کەنەکە: ناهێڵین چرای دەستی ئەو ڕۆژنامەوانانە بکوژێتەوە

کەنەکە شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسانی ژنی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە شەرمەزار کرد و گوتی: "بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە ناهێڵین چرای دەستی ئەو رۆژنامەوانانە بکوژێتەوە".

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە نزیک سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبیلێکی کردە ئامانج، بەهۆیەوە دوو ڕۆژنامەنووسی ژنی کۆمپانیای چەتر (گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین) شەهیدبوون، کۆمیتەی ڕاگەیاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو هێرشەکەی شەرمەزار کرد.

کەنەکە دەڵێت: "دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کە بەردەوام لە دژی خەڵکی کوردستان و شۆڕش و دەستکەوتەکانی هەموو شێوازەکانی شەڕ و سەرکوتکردنی بەکارهێناوە، بەڵام نەیتوانیوە ورەی خەڵک و بەرخۆدانی قارەمانانەی گەلی کوردستان بشکێنێت. پیلان و هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی پووچەڵ کرانەوە و بە ئەنجام نەگەیشتوون. ئەم هێرشەش بۆ سەر رۆژنامەوانان و دەنگی ئازادی خەڵکی کوردستان ئەگەرچی قوربانی گەورەی لێکەوتۆتەوە بەڵام دیسان بێئەنجام ئەمێنێتەوە. رۆژنامەوانانی بوێر و راستگۆ هەمیشە دەنگی راستەقینەی خەلك و مافە رەواکانیان بوون. هەمیشە راستییەکانی داگیرکاری و سەرکوتکردن و ناڕەوایەتییان ئاشکرا کردووە، هەربۆیە شتێکی سەیر نییە کە دەوڵەتێکی داگیرکار و دیکتاتۆرێکی سەردەم لە قەڵەم و کامێرای رۆژنامەان بترسێت".

کەنەکە سەرەخۆشی لە کەسوکار و هاوخەباتەکانی شەهیدان دەکات و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت، دەڵێت: "بە توندی ئەو تاوانە ترسنۆکانەی دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی ئەردۆگان-باخچەلی شەرمەزار و ریسوا دەکەین. بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە ناهێڵین چرای دەستی ئەو رۆژنامەوانانە بکوژێتەوە. درێژە بە تێکۆشانیان لە پێناو ئاشکراکردنی راستینەی فاشیزم و داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا دەدەین."