کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانییدا دەستی پێکرد

شاندی ئیمراڵی کە بۆ کۆبوونەوەکانی لە باشووری کوردستانە، دوای کۆبوونەوەی دوێنێی لەگەڵ مەسعود بارزانییدا، لە بەردەوامی کۆبوونەوەکانیدا ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا دەستپێکرد.

کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی

لە چوارچێوەی سەردانەکانیاندا، شاندی ئیمرالیی دەم پارتی، کە دوای دیدارەکانیان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا  دەستی پێکردووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی باشووری کوردستانیان کرد و ئەمڕۆ، لە باڵەخانەی سەرۆکایەتی هەرێم، سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد و لە ئێستاشدا لە کۆبوونەوەدان.

شاندەکەی ئیمرالی دەم پارتی پێکهاتووە، لە پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامانی سەرەکی شاندی ئیمرالی و پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، ئۆزگور ئەرۆل و ئیبراهیم بیلمەز لە نووسینگەی یاسایی سەدە، بەردان ئۆزتورک، هاووتەبێژی کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی، پەرلەمانتاران گولجان کاچماڵس و مەهمەت کاماچ.

شاندەکە لە میانی سەردانەكەیان بۆ باشووری كوردستان دوینێ یەکەم كۆبوونەوەی خۆیان لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە لە هاوینەهەواری سەڵاحەدین (پیرمام) لە هەولێر ئەنجامدا و سڵاو و پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆیان گەیاندە مەسعود بارزانی.

بڕیاریشە شاندەکە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لە دیوانی پارێزگای هەولێر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی هەولێریان ئەنجام بدەن و پاشان ڕوو لە سلێمانی بکەن و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەنەکە کۆببنەوە.