بە دیمەن

'هەتا کۆتایی بە داگیرکاریی نەهێندرێت، گەڕانەوەی ئاوارەکان سەلامەت نابێ'

دەوڵەتی تورک کە لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە شارەکانی سووریای داگیرکردووە و لە ناوچە داگیرکراوەکان کردەوەی دژە مرۆیی ئەنجام دەدات. کەسانێک کە ماڵ و خاکیان داگیرکراوە، دەیانەوێت کۆتایی بەو داگیرکارییە بهێندرێت و لێپرسینەوە لە بکەرانی تاوانەکان ئەنجام بدرێت.

خاکی داگیرکراو

لە ئەنجامی هێرشە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا کە لە ساڵی ٢٠١٦ بە داگیرکاری تەواو بوو، دوای باب، عەزاز و جەرابلوس، لە ساڵی ٢٠١٨دا عەفرین و لە ساڵی ٢٠١٩ دا گرێسپی و سەرێکانی و لە ساڵی ٢٠٢٤دا منبج داگیرکران، ئەو خەڵکەی کە لە ئەنجامی داگیرکارییەکەدا بە زۆر لە خاک و ماڵیان ئاوارە بوون، بەردەوام بوون لە داواکارییەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک. گەڕانەوەی بە ئەمن و سەلامەتی هاوڵاتیانی ئاوارەی ئەو ناوچانە بۆ سەر خاک و مالی خۆیان لەو ڕێککەوتنەی لە ١٠ی ئاداردا لەنێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاتی لە دیمەشق واژۆکرابوو، ئاماژەی پێکراوە.

لەوبارەوە ئیبراهیم شێخۆ، بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سووریا-عەفرین، شیرین ڕەشید هاوڵاتی عەفرین و جوان عیسو، پارێزەر و ئەندامی کۆمیتەی پەنابەرانی سەرێکانی، لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد و ئاماژەیان بەو پێشێلکاریانەکرد کە لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورک دوای داگیرکردنی سەرێکانی و عەفرین ئەنجامیانداوە.

تا چەتەکان دوورنەخرێنەوە گەڕانەوەی ئاوارەکان سەلامەت نابێ

ئیبراهیم شێخۆ ڕایگەیاند: "لەکاتێکدا گفتوگۆکان لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکانمان بۆ زێدی خۆیان بەردەوامن، گەڕانەوەی بە سەلامەتیان لەوپەڕی گرنگیدایە و بەرپرسیارێتی ئەمەش لە ئەستۆی حکومەتی کاتی سووریادایە. چونکە سەرۆکی حکومەتی کاتی دیمەشق لە سەردانەکەیدا بۆ عەفرین ڕایگەیاند کە هاوڵاتیانی عەفرین بە سەلامەتی دەگەڕێنەوە بۆ شارەکەیان. بەڵام چۆن چۆنی ئەو پرۆسەیە جێبەجێ دەکرێت هێشتا دیار نییە."

ئیبراهیم شێخۆ، جەختی لەوە کردەوە کە گەڕانەوەی بە سەلامەت بەبێ چوونەدەرەوەی حکومەتی تورکیا و چەتەکانی لە ناوچە داگیرکراوەکاندا هیچ سەلامەت نییە. لە کاتێکدا کە کردەوەی ئەشکەنجەدان و ڕفاندن لەلایەن چەتەکانەوە بەردەوامە، گەڕانەوە بۆ شوێنە داگیرکراوەکان کە نکۆڵی لە بوون، ناسنامە و کولتووری ئەو گەلە دەکەن مەترسیە.

ئیبراهیم شێخۆ لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "ڕێکخراو و دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، بەرپرسیارن لە گەرەنتی گەڕانەوەی بە سەلامەتی ئاوارەکان و لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە بکەن. هەروەها بەرپرسیارێتی خۆیان ڕابگەیەنن بۆ دوور خستنەوەی چەتەکان و دەستبەجێ گەڕانەوەی هاوڵاتیانی ناوچە داگیرکراوەکان مسۆگەر بکرێت.

پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ هێشتا بەردەوامە

شیرین ڕەشید، هاوڵاتی عەفرینە و لە ساڵی ٢٠١٨ لە عەفرین و لە ٢ی کانوونی یەکەمی٢٠٢٤لە شەهباوە دیسان ئاوارە بووە، سەبارەت بە دۆخی ئاوارەکان و گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان وتی: "خەڵکی عەفرین و ناوچەکانی سەرێکانی و گرێسپی دەیانەوێت بە شێوەیەکی ئارام و سەلامەت بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان. گەل دەیانەوێت ژیانێکی سەلامەت و ئارامیان هەبێت لە زێدی خۆیان بەدوور لە هەر جۆرە هەڕەشەیەک بۆ سەر ژیانیان. ئاماژەی بەوەشکرد هەتا ئێستاش لە سووریا هاوڵاتیان لەسەر بیروباوەڕەکانیان دەکوژرێن و ئەشکەنجە دەدرێن. بۆیە چاوەڕوان ناکرێت حکومەتی ئێستا سەلامەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان مسۆگەر بکات.

