چەتەیەکی داعش بە ناوی تەها ئەل جومەیلی لەلایەن دادگای فرانکفۆرتی ئەڵمانیاوە بە تاوانی کۆمەڵکوژکردن و جینۆسایدی ئێزدییەکان سزادا. بەپێی سزاکە دەبێت ئەو چەتەیەی داتش تا کۆتایی ژیانی لە زینداندا بێت.
چەتەکانی داعش بە هاوکاریی چەند هێزێکی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ هێرشیان کردە سەر شەنگال و هەزاران هاووڵاتیی ئێزدییان کۆمەڵکوژکرد و هەزاران ژن و منداڵیشیان ڕفاند و لە بازاڕەکانی دیلیدا کڕێن و فرۆشتنیان پێوە دەکردن.
تاوانەکانی داعش دژ بە ئێزدییەکان بە پێی یاسا نێونەتەوەییەکان بە جینۆساید ناسێنراون، چونکە کارەکانی ئەو گروپە چەتەیە بە ئامانجی لە ناوبردن و سڕینەوەى کۆمەڵگەیەک و پێکهاتەیەک ئەنجامدراون.
فەرمانی سەر ئێزدییەکان و شەنگال بۆ یەکەمجار لە جیهاندا و لە دوای ٧ ساڵ لە ئەنجامدانی ئەو ئەو فەرمانە، لەلایەن دادگایەکەوە بە "جینۆساید" ناسێنرا. بڕیاری ناساندنی ئەو تاوانانە وەک جینۆساید ئەمڕۆ لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیاوە لەلایەن دادگای باڵای ئەیالەتەکەوە درا.
چەتەیەکی داعش بە ناوی تەها ئەل جومەیلی لە مانگی نیسانی ٢٠٢٠ەوە لە دادگای باڵای فرانکفۆرت دادگایی دەکرێت و ئەمڕۆ بڕیار لەسەر دۆسیەکەی درا.
چەتەی داعش تەها ئەل جومەیلی لە ساڵی ٢٠١٥دا لە بازاڕی دیلیدا منداڵێکی ئێزدیی لەگەڵ دایکیدا کڕیبوو و بەو هۆیەوە و بە هۆی کوشتنی ئەو منداڵە ئێزدییەوە دادگایی دەکرا.
دادگاکە لەبارەی فەرمانی دژ بە ئێزدییەکان پێناسەی 'کۆمەڵکوژی / جینۆسایدی' بەکارهێنا و بڕیاری دا، کە تەها ئەل جومەیلی چەتەی داعش تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی ئەنجام داوە و رایگەیاند، تەها ئەل جومەیلی تاوانبار سزا دەدرێت بە زیندانیکردن و مانەوەى لە زینداندا تاوەکو کۆتایی تەمەنی.
دادگاکە بڕیاریشی دا، کە دەبێت ئەو چەتەیەى داعش بە بڕی ٥٠ هەزار یورۆ قەرەبووی دایکی منداڵە کوژراوەکە بکاتەوە.
ئەو فەرمانە، کە لە ساڵی ٢٠١٤دا بۆ سەر شەنگال ئەنجامدرا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و هەندێک لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانەوە بە جینۆساید، یان لە ئاستی جینۆساید دا ناسێنرا، بەڵام تا ئێستا لەلایەن دادگاوە بڕیاری بە جینۆساید ناساندنی فەرمانی سەر ئێزدییەکان نەدرابوو.
بۆیە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فرانکفۆرت بە گرنگ دەزانرێت لە بەفەرمی ناساندنی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی دژ بە ئێزدیەکاندا.
مانگێک لەوە پێش لە شاری میونخی ئەڵمانیا دادگایکردنی چەتەی داعش جێنیفەر وینش (Jennifer Wenisch)ی هاوسەری تەها ئەل جومەیلی بەڕیوەچوو. بە تاوانی برسیکردن و کوشتنی ئەو منداڵە ئێزدییە سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.
ژ.ت