کەنەکە ١ی ئایاری پیرۆز کرد
کەنەکە ١ی ئایار جەژنی کرێکار و ڕەنجدەرانی پیرۆز کرد و بانگەوازی لە کوردستانیان کرد بە جۆشی نەورۆزەوە بەشداری چالاکییەکانی ١ی ئایار بکەن.
کەنەکە ١ی ئایار جەژنی کرێکار و ڕەنجدەرانی پیرۆز کرد و بانگەوازی لە کوردستانیان کرد بە جۆشی نەورۆزەوە بەشداری چالاکییەکانی ١ی ئایار بکەن.
کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە پەیامێک ١ی ئایار جەژنی کرێکار و ڕەنجدەرانی پیرۆز کرد.
پەیامەکەی کەنەکە بەم شێوەیە:
"کرێکاران و ڕەنجدەران بە تێکۆشان و خۆڕاگریی خۆیان، بە ئارەقەی نێوچەوان و ڕەنجی خۆیان ١ ـی ئایاریان کردە ڕۆژی یەکێتیی تێکۆشان و هاوپشتیی کرێکارانی جیهان. ڕۆژی ١ـی گوڵان لە سەرجەم کرێکار و زەحمەتکێشانی کوردستان و دنیا پیرۆز بێت.
ڕۆژی ١ـی ئایار جەژنی هەموو خەڵکی کوردستانە. کوردستانیان سەدان ساڵە لە پێناو ئازادی و ڕزگاری و ژیانێکی ئاسوودە و سەرفراز تێدەکۆشن. ئەم تێکۆشانە خۆی لەخۆیدا ڕەنجێکی گەورە و بەهادارە. لەبەر ئەوە خەڵکی کوردستان کرێکار و ڕەنجدەری ئازادی و ڕزگارین. هەر بۆیە کوردستانیان پێکەوە و بە شانازییەوە ئەم جەژنە پیرۆز دەکەن و بە جەژنی خۆیان دەزانن.
ئەم جەژنە لە تەواوی خەڵک و گەریلا و پێشمەرگە و شەڕڤانان، لە هەموو خەباتکارانی دۆزی ئازادی و ڕزگاری کوردستان پیرۆز بێت.
ڕژێمە سەرکوتکەرەکان، هەمیشە یادی ئەم جەژنەیان قەدەغە کردووە. هەزاران لەمپەر و بەربەستیان خستۆتە بەردەم کرێکار و ڕەنجدەران، تا ئەم ڕۆژە وەک جەژن پیرۆز نەکەن. بەڵام خەڵک بێ سلەمینەوە، بەردەوام درێژەیان بەخەبات و تێکۆشان و ڕەنجی خۆیان داوە و لە دیوی خەباتدا ئەم جەژنەیان کردووەتە حەقیقەت وساڵانە پیرۆزیان کردووە.
گەلی کوردیش هەر لە سەرەتاکانی بوونی ئەم ڕۆژەوە، بە جەژن وەک جەژنی خۆی قەبووڵی کردووە و بە جۆش و خرۆشی زۆرەوە ئاهەنگی بۆ گێڕاوە.
ئەمساڵ بە شێوەیەکی جیاواز ئاهەنگی ١ـی ئایار دەگێڕین. ماوەی چەند مانگێکە لە باکووری کوردستان پڕۆسەی دیالۆگ بەڕێوەدەچێت. تا ئێستا شاندەکان چەندین جار سەردانی دوورگەی ئیمرالییان کردووە و لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان کۆبوونەتەوە. بانگەواز و لێدوانی زۆر کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی نەنراوە. ئامانجی لایەنی کورد چارەسەرکردنی پرسی کوردە لە ڕێگەی ئەم دیالۆگەوە، پێویستە هەموومان هەوڵبدەین ئەم دیالۆگە بگەینینە قۆناغی چارەسەری.
لە لایەکی ترەوە لە سەرەتای ساڵەوە هەنگاوی گرنگ بۆ بەرەوپێشبردنی یەکڕیزی و هاوئاهەنگی لەناو ماڵی کورددا نراوە. ماوەیەکە دیالۆگێکی باش لەنێوان هەموو حزب و ڕێکخراوە کوردییەکاندا هەیە. لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆنفرانسێکی گرنگ بە بەشداریی هەموو لایەنەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو. هەروەها بە هەمان مەبەست لە ئەوروپا کۆنفرانسێک بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو. لە هەردوو کۆنفرانسەکەدا گفتوگۆی بەرفراوان کرا و بڕیاری گرنگ سەبارەت بە یەکێتیی نەتەوەیی درا.
کەنەکە لە هەردوو کۆنفرانسەکەدا بەشداری کرد و چەندین بەرهەمی پێشکەش کرد. بە پێی بڕیاری کۆنفرانسی لۆزان لە ماوەی ئەمساڵدا هەوڵ دەدەین هەمان کۆنفرانس لە هەردوو پارچەی باکوور و باشوور بەڕێوەببەین. لە ئەنجامدا، بە پێی بڕیاری کۆنفرانسی لۆزان هەوڵ دەدەین کۆنفرانسێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی بەرفراوان لە سەرتاسەری کوردستان ئەنجام بدەین.
سەرەڕای ئەم دۆخە، پیلانی دژ بە گەلی کورد لە سەرتاسەری کوردستان بەردەوامە. پڕۆژەکانی دوژمن زۆرن و هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان لە ژێر هەڕەشەیەکی گەورەدان. پێویستە هەموو حزب و ڕێکخراو و هێزە کوردییەکان ئەو ڕاستییە ببینن و بەو پێیە هەڵسوکەوت بکەن. پێویستە هەموو هێزە کوردییەکان یەکڕیزیی خۆیان پتەوتر بکەن و بە یەک دەنگ لە دژی ئەو پیلانانە پێکەوە بوەستن.
کوردستانیان یەکدەنگی و یەکێتیی خۆیان پتەوتر بکەن و لەیەک سەنگەردا دژ بەو پیلانانە بووەستنەوە و پوچەڵیان بکەنەوە.
پێویستە هەموو هێزەکانی کوردستان لەدژی هێرش و پیلانی داگیرکەران بە هەڵوێست بن.
بەم بۆنەیەوە داوا لە هەموو کورد و کوردستانیان دەکەین بە جۆش و خرۆشی جەژنی نەورۆز، لە هەموو شوێنێک بەشداری لە ئاهەنگەکانی ١ـی ئایار بکەن."