داگیرکاری و خیانەت لە ئەزمیر شەرمەزارکرا

لە ئەزمیر هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و خیانەتی پەدەکە بە ڕاگەیاندراوێک شەرمەزارکرا.

داگیرکاری و خیانەت شەرمەزارکرا

نوێنەری پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و خیانەتی پەدەکەیان شەرمەزار کرد. ڕاگەیاندراوەکە لەبەردەم سومەربانکی کۆن بە زمانی کورد و تورکی خوێنرایەوە و درووشم دژی داگیرکاری بەرزکرایەوە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەزمیر ڤەزان کارابولوت ئاماژەی بەوە کرد ئەو ڕەوشەی پەدەکەی تێدایە خیانەتە، گوتی: "ئەم تێکۆشانە ناکەوێتە ژێر کاریگەری هەندێک بنەماڵە و سیاسەتی سیستەمی باڵادەست. وەک هەموو کاتێک لەسەر بەرژەوەندیی گەل و بەها بنەڕەتییەکان بەردەوام دەبێت. ئەوانەی هەوڵدەدەن ئەم تێکۆشانە شکۆمەندە تێک بدەن و ئاستەنگ بکەن، لەبەردەم دادگای مێژوو مەحکومن بە شکست".

کارابولوت ئاماژەی بەوە کرد ئەم شەڕە قێزەون و سیاسەتی پاکتاو و نکۆڵییە، نەوەک هەر گەلی کورد بەڵکو کاریگەری لەسەر تەواوی گەلانی تورکیا دەکات، جەختی کردەوە بەبێ چارەسەری پرسی کورد هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت. بانگەوازی لە هەموو شۆڕشگێڕ و سۆسیالیست و دیموکرات و ڕۆشنبیر و هونەرمەندانی تورکیا کرد دژی ئەم سیاسەتانەی شەڕ پشتیوانی لە گەلی کورد بکەن.