پیسی كەش و هەوا لەتاران لەرۆژی سێیەمدا بەردەوامە، بەڵام سەرەڕای هۆشیاری كارناسان، قائیممقامی ئەو شارە دژایەتیی خۆی بۆ پشوودانی خوێندنگەکان و دام و دەزگا ئیدارییەكان راگەیاند.
بەشێک لە راگەیاندنەکانی رژێمی ئێران رەخنەیان لە هەڵوێستی قائممقامی تاران گرتووە و رایگەیاندووە؛ پیسیی كەش و هەوا تەندروستیی میلیۆنان كەسی كردووەتە ئامانج.
پیسبوونی كەش و هەوای تاران لەرۆژی پێنج شەممە ٧ی نیسانەوە دەستی پێ كردووە و رۆژی رابردووش گەیشتە لووتكە، بەشێوەیەك كە لەزۆر شوێنی تاراندا رێژەی پیسبوونی هەوا گەیشتووەتە ٥٠٠ پلەی چڕی لە پیسووندا، بەڵام بە شێوەی ئاساییە ئەو پێوەرە دەبێت ٨٠ بۆ ١٢٠ زیاتر نەبێت، بەڵام ساڵانی رابردووش تاران رێژەکانی ٢٠٠ و ٣٠٠ و ٤٠٠ی تۆمار کردووە، کە ئەوانەى بە پلەی سوور و زۆر مەترسیدار دەزانرێن.
بە لانیکەمەوە لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا هەمیشە ریژەى پیسیى هەوای تاران لە رێژەى ئاسایی زیاتر بووە. لەبەر ئەوەش زۆر جار تاران وەک یەکێک پیسترین شارەکانی جیهان پێناسە کراوە و ئەوەش دانیشتوانی تارانی و رووبەرووی دۆخێكی مەترسیدار کردووەتەوە.
لەگەڵ دژایەتی قائممقامی شاری تاران بۆ پشوودانی مەكتەب و دامەزراوە ئیداریەكانی ئەو شارە، جەعفەر تەشەكۆری هاشمی، سەرۆك كۆمسیۆنی نۆژەنكردنەوەو هاتووچووی ئەنجوومەنی شاری تاران لەتویتێكدا رایگەیاندووە؛ پشوودانی مەكتەب و دامەزراوە ئیداریەكان رێگە چارە نییە و تەنیا "بەنجكردنێكە بۆ دەربازبوون لەم بارۆدۆخە قەیراناوییە".
بەگوێرەی قسەكانی محەمەد مەهدی میرزایی قۆمی، بەرپرسی گشتی كۆمپانیای كۆنترۆڵی جۆری كەش و هەوای تاران رایگەیاندووە؛ پیس بوونی ئەم دواییە پایتەخت، بەهۆی دیاردەی"گۆڕانی كەش و هەوا، وشكەساڵی و بەبیابانبوونی زەویەكان"ەوەیە.
قەیرانی پیس بوونی كەش و هەوا لەئێراندا تەنیا بەشاری تارانەوە سنوردار ناكرێت، شاری ئەهواز و شار و شارۆچكەكانی پارێزگای خوزستان لەساڵانی رابردوودا لەباردۆخێكی مەترسیداردا بوون.
بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی ئێران، پیس بوونی هەوا لەتاران ساڵانە بەلانیکەمەوە دەبێتە هۆی مردنی ٣٣ هەزار كەس.
ژ.ت