چۆڵکردنی ناوچە داگیرکراوەکان بەس نییە، دەبێت داگیرکەران دادگایی بکرێن

پارێزەر جوان عیسۆ ئاماژەی بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کرد لەو ناوچانەی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراون و ئاماژەی بەوەدا کە لە ناوچە داگیرکراوەکان هەر لە بابەوە تا عەزاز، عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی، پێشێلکاریەکی زۆری مرۆیی، یاسایی و ئەمنی ئەنجام دراون. هەروەها بە مەبەستی، گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکە کردەوەی وەک کۆمەڵکوژی، ئەشکەنجەدان و ڕفاندن بەردەوامە. ئاماژەی بەوەشکرد، گەلی سووریا بە ڕووخانی ڕژێمی بەعس هیوای بەگۆڕان و گۆڕانکاریی هەبوو، بەڵام ئەو دۆخەی سەریهەڵدا لە ڕژێمی بەعس خراپتر و مەترسیدارتر بوو. لە پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکاندا دەبێت پێش هەموو شتێک داگیرکەران ناوچەکان چۆڵبکەن.

عیسۆ ڕەخنەی لە زلهێزە جیهانیەکان کرد کە سەردانی دیمەشق دەکەن، بەلام کار بۆ گەرانەوەی ئاوارەکان ناکەن و وتی: "خەڵکی زۆربەی شارەکانی سووریا گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و ژیانی خۆیان، بەڵام هاوڵاتیانی عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی کە لەژێر داگیرکاری تورکیادان، ناتوانن بگەڕێنەوە، لەبەر ئەوەی حکومەتی تورکیا و چەتەکانی هەڕەشەن لەسەر سەلامەتیان، بۆیە دەبێت کۆتایی بە سیاسەتی داگیرکاریی تورکیا و چەتەکانی بهێندرێت لە سووریا."

عیسۆ ئاماژەی بەوەشکرد؛ لە ئەگەری گەڕانەوەی ئاوارەکاندا دەبێت لەژێر چاودێری ڕێکخراو و دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤدا ئەمنیەت و سەلامەتیان مسۆگەر بکرێت، هەروەها دەبێت چەتەکان بە هۆی کردەوە دژی مرۆییەکانیان دادگایی بکرێن، هەروەها پێویستە هاوکاری دارایی و ئەخلاقی بۆ ئاوارەکان دابین بکرێت ئەگەرنا گەڕانەوەی ئاوارەکا مەترسیە و ناکرێت.

لە ماوەی پێنج ساڵی داگیرکارییدا لە سەرێکانی چی ڕوویداوە:

- لەسەدا ٨٧ی هاوڵاتیانی سەرێکانی ئاوارە بوون.

- لە سەرێکانی تەنها ٤٥کەسی کورد ماوەتەو کە زۆربەیان کەسانی بەساڵاچوو و منداڵن.

- نزیکەی ٦هەزار ماڵی هاوڵاتیان داگیرکراوە.

- نزیکەی ١٧٠٠دوکانی بازرگانی داگیرکراون.

- نزیکەی ٣هەزار بنەماڵە کە خەڵکی سەرێکانی نین لە شارەکە نیشتەجێ کراون.

- نزیکەی ٧٥ بنەماڵەی داعش لە گەڕەکی زۆراوا نیشتەجێ کراون.

- ٥گوند بەگشتی نیوەی وێران بووە و هەندێکی بووەتە ناوەندی راهێنانی سەربازی.

- ٦٠گوندنشین لە گوندەکەیان بەدەر کراون.

- دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر ١١ژن کە ٥کەسیان منداڵ بوون.

- نزیکەی هەزار و ١١٢کەس ڕفێندراون، دەستبەسەرکراون، کوژراون و ئەشکەنجە دراون.

- نزیکەی ١٢٠شەڕی ناوخۆیی ڕوویداوە.

- لە سنوورەکانی تورکیا زیاتر لە ١٥کەس کوژران.

- ٧٢تەقینەوە ڕوویداوە.

- هێشتا چارەنووسی ٧٢هاوڵاتی مەدەنی نادیارە.

- ٢٣ گروپی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لەناوچەکە هەن کە زۆربەیان گروپی سەربازین.

-لەلایەن چەتەکانەوە ٣ گوند کراوەتە بە ناوەندی چاندنی مادەی هۆشبەر.

لە ماوەی حەوت ساڵی داگیرکارییدا لە عەفرین چی ڕوویداوە:

-گەورەترین گۆڕانکاری دیمۆگرافی کە لە ساڵی ٢٠١١لە سووریا ڕوویدابێت، لە عەفرین ڕوویداوە. زیاتر لە٣٠٠ هەزار کەسی هاوڵاتی عەفرین ئاوارە بوون. ڕێژەی کوردانی عەفرین دوای داگیرکاری ٢٥% کەمی کرد.

