ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لەسێدارەدانی لە ئێران شەرمەزار کرد

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند کە ئێران لەنێو مانگێکدا لانی کەم ٨٧ کەسی لەسێدارەداوە.

ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند بەرپرسانی ئێران تەنها لە ٧ ی ئابدا ٢٩ زیندانیان بەشێوەی بەکۆمەڵ لەسێدارەداوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا بڕیاری لەسێدارەدانی شەرمەزار کرد و گوتی: "ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ بە هەموو جۆرێک دژی سزای لەسێدارەدانە".

ئێران ماوەیەک پێش ئێستە چالاکوانی کورد ڕەزا ڕەسایی لەسێدارەدا، ڕەزا پاش کوشتنی کچە کورد ژینا ئەمینی لە تاران لە سەرهەڵدانی ساڵی ٢٠٢٢ دەستگیرکرا.

لێکۆڵەری ئێرانی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، ناهید نەقشەبەندی گوتی: "هەرچەند بەرپرسانی ئێران دوایین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریان وەک بەڵگەی گۆڕان نیشان، کەچی هێشتا بە ئاشکرا لەسێدارەدان ئەنجام دەدەن".

حکومەتی ئێران بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناڕەزایەتی ناوخۆیی زۆرجار پەنادەبەن بۆ سزای کوشتن، ئەم سزایە پاش خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان وەک وەڵامێک بەکاردێت، بەگشتی پاش ئەو دۆزانەی بەشێوەیەکی جدی مافی دادی تێدا پێشێل دەکرێت، ئەم بڕیارە دەدرێت.

نەقشەبەندی گوتی: "ئێران سزای لەسێدارەدان پاش دادگای نادادپەروەر دەدات، بەتایبەت سزای لەسێدارەدان بەسەر کەسانی ڕیفۆرمخواز وەک چاوترساندن بەکاردەهێنێت. ئەمەش دەریدەخات حکومەت هێزەکەی بەشێوەی خراپ بەکاردەهێنێت".

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ  ڕایگەیاند بەرپرسانی ئێران لە ٦ مانگی یەکەمی ٢٠٢٤ دا، ٢٤٩ کەسیان لەسێدارەداوە و ١٤٧ کەسیان بە تاوانی پەیوەست بە مادەی هۆشبەر بووە.

هەروەها ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند لە ساڵی ٢٠٢٣ لە ئێران بەگشتی ٨٥٣ کەس لەسێدارەدراون و بەمەش بەپرسیاری ٧٤٪ی سزای لەسێدارەدانە لە سەرانسەری جیهان.