کەجەدەکە-ئە بەشداری لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان" کرد

کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیکی کوردستانیانی ئەوروپا (کەجەدەکە-ئە) بە ڕاگەیاندراوێک ئاشکرای کرد، بەشدار دەبێت لە هەڵمەتی ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد.

کەجەدەکە-ئە گەورەترین دامەزراوەی کۆکەرەوەی کوردانی دەرەوەی وڵاتە، پشتگیری خۆی بۆ ئەو هەڵمەتە جیهانییە ڕاگەیاند کە دۆستانی گەلی کورد لە ١٠ی تشرینی یەکەم لە زیاتر لە ١٠٠ ناوەندی جیهان دەستیان پێ کرد.

هاوسەرۆکانی کەجەدەکە-ئە، هاوسەرۆکانی کۆن-مەد و هاوسەرۆکانی فیدراسیۆنە گرێدراوەکانی، لە ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کورد لە میونیخ بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.

ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن هاوسەرۆکی کەجەدەکە-ئە، زوبەیدە زومروت خوێنرایەوە، زوبەیدە دووپاتی کردەوە، ئەوان وەک کەجەدەکە-ئە بەشداری کەمپینە نێونەتەوەییەکە دەبن بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: " سڵاو لەو هەڵمەتە دەکەین کە لە ١٠ ی تشرینی یەکەم بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد دەستی پێ کردووە. هەڵمەتی نێونەتەوەیی بازنەی دەوری ڕێبەر ئاپۆیە کە ٢٥ ساڵە لە گۆشەیەکی تاکەکەسی ئیمراڵی زیندانی کراوە، بووەتە گرنگترین خاڵی تێکۆشانمان بۆ ئازادی".

زوبەیدە ئاماژەی کرد بە چالاکی دۆستانی کورد لە ١٠ ی تشرینی یەکەم لە هەموو لایەکی جیهانەوە، گوتی: " لەو بانگەوازانەدا فیکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئەو پارادایمەی کە ئافراندی لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی قبوڵکرا. بۆ هەڵگرتنی هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری سیاسی پرسی کورد، ئەمە هەنگاوی یەکەمە و گرنگییەکی مەزنی هەیە. بۆیە بێگومان، ئەم هەنگاوە یەکلاکەرەوەترین هەنگاوە بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن".

پاشان بانگەوازی لە هەموو ئەنتەرناسیۆنالیستەکان و ئازادیخوازان و نەتەوە و سەندیکا جیاوازەکان و ژن و گەنجان کرد، ببنە قەڵغانێک بۆ پاراستنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاشتی نێوان گەلان، گوتی: " پێویستە ڕێبەر ئاپۆ چاوی بە پارێزەر و بنەماڵەکەی بکەوێت، بۆ ئەوەی ڕۆڵی سیاسی خۆی بگێڕێت، دەبێت لە زیندان ئازاد بکرێت. چارەسەری سەرەکی سەقامگیرکردنی جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوین و کوردستان، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە. وەک کەجەدەکە-ئە بە هەموو هێزمانەوە پشتگیری لە هەڵمەتی نێونەتەوەیی بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد دەکەین کە لە لایەن دۆستانەوە دەستی پێکردووە. گەلەکەمان کە لە ئەوروپا و ئوسترالیا و کەنەدا دەژین، پێکهاتەکانمان، هەموو پێکهاتەکانی خەباتمان، بە دیپلۆماتکارانیشەوە، بە هەموو هێزی خۆیانەوە، ژنان، گەنجان و هەموو جڤاکەکەمان، بەشداربن لە هەڵمەتی ئازادی بۆ ڕێبەر ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد. پێویستە بە خەباتی سیاسی و یاسایی و دیپلۆماسی و جەماوەریی بەردەوام، درێژە بەم هەڵمەتە بدەین. بانگەوازی هەمووان دەکەین بۆ خاوەندارێتیکردن و پێشخستنی ئەم هەڵمەتە".