کۆمەڵکوژی پیرسوس گەیشتە ١٠٩ هەمین مانگ

دەسپێشخەریی بنەماڵەکانی پیرسوس لە ١٠٩ هەمین مانگی کۆمەڵکوژی پیرسوس پەیامیاندا: "پێداگرین لەسەر ئەوەی تا بکوژان دادگایی نەکرێن و دادپەروەری دابین نەکرێت، تێکۆشانی دادپەروەری بۆ پیرسوس بەردەوام دەبێت".

کۆمەڵکوژی پیرسوس

دەسپێشخەریی بنەماڵەکانی پیرسوس لە ١٠٩ هەمین مانگی کوشتنی ٣٣ گەنجی سۆسیالیست لە ئەنجامی هێرشی چەتەکانی داعش لە ناوچەی پیرسوسی ڕحا، لەسەر شەقامی خالتیگای کادیکۆی ئیستەنبوڵ چالاکی یادکردنەوەیان ئەنجامدا.

لە چالاکییەکەدا درووشمەکان بەرزکرانەوە، خزمی قوربانیان و بریندارانی کۆمەڵکوژییەکە، پەرلەمانتار و چالاکوانان بەشداری یادەکە بوون.

ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن ئەندامی فیدراسیۆنی کۆمەڵەی گەنجانی سۆسیالیست (سەگەدەفە)، عەدنان ئۆزجان خوێنرایەوە.

ئۆزجان ڕایگەیاند تا ئاشکراکردنی تاوانباران و هاوکارەکانیان تێدەکۆشین.

ئۆزجان دووپاتی کردەوە تەنها ٧ دانیشتن دەربارەی دۆزەکە ئەنجامدراوە، هەندێک لە تاوانباران ئازادکراون، گوتی: "دژی کۆمەڵکوژییەکانی ئامەد و پیرسوس و ١٠ ی تشرینی یەکەمی ئەنقەرە و دیلۆک و هەموو کۆمەڵکوژییەکانی دەستی داعش، وەرن تێکۆشانمان بۆ دادپەروەری بە بانگەوازی "دادپەروەری بۆ هەمووان" مەزن بکەین".

ئۆزجان جەختی کردەوە لە هەموو گۆڕەپانێک تێکۆشانی ٣٣ گەشتیارە گەنجەکە مەزن دەکەین و گوتی: "پێداگرین لەسەر ئەوەی تا بکوژان دادگایی نەکرێن و دادپەروەری دابین نەکرێت، تێکۆشانی دادپەروەری بۆ پیرسوس بەردەوام دەبێت. چونکە ئێمە بەڵێنمان بە ئەوان داوە. لێپرسینەوە لەم کۆمەڵکوژییە دەکەین".