گۆشەگیری و داگیرکاری لە نیس شەرمەزار کرا

بەبۆنەی هێرشەکانی داگیرکاری و قڕکردنی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ٢٥ هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ ی تشرینی یەکەم، لە شاری نیس گردبوونەوە و ڕێپێوان ئەنجامدرا.

کوردستانیان لە شاری نیسی فەرەنسا کۆبوونەوە، بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ ی تشرینی یەکەم دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هێرشەکانی داگیرکاری و قڕکردنی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، گردبوونەوە  و ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

چالاکییەکە کاتژمێر ١٣:٠٠، بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی شۆڕشی کوردستان دەستی پێ کرد. هاوسەرۆکانی جڤاکی کوردی دیموکراتیک، سڵاویان لە بەشداربووان کرد.

هاوسەرۆکان گوتیان: "پێویستە لەم قۆناغەدا ڕۆڵی پێشەنگایەتی بگێڕین و لەدەوری ڕێبەر ئاپۆ و گەریلا و ڕۆژئاوا یەکبگرین. گەلەکەمان بە ئایدۆلۆژیای ڕێبەر ئاپۆ هۆشیار بوویەوە. ئێستە لە ئەوروپا و چوار پارچەی کوردستان بەرخۆدان بە بناغە دەگیرێت. ئەم ساڵ دەکەینە ساڵی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ".

پاش وتەکان، بەرەو " Place Masena " لە ناوەندی نیس ڕێپێوانیان کرد. لەپێش ڕێپێوانەکە چەندین پانکارتی مەزن، بە وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و داخوازی ئازادی جەستەیی بە چەندین زمان، هەڵگیرابوو.

جەماوەرەکە بە زمانی فەرەنسی درووشمیان بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان و درووشمی سڵاوکردن لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوایان بەرزکردەوە.