جەزیری بۆتان دژی قڕکردنی کەلتووری بانگەوازی کرد بۆ مەزنکردنی تێکۆشان

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی زمان و کەلتووری برجا بەلەک جاهید ئاکیل ڕایگەیاند هێرش بۆ سەر دامەزراوەکانی زمانی کوردی بەشێکە لە گۆشەگیری ئیمراڵی و بانگەوازی کرد بۆ مەزنکردنی تێکۆشان.

هێرش بۆ سەر دامەزراوەکانی زمان و کەلتووری کوردی

کۆمەڵەی زمان و کەلتووری برجا بەلەک دەربارەی هێرشەکانی ئەم بەیانییە بۆ سەر دامەزراوەکانی زمانی کوردی و دەستبەسەراکردنی مامۆستایانی زمانی کوردی لە ناوچەی جەزیری شەرناخ لەبەردەم بیناکەی ڕاگەیاندراوی خوێندەوە، بەشێک لە ئەندامانی پارت و ڕێکخراوەکان ئامادەبوون، پانکارت و درووشمەکان دژی قڕکردنی کەلتووری بەرزکرایەوە.

 هاوسەرۆکی کۆمەڵەی زمان و کەلتووری برجا بەلەک جاهید ئاکیل ناڕەزایەتی بەرامبەر هێرشەکان دەربڕی، ڕایگەیاند هێرشەکە بەشێکە لە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و داوای کرد کەسە دەستبەسەرکراوەکان ئازاد بکرێن و ڕێگە بۆ ستاتۆ و پەروەردەی زمانی کوردی بکرێتەوە. بانگەوازی لە هەمووان کرد دژی هێرشەکانی سەر زمانی کوردی تێکۆشان مەزن بکەن.

پەرلەمانتاری دەم پارتی شەرناخ، نەورۆز ئویساڵ ڕایگەیاند تا کۆتایی دژی هێرشەکان، تێکۆشان مەزن دەکەن. گوتی: "گەلی کورد بە خاوەندارێتی لە زمان و کەلتوور و دامەزراوەکانی، ئەم هێرشانە پووچەڵ دەکاتەوە".

لەکۆتاییدا درووشمی "بێ زمان ژیان نابێ" و "زمانمان، هەبوونمانە" بەرزکرایەوە.