەڕی دژ بە تیرۆر"، کە لەلایەن ئەمریکاوە بەسەریاندا سەپێنرابوو، ئامادە کرد. پەکەکە سەرەتا لە لیستەکەدا نەبوو، بەڵام دواتر لە لە ساڵی ٢٠٠٢دا بەهۆی داوا و گوشارەکانی تورکیا و پشتیوانیی بەشێک لە دەوڵەتە رۆژئاواییەکان لە تورکیا، پەکەکە خرایە ناو لیستەکەوە.

لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە دادگای دادی ئەوروپادا چەندین دۆسیە لەبارەی پەکەکەوە هێنرانە بەرباس و پەکەکە لە دژی دانانی ناوی خۆی لەو لیستەدا دەستی یە سکاڵا تۆمارکردن کرد. دادگاکە لە ساڵی ٢٠١٨دا بڕیاریدا ئەو لیستانە هەڵبوەشێنرێنەوە، کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٧دا نوێکرابوونەوە و ناوی پەکەکەی تیادا دانرابوونەوە.

بۆ ئەوەش دەستەی دادگاکەکە ئەو بەڵگە و ئارگۆمێنتانەى "بە لاواز و کەم" لێکدایەوە، کە پەکەکەی پێ خرابوویەوە ناو لیستەکەوە، بۆیە بڕیاری دا، کە نابێت لەسەر ئەو بەڵگە و ئارگۆمێنتانە ناوی پەکەکە لە ناو لیستەکەدا بمێنێتەوە.

بەڵام یەکێتیی ئەوروپا تانەی لەو بڕیارەی دادگای دادی ئەوروپا دابوو. پاشان ئینگلتەرا (بەریتانیا) داوای ئەوەی کردبوو، کە پەکەکە بۆ  ساڵی ٢٠١٨دا لە لیستەکەدا بمێنێتەوە و بۆ ئەوەش سکاڵای تۆمار کردبو و لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا ناوی پەکەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بە هەمان ئەو ئارگۆمێنتە لاوازانەوە لە لیستەکەدا تۆمار کرایەوە، چونکا کاتێک یەکێک لەلایەنە سکاڵاکارەکان سکاڵا تۆمار بکات تاوەکو بڕیاری داهاتوو ناوی لایەنی سکاڵا لەسەرکراو لە لیستەکەدا دەمێنێتەوە. بۆ ڕەتکردنەوەی ناوی پەکەکە لە لیستەکەی ساڵی ٢٠١٨دا کوردیش دەستی بە هەوڵ و  جموجوڵەکانی کرد و لە ٧ی ئازاری هەمان ساڵدا سکاڵای یاسایی لەسەر لیستە  نوێکە تۆمار کرد.

تانەی ئەنجوومەنی ئەوروپا لە دژی بڕیاری پێشوو و سکاڵاکانی دژ بە لیستە نوێکان کرانەوە بە یەک دۆسیە و یەکەم دانیشتنی ئەو دۆسیەیە لە ٣١ی ئازاری ٢٠٢٢دا بەڕێوەچوو.

لە دانیشتنی ٣١ی ئازاردا، دادگای داد ڕەخنەی لە ئەنجومەنی ئەوروپا گرت، کە سەرباری بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی لیستەکانی پێشوو، بە هەمان ئەو ئارگۆمێنتە کۆن و لاوازانەوە، کە "کۆپی کراونەتەوە" ناوی پەکەکە خراوەتەوە ناو لیستەکە.

بەم نزیکانە بڕیار لەسەر لیستەکانی ساڵانی ٢٠٢٠-٢٠٢١ دەدرێت

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت دادگای دادی ئەوروپا بڕیار لەسەر ئەو سکاڵایانە بدات، کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە دژی لیستەکانی دوای ساڵی ٢٠٢٠ تۆماری کردوون. بەپێی ئەو زانیارییانە، کە بە دەست گەیشتوون بڕیارەکە لە ١٤ی کانوونی یەکەم ڕادەگەیەنرێت.

ژ.ت