-زیاتر لە ٧٠٠هەزار کەس لە دەرەوەی ناوچەکە و وڵاتانی دەوروبەر وەک فەلەستین لە گوند و ناوچەکانی دیکەی عەفرین نیشتەجێ کراون.

-دەوڵەتی تورک سیاسەتی بە تورککردنی بەسەر خەڵکی عەفریندا پەیڕەو کردووە. لە قوتابخانە و هەموو شوێنەکاندا ئاڵای تورکیا هەڵکراوە.

-زیاتر لە ٤٧ کۆمەڵگەی داگیرکاری دروستکراون بۆ نیشتەجێ کردنی کەسانی بیانی کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی سەر بە قەتەر و تورکیە و ڕێکخراوی عایشەی فەلەستینی ئاسانکاریان بۆ کراوە.

-٦٤ قوتابخانە تێکدران و نزیکەی ٥٠هەزار خوێندکار لە خوێندن بێبەش کران. زۆربەی ئەو قوتابخانانە کرونەتە بنکەی سەربازی و شوێنی دەستبەسەرکردن و ناوەندی ئەشکەنجەدان.

-ناوی نەخۆشخانەی عەفرین کە بە زمانی کوردی و عەرەبی نووسرابوو، گۆڕدرا بۆ تورکی. هەروەها هەموو تابلۆ و نوسراوەکانی شەقامەکان بە زمانی تورکی نووسراون و هەوڵدەدرێت لە هەموو شوێنی زمانی تورکی بەکار بهێندرێت.

-دەوڵەتی تورکیا ناسنامەی تورکیای بۆ هاووڵاتیانی سووریای ناوچە داگیرکراوەکانی دروستکردووە. لیرەی تورکی لە جیاتی لیرەی سوری لە ناوچە داگیرکراوەکاندا بە شێوەیەکی ئیجباری بەکار دەهێنرێت.

-لە هەشتەمین ساڵی داگیرکاریدا، بە گشتی زیاتر لە ١٠هەزار و ٢٠٨ هاوڵاتی مەدەنی ڕفێندراون، کە ١٥%یان تا ئێستا بێسەروشوێنن، بە هەزاران کەس پاش باج وەرگرتن لە خێزانەکانیان ئازادکراون. ئەم شێوازە بووەتە ڕێگەیەک بۆ پارە کۆکردنەوەی چەتەکان.

-١٠٥ ژن کوژراون، ٧٤ ژن دەستدرێژی کراوەتە سەریان، ١٤ژنیش خۆیان کوشتووە. بەهەزار ژن ڕفێنراون، ئەشکەنجە دراون و دەستدرێژی کراوەتە سەریان.

-زیاتر لە٧٧٨ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون کە ٦٨٢ کەسیان لە ئەنجامی تۆپبارانی چەتەکانی دەوڵەتی تورکدا کوژراون و ٩٦ کەسیش لە ئەنجامی ئەشکەنجەدان کوژراون. هەروەها لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی چەتەکانی دەوڵەتی تورکدا زیاتر لە ٧٦٢ کەس بریندار بوون. هەروەها ٣٤٥ منداڵ و ٢٢٥ ژنیش بریندار بوون.

-زیاتر لە یەک ملیۆن داری زەیتون بۆ مەبەستی بازرگانی بڕدراون. زیاتر لە ٣٠ هەزار داری زەیتون هەناردەی تورکیا کراوە. هەروەها لەسەدا ٧٥ی زەوییە کشتوکاڵییەکان سووتێنراوە و لەلایەن چەتەکانەوە دەست بەسەر هەزاران ماڵی مەدەنیدا گیراوە.

-هەروەها دەست بەسەر زەیتون و زەیتی زەیتونی هاوڵاتیاندا گیرااوە و لەڕێگەی سنوورەوە گۆاستراوەتەوە بۆ تورکیا.

 -شوێنەوارە مێژوویە جیهانییەکانی وەک عەین دارا، نەبی هۆری، ئەشکەوتی دۆدریا، گۆڕی مار مارون، و چەندین شوێنی تری مێژوویی هەمووی وێران کراون. نزیکەی ٧٥ شوێنی مێژوویی لە عەفرین هەبوو، بەڵام لە لایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانیەوە تاڵان کران و تێکدران.

-دەوەڵەتی تورک و چەتەکانی لە ناوەندی شاری عەفریندا دەستیان بەسەر زیاتر لە ١٠هەزار خانوو و حەوت هەزار دوکاندا گرتووە.

-داگیرکاری و تاڵانکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی هەر بەوەوە کۆتایی نەهات. هاوڵاتیانی عەفرین لە کاتێکدا کە لە شەهبا دەژیان، بەساڵان هەموو ڕۆژێک لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە ڕووبەڕووی هێرشی دڕندانە دەبوونەوە. گەلی عەفرین جارێکی دیکە بەهۆی هێرش و دڕندایەتیەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە کانتۆنی شەهبای-عەفرینەوە بەرەوە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا مەجبوور بوون کۆچ بکەن.