ناوی هاکان بە واتای "حاکمی فەرمانڕەواکان" دێت، واتە ئەو ناوەی کە تورکەکان لە پاشا و فەرمانڕەواکانیان دەنێن. نازناوێکە بە واتای حاکم بۆ خانەکانی تورک و مەنگۆلی و تاتار بەکاردێت، دواتر بووە ئەو نازناوەی کە بە سوڵتانەکانی عوسمانی دەدرا.
دەڤشێرمە بە واتای " باج وەرگرتن بە منداڵ" یان " باج بە خوێن"، ئەمە شێوازی درووستکردنی ھێزە سەربازییەکانی عوسمانی بوو، دوای داگیرکردنی کۆمەڵگە کرستیانییەکانی بەلکان، منداڵانی تەمەن ٨ بۆ١٠ ساڵیان بە زۆرداریی دەبردن و پەروەردەیان دەکردن و دواتر وەک سەرباز و بەرپرس و وەزیر لە دژی گەلەکەی خۆیان و لە قازانجی عوسمانییەکان بە کاریان دەهێنان.
لەسەر ئەم بنەمایە عوسمانییەکان سوپایەکیان بە ناوی یەنیچەری دامەزراند و ڕۆڵی گرنگیان لە سیستەمی دەوڵەتی عوسمانیدا بینی. ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک درێژە بە هەمان کولتووری یەنچەری دەدات.
هاکان فیدان دیارترین نموونەی ئەم کولتوورەیە، کەسایەتییەکە بەهۆی خزمەتەکانی بۆ دەوڵەتی تورک وەرگیراوە، بۆ دەوڵەت پەروەردە بووە، هۆش و تواناکانی بۆ کاروباری دەوڵەتی تورک داهێنراون.
هاکان فیدان لە ١٧ی تەمموزی ١٩٦٨ لە ناوچەی حەمامۆنو سەر بە ناوچەی ئاڵتنداغی ئەنقەرە لەدایک بووە. لە دیوی باوکیەوە کوردە. لە ساڵی ١٩٨٦ تا ٢٠٠١ وەک ئەفسەرێکی بچووک لە هێزە چەکدارەکانی تورکیا کاری کردووە. هەرچەندە دەوترێت کە بە ئارەزووی خۆی خزمەتی سەربازیی بەجێهێشتووە، بەڵام ئەو زانکۆیانەی کە خوێندوویەتی ئامادەکاری بوون بۆ ئەو کارانەی کە دواتر بۆ دەوڵەت ئەنجامی دەدا.
هاکان کە لە کۆتاییەکانی ساڵانی نەوەدەکاندا گەڕایەوە بۆ کاروباری دەوڵەت، بۆ یەکەمجار لە بارەگای فەیلەقی کاردانەوەی خێرای ناتۆ لە ئەڵمانیا دەستنیشانکرا.
دواى تەواوكردنی سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن، بە تایبەتی تەواوكردنی دكتۆراكەی وەكو ڕاوێژكاری ئابووری و سیاسی لە باڵوێزخانەی توركیا لە ئوسترالیا دەستبەكاربوو، لەوێش درێژەی بە خوێندنی ئەكادیمی لە پەیمانگای لێكۆڵینەوە بۆ چەك دانان، هەروەها لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە ناوەندی زانیاری و ڕاهێنان و لێكۆڵینەوە لە لەندەن تەواوكرد.
هاكان لە ساڵی ٢٠٠٣ وەكو سەرۆكی ئاژانسی گەشەپێدان و هەماهەنگی توركیا تاوەكو ساڵی ٢٠٠٧ دەستبەكاربوو.لەو ماوەیەدا هیچ وڵاتێك لە وڵاتانی ئەفریقا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست، قەوقاز و بڵقان، نەما سەردانی نەكات. لە هەمان كاتیشدا ڕاوێژكاری وەزیری دەرەوەی ئەو كاتەی توركیا ئەحمەد داودئۆغلۆ بوو.
لە ساڵی ٢٠٠٧یشەوە، وەكو جێگری ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی و سیاسەتی دەرەكی دەستی بەكاركرد. ئەو كاتە سەرۆك كۆماری ئێستای توركیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك وەزیرانی توركیا بوو. لەمانگی تشرینی دووەم ٢٠٠٧یش دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوبردنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم.
هاكان بەردەوام دەبێت لە وەرگرتنی پۆستە تازەكان لە ١٧ی نیسانی ٢٠٠٩ وەكو جێگری سەرۆكی هەواڵگری توركیا ئیمرە تانەر، دوای خانەنشینكردنی تانەر حكومەتی داد و گەشەپێدان لە ٢٥ی ئایاری ٢٠١٠ بڕیاریدا هاكان فیدان بكرێت بە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری تورکیا – میت، ئەوكاتە هاكان تەمەنی ٤٢ ساڵ بوو، بەوەش کەمتەمەنترین كەسبووە لە مێژووی توركیا، ئەو پۆستەی وەرگرتبێت.
پێش هاکان فیدان، میت ڕۆڵێکی وا زۆر نەبوو. کۆکردنەوەی زانیاری و ئەنجامدانی هێرشی سنووردار و ئۆپەراسیۆنی تایبەت بوو. لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، میت هەموو کۆمەڵکوژی و هێرشە تایبەتەکانی شەڕی کورد ئەنجام دەدات. میت، لە ژێر ئیدارەی هاکان فیدان، کرا بە دامەزراوەیەکی تەواو دژەگەریلا و کۆمەڵکوژی کورد.
لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا هاکان فیدان بەرپرسیارێتی تیرۆری فاشیستیی لە تورکیا و کۆمەڵکوژی کوردی پێسپێردراوە، ئەو کەسەیە کە پلانى کۆمەڵکوژی پاریسى دانا، کە تیدا هەرسێ ژنانی شۆڕشگێڕی کورد سارا و ڕۆژبین و ڕۆناهی تیرۆرکران.
هاکان فیدان بەرپرس و داڕێژەری سەدان پلانە دژی گەلی کورد، کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی، وێرانکردنی شار و گوندەکانی باکوری کوردستان، زیندانی و سیخوڕێتی و تیرۆرکردنی وڵاتپارێزان لە ناوەوە و دەرەی کوردستان دیارتریین نموونەی تاوانەکانی ئەم کەسەیە کە دەوڵەتی تورک خۆی پەروەردە کردووە.
ئێستا هەمان هاکان فیدان کراوەتە وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورک، ئەم جارە دیپلۆماسی لەژێر فەرماندەیی خۆیدا وەرگرتووە. بەم ئەرکە هەوڵدەدات کۆمەڵکوژییەکانی کورد لە هەموو شوێنێک بڵاوبکاتەوە و بیانباتە ئاستێکی بەرزتر، کە بە میت نەیتوانی بیکات. ئێستا دیپلۆماسی لە ژێر کۆنترۆڵی میتدایە، لە ڕاستیدا لەلایەن میتەوە بەڕێوەدەبرێت. دژەگەریلایەک، جەنەڕاڵێک، دەڤشێرمەیەک، یاریدەدەرێکی میت، ئێستا بووەتە وەزیری دەرەوە. ئێستا دەیەوێت ئەزموونی هەرسێ بواری سەربازیی و ئەفسەریی و دیپلۆماسی، کۆبکاتەوە و هێرشەکانی جینۆسایدی کورد لەسەر ئەم بنەمایە جێبەجێ بکات.